عەفرین، سوپای تورک و چەتەکانی چەکی قورس دژ بەیەک بەکاردێنن

سوپا و چەتەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی قورس دژ بە یەک شەڕ دەکەن و کوژراو و برینداریان هەیە.


لە سەرەبەیانی دوێنیەوە لە ناوەندی شاری عەفرین لە نێوان سوپای دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەربە تورکیا شەڕ دەستیپێکردووە، شەڕەکە دوای ئەوە ڕوویدا کە سوپای تورک فەرمانی پاکتاوکردنی چەتەکانی ئەحرارشەرقیە و گروپێکی چەتەی بە ناوی شاعتات دەرکرد.

شەڕەکە لە زۆربەی کۆڵانەکانی شاری عەفرین، مەیدانی نەورۆز لەسەر ڕێگای ناوچەی ڕاجۆ، کۆڵانی ڤێلا و گەڕەکی عەفرینی کۆن داگیرساوە.

بەگوێرەی سەرچاوە هەرێمیەکان کە بۆ ئاژانسی هاوار باسیان کردووە، کوژراو و بریندار لە هەردوولا هەیە، ڤیدیۆی و وێنەی شەڕ و تەرمی چەتە و سوپای تورک لە هەندێک ماڵپەڕ بڵاو بوونەتەوە.

لە شەڕەکە منداڵێک بریندار بووە

لە شەڕی نێوان سوپای دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەربە تورکیا لە عەفرین منداڵیکی ١٠ ساڵان لە گەڕەکی مەحمودیە بە پارچەی تۆپ بریندار بوو و گوێزرایەوە نەخۆشخانە.

لەو شەڕەدا، کە لەناو ژینگە و زاروزەوی خەڵک ڕوودەدات، تۆپ و چەکی قورس بەکار دێت.

ش.ف