هەڵەبجە بووبە خاوەنی كارگەی بەرهەمهێنانی ڕۆنی زەیتون

بۆ یەكەمجار كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ڕۆنی زەیتون لە هەڵەبجە دەستی بەكاركردن كردووە، پلانیش هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ڕووبەری چاندنی زەیتون لە هەڵەبجە زیادبكرێت، پسپۆڕێكی بواری خۆراكیش باس لە سوەكانی ڕۆنی زەیتوون دەكات و دەڵێت، كە بەكارهێنرا نابێت زۆر گەرم بكرێت.


لە شاری هەڵەبجە، ماوەی چەند ڕۆژێكە یەكەم كارگەی ڕۆنی زەیتون دەستی بەكار كردووە، كە لە توانایدا هەیە لە ٢٤ كاتژمێردا ١٢٠ تۆن زەیتون بکات بە زەیت و ڕۆژانە بڕی ٣٥ هەزار لیتر ڕۆنی زەیتون بخاتە بازاڕەوە.

كارگەی ڕۆنی زەیتون لە هەڵەبجە كارگەیەكی كەرتی تایبەتە سەرپەرشتیار و ئەندازیارانی كارگەكە ماوەی چوار مانگە سەرقاڵی كاركردنن بۆ ئەوەی بیخەنە كار، ئەوەش یەكەم كارگەی لەو جۆرەیە، كە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەست بەكار بكات و بەرهەمی زەیتونی باخە زەیتونەكانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت و ڕۆنی زەیتونی لێ بەرهەم بهێنێت.

وەک ڕێبین مەحمود، سەرپەرشتیاری كارگەی ڕۆنی زەیتون لە هەڵەبجە، بۆ ڕۆژنیوزی باسکرد، كردنەوەی ئەو كارگەیە ئەنجامی داواكارییەكی زۆری جوتیارانی سنوورەكە بوو، بۆیە هاندەرێكی باش دەبێت بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان بە گشتیی و جوتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە تایبەت، بۆ ئەوەی كە زەوییەكانیان بە زەیتون بچێنن، چونكە دڵنیان كە لەمەودوا كارگەیەك هەیە بەرهەمەكانیان لێوەردەگرێت و لەبەرامبەردا ڕۆنی زەیتونی سروشتییان پێدەدرێت.

كارگەكە لەتوانایدا هەیە لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا بڕی ١٢٠ تۆن زەیتون لە جوتیاران وەربگرێت، ئەگەر كوالێتی زەیتونەكەش باش بێت، ئەوا ڕۆژانە دەتوانن نزیكەی ٣٥ هەزار لیتر ڕۆنی زەیتون بخەنە بازاڕەوە، بۆ هەر تۆنێك زەیتونیش بڕی ١٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرن و دواتر ڕۆنی زەیتونیان پێدەدەنەوە، هەموو پرۆسەكەش بە بەرچاوی جوتیارەكانەوە ئەنجام دەدرێت.

بە گوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕووبەری ٣٧٨ هەزار دۆنم زەوی بە زەیتون چێندراوە، بۆیە سەرپەرشتیارانی کارگەکە، "پلانی تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا ئەو ڕووبەرە زیادبكەن، ئەوەش بە هاندانی جوتیاران بۆ چاندنی زەیتون لە زەوییەكانیادا".

لەبارەی كاریگەریی بەكارهێنانی ڕۆنی زەیتون لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، د. هەڵگورد عەلی، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە زانستی خۆراك لە زانكۆی پزیشكیی تاران، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: زۆرێك لە كێشە تەندروستییەكانی مرۆڤ و سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر لە جەستەی مرۆڤدا، سەرچاوەكەی بۆ بەكارهێنانی ڕۆن و چەوریی ناتەندروست دەگەڕێتەوە.

ئەو پسپۆڕەی بواری خۆراك، ئاماژەی بە باشیی ڕۆنی زەیتون کرد و وتیشی:"مەرج نییە ڕۆژانە بڕێكی زۆر لە ڕۆنی زەیتون بەكاربهێنین و ترسمان لەوە نەبێت كە زیانی نییە، بەڵكو هەموو خۆراكێك ئەگەر بڕێكی زۆری لێ بەكاربهێنرێت، ئەوا لەبری ئەوەی سوودی هەبێت زیانی دەبێت، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی و بەگوێرەی پێوەری جیهانی، لە كۆی گشتیی دوو هەزار كالۆری، ڕۆژانە مرۆڤێكی ئاسایی پێویستی بە ٤٠٠ تا ٧٠٠ كالۆری هەیە، كە لە چەورییەوە وەریبگرێت، دەشبێت سەرچاوەی ئەو چەورییانە سروشتی بن و دووربن لە ڕۆن و چەوریی دروستكراو".

ئەو پسپۆڕە زانیاریی ئەوەشی دا، كە بەكارهێنانی ڕۆنی زەیتون مرۆڤ لە چەند نەخۆشییەك بەدوور دەگرێت، وەك بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكر، هەروەها زۆربوونی كێشی لەشی مرۆڤ، پێویستیشە لە كاتی بەكارهێنانی ڕۆنی زەیتون لە دروستكردنی خواردنەكاندا، ڕۆنەكە زۆر گەرم نەكرێت بۆ ئەوەی بەها خۆراكییەكانی خۆی لەدەست نەدات، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی مرۆڤەكان هەتا خۆراك و بەرهەمە سروشتییەكان بەكاربهێنن، زیاتر بە دوور دەبن لە گرفتە تەندروستییەكان.

ش.ف