ڕێکخراوەکان هەوڵی کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن


ڕوژنیوز - ڕێزان محەمەد

ڕێکخراو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەپێناو کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژییەکان، کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی ئاسودە، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پیشەییەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ دۆزینەوەی ڕێوشوێنی پێویست بوو لە پێناو کەمکردنەوەی توندوتیژی و کێشە کۆمەڵایەتیەکان کە ماوەیەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردەوە.

لە کۆپونەوەکەدا نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەندامانی پەرلەمان و ڕێکخراوە پیشەییەکان و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی و پۆلیسی کۆمەڵگەی و مامۆستای زانکۆ و داواکاری گشتی ئامادە بوون.

سەرەتای کۆبوونەوەکە کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان وتی: دەمەوێت باسی ڕۆڵی میدیاکاران بکەم کە چی بکەین تا ڕێگری لەم کێشانە بکەین، بۆیە دەکرێت ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی باش ببینێت لە کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان باسی لە چەند کێشەیەکی ئەلیکترۆنی کرد کە ئەوانیش بەرپرسن لەبەرزبوونەوەی کێشەکان، لەو بارەیەشەوە ڕایگەیاند: هاک کردن و ناوزڕاندن لە دەزگا ئەلیکترۆنییەکان هۆکارێکی ترن بۆ زیادبوونی کێشەکان.

گەشە دارا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە کۆبۆنەوەکەدا وتی: لە کاتێکدا ئێمە یاسای توندوتیژیمان لە پەرلەمان دەرکرد، هاتین سزایەکی سوکمان دانا، چونکە ئەوانەی زیاتر توندوتیژی ئەنجام دەدەن لە ڕەگەزی پیاوانن، ئەمەش بۆ ئەوە بوو خێزانەکان بێ سەرپەرشت نەمێننەوە، بەڵام ئێستا دەبینین بەهۆی ئەم سزا سووکەوە، سزاکان نەبوونە هۆی کەمکردنەوەی کێشەکان، ڕۆتینات و هەموار نەکردنەوەی هەندێک یاساکان هۆکاری هەندێک لە کێشەکانن.

حسام بەرزنجی، سەرۆکی ڕێکخراوی کیدۆ لە کۆبوونەوەکەدا وتی: توندوتیژییەکان هەر بەردەوامە و بۆچی ئامار هەر لە بەرزبوونەوەدایە، بۆ نەهێشتنی توندوتیژیش پێویستە پلانێک هەبێت و ڕاگەیاندن و دەزگا پەیوەندیدارەکان و مزگەوت و کڵێسەکانیش بەشدار بن، وتیشی سەروەرنەبوونی یاسا بەشێکی تری کێشەکانە و کەس هەیە فەرمانی گرتنی هەیە و ناگیرێت.

بەختیار عەلی، داواکاری گشتی لە کۆبوونەوەکەدا وتی: تاکو ئێستا لای ئێمە هەر بە یاسای ١٩٧٩ کار دەکرێت، دەبێت ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە، ئەو یاسایە بۆ کاتی خۆی گونجاو بوو، بەڵام بۆ ئێستا نەگونجاوە، داواکاری گشتی پەیوەندی بە کۆمەڵێک دامودەزگاوە هەیە، دەبێت هەموو دامودەزگاکان هاوکاری یەک بن و ئێمەش ئەوەی پێویست بێت کردومانە.

ئەمەل جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمانیش چارەسەرەکانی خستەڕوو، لەو بارەیەوە وتی: دەبێت فشار بخرێتە سەر هەر پێنج حزبەکە، چونکە هەندێک لە کێشەکان پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەیە، کە توندوتیژییەکان تەنها چەکداریی نییە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووان چەند چارەسەرێکی تریان خستەڕوو، لەوانە پێویستە لەمەودوا لە ڕێگەی مامۆستایانی ئاینی و مزگەوتەکانەوە هۆشیاری کۆمەڵایەتی بڵاوبکرێتەوە، هەروەها ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە هۆکارێکی ترە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان خرایەروو، چونکە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دایکی تاوانەکانە، هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تاک لە ڕێگای میدیاکانەوە خاڵێکی تری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە بوو.

د.خ