لە هەولێر 9 تۆمەتبار دەستگیر کران

لە هەولێر نۆ تۆمەتبار دەستگیرکران، کە لەناویاندا گروپێکی هاوڕەگەزخوازی تێدایە و سەرۆکەکەی خۆیان سوتاندووە.


ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی نۆ تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو تاوانیان ئەنجامداوە.

بەوتەی عەبدولخالق تەلعەت، دوو لە دەستگیرکراوەکان پەیوەندییان بە شەڕەکەی ناو ئاهەنگی بوک و زاواکەی کەسنەزان هەبووە، کە لەسەر سەرچۆپی بووبوو بە شەڕیان و دوو کەسی تێدا کوژرا، وتیشی: دوو تاوانبار خۆیان رادەستی پۆلیس کردووە  ودوانی دیکەشیان هەتا ئێستا دەستگیرنەکراون.

وتیشی: ئەو باوکەش دەستگیرکراوە، کەبە سەرخۆشیی کوڕەکەی خۆی کوشت.

عەبدولخالق تەلعەت، ئاشکراشیکرد، کە شەش کەسی دیکە دەستگیرکراون بەهۆی تاوانی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام  جۆری تاوانەکەی ئاشکرا نەکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە وەریگرتووە، ئەو شەش کەسە گروپێکی هاوڕەگەزخواز بوون، کە پێنجیان نەوجەوانن و دوای ئەوەی لەناوخۆیاندا بووە بە شەڕیان، سەرۆکی گروپەکەی خۆیان سوتاندووە.

ش.ف