حەشدى شەعبى گوندێکى ڕادەستى  ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال کردەوە

 هێزەکانی حەشدی شەعبی گوندی سیبا شێخ خدر-ی سەر بە شەنگالیان ڕادەستی یەکینەکانی ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال کردەوە، کە پێشتر لە چەتەکانی داعشیان پاککردبووەوە.


ئەمڕۆ، هێزەانی حەشدی شەعبیی، بە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیی، گوندی سیبا شێخ خدر-یان ڕادەستی ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال کردەوە، کە لە مانگی گوڵانی ۲۰۱۷ لە چەتەکانی داعشیان پاککردبووەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، کە لە ناوەندی گوندی سیبا شێخ خدر ڕێکخرابوو، ئەبو ئەدیب، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە قسەیکرد و تێیدا ڕادەستکردنەوەی گوندەکەی لە کۆمەڵگای ئێزدی پیرۆزکرد و وتی: ئێمە خۆشحاڵین بەوەی گەلی ئێزدی هاتوونەتەوە سەر خاک و گوند و ناوچەکانی خۆیان و بەڕێوەی دەبەن، هیواداریشین، کە چیتر گەلی ئێزدی ڕووبەڕووى ئاوارەیى نەبنەوە.

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی، باسی لە بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەبەشە-ش کرد و وتی: ئەوه چوار ساڵە یەبەشە شەڕ بۆ کۆتاییهێنان بە چەتەکانی داعش دەکات، ئێمە هیچکاتێک ڕەنجی یەبەشە لەبیرناکەین.

دواتر عارف شەنگالی، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە، وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا سوپاسی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد، لەپای ڕادەستکردنەوەی گوندەکە، جەختیشیکردەوە: بەهێزی خۆمان ئەو گوند و ناوچانە دەپارێزین، کە ڕادەستمان کراوە.

پاشان لەسەر ناوی دانیشتووانی گوندی سیبا شێخ خدر، قەندیل شەنگالی وتارێکی پێشکەشکرد و داوای لە ئاوارەکانی گوندەکە کرد، کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، کە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شەنگال، خزمەتگوزاریی بگەیەننە ناوچەکه.

 گوندی سیبا شێخ خدر دەکەوێته باشوری شەنگال و لە مانگی گوڵانی ۲۰۱۷ هێزەکانی حەشدی شەعبی بەهوکاریی هێزەکانی یەبەشە، لە چەتەکانی داعشیان ڕزگارکرد.

د.ع