دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: مانگی ڕابردوو ٢٧ حاڵەتی کوشتن و خۆشتن تۆمارکراوە


ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

بە گوێرەی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە یەک مانگی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ٢٧ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن تۆمارکراوە و قەیرانی دارایی، بوونی چەک و کێشە کۆمەڵایەتییەکان-یش بەهۆکاری زیادبوونی تاوانەکان دەزانێت.

ئەمڕۆ، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماری مانگێکی ڕووداوەکانی کوشتن، خۆکوشن، هەوڵدان بۆ خۆکوشتن، ڕفاندن و برینداربوون و پێشێلکارییەکانی دیکەی لە هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە لە ٢/حوزەیران هەتا ٢/تەموز تۆمارکراون.

بەپێی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا، ٢١ حاڵەتی کوشتن و شەش حاڵەتی خۆکوشتن و یەک حاڵەتی هەوڵدان بۆ خۆکوشتن تۆمارکراون، هەروەها تەرمێکی نەناسراو-یش دۆزراوەتەوە.

هەر بەپێی ئامارەکە، هەشت کەس برینداربوون و سێ هاوڵاتی-ش ڕفێندراون.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، راشیگەیاندووە، کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، دیاردەی چەکداریی بێ مۆڵەت، بوونی چەک لە ماڵەکان و قەیرانی دارایی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هۆکاری سەرەکی زیادبوونی تاوانەکانن.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە "ئەوەی لەم مانگەدا تێبینیمان کردووە زیندووکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوون، کە ئەوکات لە ڕێگای سوڵحی عەشایریی و دوور لە دادگا چارەسەر کراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کێشەکان یەکلایی نەبنەوە و زۆر جار مافخوراو مافی خۆی وەرنەگرتووەتەوە و تاوانباریش نەبراوەتە دادگا، بۆیە ئێستا کێشەکان سەریان هەڵداوەتەوە".

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، بەپێی ئاماری پێشووی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ-دا ٢٤ حاڵه‌تی کوشتن، نۆ حاڵه‌تی خۆکوشتن، شه‌ش هه‌وڵدان بۆ کوشتن، تۆمارکراون.

ئەگەر بەراوردی نێوان ئەم دوو ئامارە بکەین، کە ئاماری دوومانگی یەک لەدوای یەکی ئەمساڵ-ن دەردەکەوێت، کە حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و هەڵدان بۆ خۆکوشتن کەمیکردووە، بەڵام بەپێی ئەو هەواڵانەی کە ڕۆژانە بڵاودەکرێتەوە ئامارەکە زیاترە و هەندێکیان تۆمارنەکراون.

ش.ف