تازەدێ، کەمی کارەبا و خۆراکی پێویست ژیانی ئاوارەکانی زەحمەتتر کردووە


ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ و به‌رهه‌م

ئاوارەکانی کامپی تازەدێ، بەهۆی نەبوونی کار، کەمی کارەبا و خۆراکی پێویست لە ژیانیکی زەحمەت-دا دەژین و ناڕەزایی دەردەبڕن.

لە کامپی ئاواره‌کانى تازەدێ، کە دەکەوێتە سنوری شارۆچکەی کەلار-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و ژماره‌یه‌کى زۆر ئاواره‌ى عه‌ره‌بی پارێزگاکانى سه‌لاحه‌دین، ئه‌نبار و موسڵ هه‌یه‌ و ژمارەیەکیان لەم ڕاپۆرتەدا باس له‌ گوزەرانی خۆیان دەکەن.

ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، یەکێک لەو ئاوارانەیە، کە ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کامپی تازەدێ نیشتەجێبووە و له‌باره‌ى ژیان و گوزه‌رانیانه‌وه‌ به‌ ڕۆژنیوزى وت: لێره‌ کار نییە، منداڵێکم هه‌یه‌ ده‌ڕوات له‌ ده‌ره‌وه‌ى کامپه‌که‌ کار ده‌کات ڕۆژی به‌ دوو هه‌زار و جاری وا هه‌یه‌ دوو هه‌زارەکە به‌ کرێ ده‌دات و هیچی بۆ نامێنیته‌وه‌، به‌ گشتى ژیانمان لێره‌ زۆر زه‌حمه‌ت و ناخۆشه‌.

ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن

سەبارەت بە هاوکاریی ڕێکخراوەکان-یش، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، وتی: هاوکارییەکان زۆر کەمە، ئه‌م مانگه‌ بۆ ١٠‌ که‌س ٢٥کیلۆ ئاردییان پێداوین، که‌ به‌شمان ناکات.

عه‌زیز محه‌مه‌د، هاوڵاتیه‌کى تری کامپەکەیە و به‌ ڕۆژنیوزى وت: ماوه‌ى چوار ساڵ ده‌بێت له‌ سنوری هه‌رێمى کوردستان وه‌ک ئاواره‌یه‌ک ده‌ژین، له‌م ده‌شتایه‌داین و پله‌ى گه‌رما زۆر بەرزە، کاره‌بامان وه‌ک پێویست نیه‌ و منداڵەکانمان له‌ ژێر ئه‌و ئاسنه‌ گه‌رمەدا‌ سوتان.

عه‌زیز محه‌مه‌د

عەزیز، وتیشی: مۆلیده‌یه‌کى حکومى لێره‌یه‌ زیاتر له‌ ساڵ و نیوێکه‌ په‌کى که‌وتووه‌ و کار ناکات، تا ئێستا ئیداره‌ى کامپه‌که‌ نه‌یانتوانیوه‌ چاکى بکه‌نه‌وه‌، به‌راستى کێشه‌ى کاره‌با هیچی که‌متر نیه‌ له‌ کێشه‌ى نه‌بوونى خۆراکی وه‌ک پێویست.

هەروەها، عه‌بدوڵا محه‌مه‌د هاوڵاتیه‌کى تری کامپەکە، بۆ رۆژنیوز ئاماژەی بە ئەوە کرد، کە له‌ ئێستادا هه‌وڵێک هه‌یه‌ مۆلیده‌ى ئه‌هلی-یان دابنرێت و بۆ ئه‌مپێرێ پێنج هه‌زار وه‌ربگیرێت، وتیشی:"من که‌ پاره‌م نه‌بێت ئه‌مپێرم بۆ چییه‌، پێویسته‌ ئیداره‌ى کامپه‌که‌ خه‌مى چاککردنى ئه‌و مۆلیده‌ حکومییەکە بخۆن و چاکى بکه‌نەوە".

ش.ف