هەزار هێکتار لە دارستانەکانی مەریوان سووتان

ژینگەپارێزانی شاری مەروانی سەربە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، کە لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا هەزار هێکتار لە دارستانەکانی دەوروبەری ئەو شارە سووتێندراون.


هاوڵاتیان و ژینگەپارێزان باوەڕیان وایە، کە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا بە ئەنقەست ئەنجام دەدرێت و ئاشکراشیان کردووە، کە جگە لە هاوڵاتیان و خۆبەخشەکان هیچ ناوەندێکی پەیوەندیداری حکومی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی نەداوە.

عرفان حسێنی، یەکێک لەو ژینگەپارێزانە بە ئاژانسی هەواڵی ئیلنای ئێرانی ڕاگەیاندووە، کە بەرپرسانی حکومی و بەتایبەتی قائیمقامییەتی مەریوان کەمتەرخەمن بەرامبەر بەو کارەساتە ژینگەییە.

ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەئەنقەستبوونی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پشتڕاست کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل مەنوچێهری، سەرۆکی فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی مەریوانیش ڕایگەیاندووە، کە ٩٠٪ی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکان بە ئەنقەست ڕوودەدەن.

س.ح