ئەمریكا: لە توركیاوە چەكدار دەچنە ڕیزی چەتەكانی داعشەوە

ئەمریكا نیگەرانە لەوەی تا ئێستا لە ڕێگەی توركیاوە چەكداری نوێ دەچنە ڕیزی چەتەكانی داعشەوە لە سوریا.


لەو بارەیەوە، جۆزێف دانفۆرد سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئەمریكا، لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە ڕوبەڕوبوونەوەی توندڕەوی، كە لە بنكەی ئاسمانیی 'ئاندرۆز' لە ویلایەتی مێریلاند-ی ئەمریكا بەڕێوەچوو، ئاشكرایكرد، تا ئێستا چەكداری نوێی بیانی دەچنە ڕیزی چەتەكانی داعشەوە لە سوریا.

دانفۆرد وتی: لەماوەی مانگی ڕابردوودا ١٥٠٠ چەكدار پەیوەندییان بە چەتەكانی داعشەوە كردووە، كە زۆربەیان لەڕێگەی توركیاوە چوونەتە خاكی سوریا.

سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئەمریكا نیگەرانیی واشنتۆنی نەشاردەوە لەبارەی بەردەوامبوونی پەیوەندییكردنی چەكدارانی بیانی بە چەتەكانی داعش لە ڕێگەی توركیاوە.

دانفۆرد باسی ئەوەشیكرد، كە زۆرجار وڵاتان ئامادەنین ئەو چەكدارانە وەربگرنەوە كە لەڕیزی چەتەكانی داعشدا بوون و دەستگیركراون، نمونەی ئەوەی هێنایەوە كە زیاتر لە ٧٠٠ چەتەی بیانی كە سەر بە ٤٠ وڵاتی جیاجیان، لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە دەستگیركراون.

س.ح