ژینگەی کوردستان بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لەناودەچێت

بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای تورک و ئێران بۆسەر خاکی باشوری کوردستان، جگە لە شەهیدکرادنی هاوڵاتیانی مەدەنی، ژینگەی کوردستانیش زیانی زۆری بەردەکەوێت.


دکتۆر ساڵح نەجیب، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕ لە بواری ژینگەدا، لەبارەی بۆردوومانەکانی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران بۆسەر کوردستان و وشککردنی سەرچاوە ئاوییەکان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و باسی زیانەکانی بۆ سروشت و ژینگەی کوردستان دەکات.

د. ساڵح نەجیب دەڵێت: دەوڵەتانی تورکیا و ئێران بە دروستکردنی بەنداو مێژوو و شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان دەکەنە ئامانج، هەم سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستانیش وشک دەکەن، ئەو شوێنەوارە مێژووییانە بەڵگەیەکی مێژوویین بۆ هەبوونی گەلەکەمان، بە دروستکردنی ئەو بەنداوانە دەیانەوێت مێژووی کورد لەناوببەن، دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو یەکێک لەو نموونانەیە.

ئەو پسپۆڕەی بواری ژینگە تیشکیشی خستە سەر ئەوە، کە ئەو بۆردوومانانە نەک تەنیا گیانی مرۆڤەکان دەستێنن، بەڵکو هەڕەشەی جدیشن بۆسەر سروشتی کوردستان و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دا: بۆردوومان و تۆپبارانانەکان ژینگەی کوردستان لەناودەبەن، هەڕەشەن بۆ سەر سروشت، سەرچاوە ئاوییەکان، لەوەڕگەکان و ژمارەی زیندەوەرانی ژینگەی کوردستان، بە لەناوچوونی ژینگە دەرمانە سروشتییەکان نامێنن.

د.ساڵح وتیشی: ژیانی هاوڵاتیان لە ناوچە چیاییەکانی کوردستان لەسەر بنەمای بەرهەمە سروشتییەکانە، ئەو بۆردوومانانە ئەو بەرهەمانەش لەناودەبەن، لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتیان بە سووتاندنی دارە وشکەکان زستانەکانیان گەرم دەکەنەوە، بەڵام بەهۆی لەناوچوونی ژینگەوە ناچاردەبن، کە گوندەکانیان بەجێبهێڵن و ڕووبکەنە شارەکان، هەروەها ئە بۆردوومانانە دەروونی منداڵان تێکدەدەن و دڵەڕاوکەیەکی بەردەوام دەکەوێتە ناو ژیانیانەوە.

دکتۆر ساڵح نەجیب لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەخنەی لە حکومەت گرت و، وتی: پێویستە حکومەت بۆ پاراستنی ژینگە پرۆژە و پلانی ستراتژیی هەبێت، بە گۆڕینی وەزارەتی ژینگە بە دەستەی ژینگە مافی بڕیاردانی لە ژینگەدا کەم بووەتەوە، ئەوەش دەیسەلمێنێت کە حکومەت تا چەند خەمی ژینگە دەخوات، لە داهاتوویەکی نزیکدا قەیرانی سەرچاوە سروشتییەکان لە کوردستاندا ڕوودەدات، بەڵام حکومەتی هەرێم بۆ ئەو قەیرانانە هیچ پرۆژە و پلانێکی نییە.

بۆردوومانی سیدەکان

 

 

بۆردوومانی سیدەکان

بۆردوومانی قەندیل