بووکی پرچ زەردی گۆران هەموو ساڵێك جوانیی خۆی دەنوێنێت

سروشت بە ڕەنگە ئاڵوواڵاکانی پاییز خۆی دەنوێنێت، بە زەردبوون و گەڵاڕێزانی، تابلۆیەکی جوان لە چاوی هەریەک لە ئێمە دروست دەکات، وەک چۆن گۆرانی شاعیر وتویەتی: پایز پایز، بووکی پرچ زه‌رد، من مات تۆ زیز، هه‌ردوو هاوده‌رد، من فرمێسکم، تۆ بارانیت...


لە ٢٣-ی ئەیلول، یەکەمین ڕۆژی وەرزی پاییز دەست پێدەکات، دەشتودەر، شار و گوند، بە سیمای زەرد و بارانی تاو تاو خۆیان دەڕازێننەوە و پێشوازیی لە خەزانی ساڵ دەكەن.

 پایز، وەرزێك كە تاکەکان، نووسەر و شاعیر و وێنەکێش، تەنانەت فۆتۆگرافەرەکان خەیاڵەکانیان تێدا وێنا دەکەن.

لە پایزدا، زۆرێک لە دارەکان گەڵاکانیان دەوەرێت، خۆیان ڕووت دەبنەوە و بەگەڵاكانیان زەوی دادەپۆشن، هێدیی هێدیی پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە، ڕۆژیش لە بەرامبەر شەو كەمێك دەنوشتێتەوە و شتێك لە تەمەنی خۆی دەداتێ، تا ئەو کاتەی ئەم وەرزە تەمەنی خۆی تەواو دەکات و پێشوازیی لە وەرزێکی تر دەکات.

بە هاتنی پایز، هەوارنشیینەکان ڕوودەکەنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان، ئەوەی کە هاوین کۆیانکردووەتەوە لە پایز و زستاندا بەکاریدەهێنن، هاوکات بەشێک لە باڵندەکانیش هێلانەیان دەگوازنەوە بۆ ناوچە گەرمەسێرەکان.

وەرزی پایز تەنیا جوانیی بە سروشت، مرۆڤ و زەوی نەبەخشیوە، بەڵکو كاریگەریی لەسەر هەستی شاعیران و نووسەرانی دونیای ئەدەبیات دروستكردووە و بووەتە هەوارگەیەک بۆ دەردەدڵی هەریەک لە خاوەن قەڵەمەکان.

وەک چۆن گۆران-ی شاعیر، بۆ پایز، خەم و شادی یەکانگیرکردووە و لە چەند دێرێکدا وەها دەدوێت:

پایز! پایز!

بووکی پرچ زەرد!

من مات، تۆ زیز :

ھەردوو ھاودەرد!

من فرمێسکم، تۆ بارانت؛

من ھەناسەم، تۆ بای ساردت؛

من خەم، تۆ ھەوری گریانت،

دوایی نایە: دادم ، دادت،

ھەرگیز، ھەرگیز،

پایز! پایز!

پایز! پایز!

شان و مل رووت،

من مات، تۆ زیز،

ھەردووکمان جووت

ھەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگریین

ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگریین،

پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگرین،

بگریین ... بگریین ... چاومان نەسڕین،

ھەرگیز، ھەرگیز،

پایز! پایز!

ش.ف