شەوچەرەیەکی کوردەواری لە شارەدێی باوەنوور بەڕێوەچوو


ڕۆژنیوز - بەرهەم لەتیف

گروپێکی گەنجی خۆبەخش، لە شارەدێی باوەنوور، شەوچەرەیەکی کوردەوارییان ڕیکخست و تیایدا چەند یارییەکی کوردەواری بەرهەمی هونەری پێشکەش کرا.

کاتژمێر ٩ی شەوی ڕابردوو، لە شارەدێی باوەنووری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، گروپێک گەنجی خۆبەخشی شارۆچکەکە، هەستان بە ڕێکخستنی شەوچەرەیەکی کوردەواری.

لە شەوچەرەکەدا چەند یارییەکی وەک کڵاوێن و نۆڕسکێن ئەنجامدران، هەروەها چەندین گۆرانی و بەرهەمی هونەری و هۆرەی جافیان چڕی.

مەولود مەحمود، یەکێک لە ڕێکخەرانی چالاکییەکە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"لەبەرئەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزانە و نزیک دەبینەوە لە جەژنی ڕەمەزان، هەستاین بە ئەنجامدانی ئەم شەوچەرەیە، کە چەند یارییەکی کوردەواری لەخۆ گرتبوو، جەماوەری شارەدێکەش پێشوازییەکی باشیان لە چالاکییەکە کرد".

مەولود، وتیشی:"ئامانجمان لەم چالاکییە، خۆشی خستنە دڵی ئامادەبوان بوو، ئەم یاریی و چالاکییانەشی کە ئێمە پێشکەشمان کرد، ئێستا تاڕادەیەک لەناو خەڵکدا کەم بووەتەوە، ئەم یارییانەش لە ڕابردوودا شەوانە لە ماڵاندا ئەنجام دەدرا".

سەرتیب حەبیب، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارەدێی باوەنوور، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"ئەم کلتورە کوردەوارییە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و گەشتووە بە ئێمە، ئێمەش بەم شێوازە دەمانەوێت نەوەی نوێی پێ ئاشنا بکەین، هیوارادرین ئەم چالاکییانە پەرەی پێ بدرێت و بە زیندووی بهێڵرێنەوە".

د.خ