"پەکەکە لە سنورێکی دیاریکراودا تێکۆشانی نەکردووە"

پێکهاتە جیاوازەکانی شارۆچکەی کەلار بە گرنگییەوە باس لە مێژوو و خەبات و دەستکەوتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، کە پەکەکە بۆتە چەترێک بۆ سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان و ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە یەکخستنی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیخوازییدا.


بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەگایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، ٢٧ ی ئەم مانگە پێ دەنێتە قۆناغی ٤١ ساڵەی دامەزراندنی، لەو بارەیەوە پێکهاتە جیاوازەکانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، سەبارەت بە مێژوو و گرنگی و هەنگاو و دەستکەوتەکانی ئەو پارتە بۆ گەلی کورد و ناوچەکە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.  

حەمید ڕەشید، هاوڵاتییەکی کاکەیی، بۆچوونی وایە: پەکەکە یەکێکە لە پارتە شۆڕشگێڕەکان کە خاوەن پرۆگرامێکی نەتەوەییە لەسەر ئاستی کوردستان، بە ئامانجی یەکخستنی سەرجەم پارتە کوردییەکان و پێکهێنانی قەوارەیەکی کوردی لەسەر بنەمای دیموکراسییەت و دیاریکردنی مافەکانی مرۆڤ.

ئەو هاوڵاتیە کەکەییە باسی لەوەش کرد: باشترین دەلیلیش بۆ ئەم ڕاستییە ئەوەیە، کە ئەم پارتە لە سنورێکی دیاریکراودا تێکۆشانی نەکردووە، بەڵکو لە هەر چوار بەشی کوردستان بێ جیاوازی تێکۆشانی کردووە، تێکۆشەرانی ئەم پارتە ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە شەڕی دژ بە داعش لە پاراستنی جەلەولا و کەرکوک و داقوق.

وتیشی: ئێمەی کاکەیی خۆمان بە قەرزاری پەکەکە دەزانین، لە پاراستنمان لە هێرشەکانی داعش لە ناوچەی کەرکوک و داقوق بەتایبەتی، یەکێک لە سیما تایبەتییەکانی ئەم پارتە کە جێگای شانازی بێت بۆمان ئەوەیە، کە سەرجەم ئاین و پێکهاتە و نەتەوە و چینوتوێژەکانی کۆمەڵگا بەبێ جیاوازی تیایدا بەشدارن.

هەروەها عەتا حەمە ساڵەح، مافپەروەر باسی لەوە کرد: ٢٧ی ئەم مانگە یەکێکە لە ڕۆژە پرشنگدارەکانی گەلەکەمان، کە بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی گەلی کورد پەکەکە، پێدەنێتە قۆناغی ٤١ ساڵەی خۆیەوە، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانە لەپێناو گەلی کورد و تەواوی ناوچەکەدا.

ئەوەشی وت: توانیویەتی پارسەنگێکی باش بۆ مێژووی گەلی کورد ڕابگرێت، هەروەها لە شەڕی تیرۆریستی جیهانیدا ڕۆڵی گەورەیان هەبووە و خاوەن قوربانی زۆرن. 

ک.ک