قەرەیلان: بڕینی خۆراک بەسەر گەریلادا نابێتە کێشە

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕایدەگەیەنێت، کە ٣٥ ساڵە دەیانەێت خواردەمەنی بەسەر گەریلا ببڕن، بەڵام ناتوانن، دەشڵێت "بە ئاشکرا دەڵێم، کە ئەوە نابێتە کێشە بۆ گەریلاکان".


شەوی ڕابردوو موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە میوانی بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی بوو، تێیدا گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و تێکۆشانی گەریلای نرخاند.

قەرەیلان لەبارەی بێدەنگی ڕێکخراوە ئەوروپییەکان بەرامبەر بە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان، وتی: دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا و کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە- سی پی تی، بە هەڵوێستەکانی ئەم دوواییانەیان سەلماندیان، کە هاوبەشن لە سیستمی ئەشکەنجەی سەر ئیمرالی، بە بڕیارەکانیان ڕەوایەتی دەدەن بە سیستمی ئیمرالی، گەلی کورد بانگەوازیی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیان کرد بۆ پرسی گۆشەگیریی، بەڵام 'سی پی تی' گوێی لێ خەواند، هیچ جۆرە زانیارییەک لەبارەی رێبەر ئاپۆ وە بە دەست ناگات و پێشێلکاری ڕاستەوخۆ لەدژی ئەنجام دەدرێت، بەڵام دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا و هەموو ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەدا بێدەنگن، ئەی کوا ئەو مافە مرۆڤانەی باسی دەکەن؟ بۆچی بۆ کورد لە ئارا دا نییە؟ بۆچی بۆ ڕێبەری گەلی کورد ئەو مافانە هەبوونیان نییە؟

لە بەردەوامیدا تیشکی خستە سەر هزری ئۆجالان و، وتی: گۆشەگیرکردنی ئۆجالان گۆشەگیرکردنی تەنیا کەسیاتییەک نییە، گۆشەگیرکردنی گەلێکیش نییە، بەڵکو گۆشەگریکردنی دیموکراسی و ئازادییە، گۆشەگیرکردنی مرۆڤایەتییەکی پێشکەوتوو و گەلانی ژێردەستە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قەرەیلان بەمشێوەیە باسی بەرخۆدانی گەریلا و پیلانەکانی سوپای تورکی کرد: ئیرادەی سوپای تورک لە شەڕدا تێکشکاوە، هێزە تایبەتەکانی سوپای تورک ناتوانن شەڕی گەریلا بکەن، بۆیە هانا بۆ تۆڕە سیخوڕییەکانیان دەبەن، ئەو چالاکییانەی گەریلا کە لەدژی سوپای تورک ئەنجام دەدرێن و پیرۆز دەکرێن، چالاکیی ڕۆتین نین، بەڵکو بە ڕۆح و تەکنیکی سەردەم ئەنجام دەدرێن، لە یەکێک لەم دووایین چالاکییانەدا لە چەلێ، گەریلاکان لە ڕۆژێکدا دوو ئۆتۆمبێلی سوپای تورکیان تێکشکاند، هاوکات لە بارەگای سەربازیی گەمانیاندا، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێبگات چالاکییەکەیان سەرکەوتووانە ئەنجامدا، سوپای تورک ئاماری کوژراو بریندارەکانی دەشارێتەوە.

لە بەردەوامیدا وتی: لە پایزی ٢٠١٦دا دەیانوت، کە نیسانی ٢٠١٧ ناوی پەکەکەش نامێنێت، هەبوونی گەریلا لە ناو گەل دایە، ئەگەر لەو ٣٥ ساڵەدا بیانتوانییایە خواردەمەنی بەسەر گەریلا ببڕن، دەیانکرد، لەم دواییانەدا ئابلوقەی قورسیان خستووەتە سەر دەڤەرەکانی گەریلا، وا قسەدەکەن، دەڵێی کارێکی تازەیان کردووە، بەڵام خۆ ئەوە پێشتریش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هیچیان لێ دەست نەکەوتووە، بە ئاشکرا دەڵێم ئەوە هەرگیز بۆ گەریلا نابێتە کێشە.

لە بەرنامەکەدا موراد قەرەیلان، بەمشێوەیەش باسی عەفرینی کرد: دەوڵەتی تورک ئێستا لە عەفرین پاکتاوی نەژادی دەکات، هەر ئەوانەی لە بەرامبەر گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆدا بێدەنگن، گوێیان لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرینیش خەواندووە، بۆچی؟ دەرکردن و تاڵانکردن و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی عەفرین لە ئارادایە، ئەو کەسانەی لە غوتا ڕایانکردووە هەموو لە عەفرین جێگرکراون، خەڵکی عەفرین لە ماڵ و گوندەکانیان دەردەکرێن، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش تەنیا سەیردەکەن.

لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتی: با گەلەکەمان ئەوە بزانن کە تۆڵەی ئەو کردەوانە لەو هێزە فاشیستانە دەکرێتەوە، لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە گەلەکەمان لە هەر چوار پارچە تێکۆشان بەرفراوان بکەنەوە.

س.ح