کەجەکە: دەبێت پارتی و عێراق لەسەر هێرشەکەی شەنگال ڕوونکردنەوە بدەن

هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە ڕایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان لە شەنگالەوە، گومان دەکرێت کە هێزی نزیک لە پارتی یان حکومەتی عێراق هاوکارییان کردبێت بۆ بە ئامانج گرتنی مام زەکی شەنگالی، ڕاشیدەگەیەنن: گەر دەستی ئەوانی تێدانییە، با بەفەرمی شەرمەزاری بکەن و ڕوونکردنەوە بدەن.


دەربارەی هێرشەکەی دوێنێی سەر شەنگال و شەهید کردنی زەکی شەنگالی، کەمێک لەمەوبەر، هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

کەجەکە لە سەرتای ڕاگەیەندراوەکەیدا یادی مام زەکی شەنگالیی بەڕێزەوە بەرز ڕاگرتووە و بەڵێنی دووبارە کردووەتەوە، کە کوردستان و ئێزدخانی ئازاد پێکبێنێت، کە لە خەونەکانی مام زەکی بوون.

کەجەکە هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، کە هێرشی ئاسمانیی و کردنە ئامانجی مام زەکی شەنگالی بەردەوامیی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤یە، ئەوەش جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە پشتی پەردە و هاندەری هێرشی سەر شەنگال دەوڵەتی تورک بووە.

کەجەکە هەروەها ڕایگەیاند: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شەنگالەوە بە دەستمان گەیشتووە، گومان دەکرێت هێزەکانی نزیک بە پارتی یان حکومەتی عێراق هاوکارییان کردبێت بۆ ئەو هێرشە، سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە ئەو هێڕشە ڕێک پاش سەردانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە ڕوویداوە، مام زەکی زۆر جار وەک نوێنەری خەڵکی ئێزدی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق دیداری کردووە، بەپێی ئەوە حکومەتی عێراق پێویستە لەبارەی ئەو هێڕشەوە ڕوونکردنەوە بڵاوبکاتەوە.

ڕاشیگەیاند: حکومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر شەنگالە، ئایا حکومەتی عێراق بەپێی ڕێککەوتنێک لە ئەنقەرە ڕێگای بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە داوە؟ ڕایگشتی ئێزدی چاوەڕێی ڕاگەیەندراوی حکومەتی عێراقە لەو بارەیەوە، ئەگەر حکومەتی عێراق و پارتی پەیوەندییان بەو هێرشەوە نییە، پێویستە بۆ ڕایگشتیی ئاشکرا بکەن و ئەو هێرشە شەرمەزار بکەن، هەروەها ناڕەزایی دەرببڕن لەدژی دەوڵەتی تورک.

کەجەکە هەروەها ڕایگەیاندووە، کە لەبەرامبەر پێشێلکردن و بەزاندنی سنوورە ئاسمانییەکانی شەنگال، ئەمریکا، پارتی و عێراق بەرپرسیارن، ئەو فڕۆکەیە سنوورە ئاسمانییەکانی بڕیوە، چونکە ڕێگای پێدراوە، ئەوانەی نەیانتوانی ڕێگری بکەن لە هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال، لەو هێرشەدا هاوکاریی دەوڵەتی تورکیان کردووە، ئەگەر نایانەوێت لەوە زیاتر بەشداربن لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی ئێزدیدا، پێویستە سنوورە ئاسمانییەکانی شەنگال بەرەو دەوڵەتی تورک دابخەن.

لە بەردەوامیدا کەجەکە تیشکی خستووەتە سەر کشانەوەی هێزی گەریلا لە شەنگال و ڕایگەیاندووە، کە لەکاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار خۆیان گەیاندە شەنگال و بەرگرییان لە خەڵکی ئێزدی کرد، پاشان هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە بۆ بەرگری لە خەڵکی ئێزدی دامەزران، هەپەگە و یەژاستار ڕایانگەیاند، کە ئەگەر هێرش بکرێتەوە سەر شەنگال ئامادەن بۆ بەرگری لە خەڵکی ئێزدی و پاشان گەریلاکانیان لە شەنگال کشاندەوە، هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر شەنگال لەپاش کشانەوەی گەریلاکان لە شەنگال، دەیسەلمێنێت کە دەوڵەتی تورک بەتەمای قڕکردنی خەڵکی ئێزدییە، دەیەوێت کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان کە لە باکوری کوردستانەوە دەستیپێکرد لە شەنگال کۆتایی پێبێنێت.

لەکۆتاییدا کەجەکە ڕایگەیاند: کاتێک چەتەکان هێرشیان کردە سەر شەنگال مام زەکی خۆی گەیاندە شەنگال و پێشەنگایەتی خەڵی شەنگالی کرد بۆ بەرگری لە هەبوونیان، بۆ ڕێکخستنی خەڵکی ئێزدی شەو و ڕۆژ تێکۆشانی کرد، هەڤاڵ زەکی شەنگال ٣٥ ساڵ تێکۆشانی کرد و بوو بە یەکێک لە پێشەنگەکانی کۆمەڵگای ئێزدی، بانگەوازیی هەموو کۆمەڵگای ئێزدی دەکەین کە لەدژی ئەو تاوانە ناڕەزایی دەرببڕن و سەرهەڵدەن، بانگەوازیی هەموو گەنجانی ئێزدی لە سەرتاسەری جیهانیش دەکەین، کە بەشداری ڕیزەکانی یەبەشە و یەژەشە بن و خەونەکانی مام زەکی و ڕێبەر ئاپۆ لەبارەی شەنگالەوە بەدیبێنن.

س.ح