لە ڕیفراندۆمەوە بۆ شەڕکردن لە سەر سەرۆک کۆماریى عێراق

ساڵێک لەمەوبەر بە پێشەنگایەتى پارتى دیمورکراتى کوردستان-عێراق، ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و بانگەشەى سەربەخۆیى و جیابوونەوە لە عێراق دەکرا، بەڵام ئێستا یەکێتى و پارتى، ناکۆکییەکى قوڵ لە نێوانیاندا دروستبووە لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق.


ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان تێدەپەڕێت، هەرچەند پێش ئەنجامدانى ڕیفراندۆم، بەرپرسانى هەرێم ئامادە نەبوون لەگەڵ بەغدا دانیشتن ئەنجام بدەن و بەگفتوگۆ کێشەکانى نێوانیان چارەسەر بکەن، بەڵام ئێستا گفتوگۆ و دانوستان لە بەغدا بە تاکە ڕێگە دەزانن.

هەنگاوەکانى ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم

مەسعود بارزانى، ماوەى ١٢ ساڵ لە پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا بوو، هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیکبوونەوەى جەژنى نەورۆزدا دەنگۆى ئەوە بڵاو دەرکرایەوە کە لە نەورۆزدا بارزانى بڕیارى سەربوخۆیى کوردستان دەدات، بەڵام ئەو بڕیارە هەر نەدرا هەتاوەکو ساڵى ٢٠١٧ و هەرجارێک کە بارزانى وتارى نەورۆزى دەدا دەیوت کە هێشتا کاتى نییە.

بارزانى لەساڵى ٢٠١٧، دەستى بە ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم کرد، هەرچەند چەندین کێشەى ناوخۆیى لە هەرێمى کوردستاندا هەبوو لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا و ماوەى دوو ساڵ بوو دەرگاى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لەلایەن پ-د-ک،وە داخرابوو بەڵام بارزانى پشتى کردە کێشە ناوخۆییەکان و دەستى بە ئامادەکارى کرد بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم.

بۆ دیاریکردنى ڕۆژى ڕیفراندۆم ٧/٦/ ٢٠١٧ مەسعود بارزانى، لە گەڵ نوێنەرى پارتە سیاسییەکان  بێجگە لە بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى لە پیرمام کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ٢٥/٩/٢٠١٧ ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت.

لەدواى ئەم بڕیارە نوێنەر و کونسوڵەکانى وڵاتان دەستیان کرد بە ئەنجامدانى دیدار لەگەڵ مەسعود بارزانى، بۆ ئەوەى ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێت، ئەو نوێنەر و کونسوڵانە بە بارزانییان دەوت، کە عێراق و باشورى کوردستان لەناو شەڕى داعشدایە، بۆیە کاتى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم نییە، داوایان دەکرد، کە ڕیفراندۆم دوابخرێت، بەڵام ئەنجومەنى باڵاى ڕیفراندۆم کە لەلایەن بارزانییەوە سەرۆکایەتى دەکرا، سووربوون لەسەر ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بۆیە لە ڕۆژى ٢٥/٩/٢٠١٧ دا ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا.

بڕیارى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم برایە پەرلەمان

زۆربەى لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدابوون کە بڕیارى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لەلایەن پەرلەمانەوە بدرێت، هەروەها بارزانی-ش بۆ ئەوەى، کە بەرپرسیارێتى شکستى ڕیفراندۆم بە تەواوى نەکەوێتە ئەستۆى بڕیارى کردنەوەى پەرلەمانى دا و یەکێتى و پارتى پێکەوە لە مانگى ٨ى ساڵى ٢٠١٧ دا، لەدواى دووساڵ لە داخستنى دەرگاى پەرلەمانیان کردەوە و لە دانشتنێکى نائاسایى پەرلەماندا لە ڕۆژى ١٥/٩/٢٠١٧ بەبێ بەشداریکردنى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان، بڕیار بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم دەرکرا.

فشارەکان زیاد دەبن

دواى ئەوەى، کە ڕۆژى ڕیفراندۆم لە پەرلەمانەوە بڕیارى لێدرا، وڵاتانى دراوسێ و جیهان، بەشێوەیەکى ئاشکرا ڕایانگەیاند، کە پشتگیرى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم ناکەن و کوردى باشورى کوردستان دەبێت خۆیان بەرپرسیارێتیی کاردانەوەکانى ڕیفرامدۆم بگرنە ئەستۆ، هەندێک وڵاتیش بە ئاشکرا هەڕەشەیان دەکرد لە هەرێمى کوردستان.

 دەوڵەتى تورک، کە بارزانى بە دۆستى نزیکى خۆى دەزانى و لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستاندا ڕێککەوتنى ٥٠ ساڵەى هەبوو،  لە هەموو وڵاتان زیانر هەڕەشەى لە هەرێمى کوردستان دەکرد، بگرە سەرۆک کۆمارى تورکیا، سوکایەتى بە شەخسى بارزانى دەکرد و دەیوت کە ئێمە سنور دابخەین ئێوە دەمرن لە برسا و جل نابێت لە بەریبکەن.

کاردانەوەکان دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم

لەگەڵ هەموو فشارەکاندا، ئەنجومەنى بالاى ڕیفراندۆم، کە لەلایەن بارزانی-یەوە سەرۆکایەتى دەکرا، سووربوون لەسەر ئەنجامدانى ڕیفراندۆم، بۆیە ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩/ ٢٠١٧ دا ئەنجام دراو دەنگى بەڵێ لە ڕیفراندۆمدا سەرکەوت.

ڕاستەوخۆ دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم، حەیدەر عەبادى، سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، کە ئەنجامى ڕیفراندۆم قبوڵناکەن و پێویستە ئەنجامى ڕیفراندۆم هەڵبووەشێتەوە، هەروەها کەوتە ئەنجامدانى فشارى سیاسى بۆسەر هەرێمى کوردستان، بە بڕیارێک لە ڕۆژى ٢٩/٩/٢٠١٧ دا گەشتى هەردوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و سلێمانى ڕاگرت، هەروەها دەستى کرد بە سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتانى تورکیا و ئێران، بۆ ئەوەى خاڵە سنورییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان-دا دابخەن و هاوکارى حکومەتى عێراق بکەن لە شکستپێهێنانى ڕیفراندۆم-دا.

ڕیکس تیلەرسن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ئەوان ئەنجامى ڕیفراندۆى هەرێمى کوردستان ناناسن، تورکیا و ئێرانیش ڕایانگەیاند، کە هاوکار و پشتیوانى حکومەتى ناوەندى عێراق دەبن بۆ شکستپێهێنانى ڕیفراندۆم، بۆ ئەوەش ئێران بۆ ماوەیەک سنورەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان داخست، تورکیاش فشارى ئابورى و سیاسى بۆ سەر هەرێمى کوردستان دروستکرد.

لە ١٦/١٠/٢٠١٧ دا هێزە عێراقییەکان و حەشدى شەعبى، بە فەرمانى حەیدەر عەبادى، سەرۆک وەزیرانى عێراق، هێرشیان کردە سەر پارێزگاى کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، لەماوەى دوو ڕۆژدا هەموو ئەو ناوچانە لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە چۆڵکرا، بەوەش هەرێمى کوردستان ٥٢%ى ئەو خاکەى لەدەستیدا بوو لەدەستیدا، دانیشتوانى کوردى ئەو ناوچانە ڕووبەڕووى کوشتن و گرتن و لەدەستدانى ماڵ و موڵکو ئاوەرەبوون بوونەوە.

هەموو ئەو فشارانەى کە دروستبوو لە هەرێمى کوردستان، وایکرد، کە لە ٢٧/١٠/ ٢٠١٧ بە بڕیارى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجامى ڕیفراندۆم سڕکرا.

لەدواى ئەو بریارە، حەیدەر عەبادى، ڕایگەیاند، کە بە بڕیارى سڕکردن، ڕازى نابن و پێویستە ئەنجامى ڕیفراندۆم بە تەواوەتى هەڵبووەشێتەوە، بەڵام لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپاوە فشار خرایە سەر حەیدەر عەبادى، بۆ ئەوەى بە بڕیارى سڕکردنى ڕیفرامدۆم ڕازى بێت و دەست لە بایکۆتى  گفتوگۆکردنى سیاسى هەڵگرێت لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان.

یەکێکى دیکە لە ئەنجامەکانى ڕیفراندۆم ئەوەبوو، کە لەکۆتایى مانگى ١٠ى ٢٠١٧ دا مەسعود بارزانى، دەستى لە پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەردا و دەسەڵاتەکانى بەسەر سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و دەستەى دادوەرى و پەرلەمانى هەرێمى کوردستاندا دابەشکرا.

هەرچەند وڵاتانى دەرەوە و ولاتانى دراوسی، ڕۆڵیان هەبوو بۆ ئەوەى ڕیفراندۆم شکستبهێنێت، بەڵام چاودێران هۆکارى سەرەکى شکستهێنانى ڕیفراندۆم بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە مەسعود بارزانى، نەیتوانى پێش ئەنجامدانى ڕیفراندۆم یەکڕیزى نێو ماڵى کورد دروستبکات و کێشەى پارتەکەى لەگەڵ لایەنەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکات، هەروەها نەیتوانى لەبرى ئەوەى پشت بە دەوڵەتانى دراوسێ ببەستێت بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم هەوڵى یەڕیزى کورد و یەکێتى نەتەوەیى کورد بدات و پشت بەهێز و لایەنەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان ببەستێت.

ئێستاش کە ساڵێک بەسەر ئەنجامدانى ڕیفرامدۆمدا تێەڕیوە، هەموو لایەنەکان گەڕاونەتەوە بۆ بەدەستهێنانى پلەو پۆست لە حکومەتى داهاتووى عێراقدا، پ-د-ک، کە پێشەنگایەتى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى دەکرد لەگەڵ ى-ن-ک،دا ناکۆکى قوڵ کەوتووەتە نێوانیان لەسەر ئەوەى کێ پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق بەدەست بهێنن.