ھەولێر، ژنێک و پیاوێک کوژران
ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر
پۆلیسی ھەولێر ڕایگەیاند، کە پیاوێک لە شاری هەولێر خەسوو و پیاوێکی دراوسێیی ماڵی خەسووی کوشتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کاژمێر٥:٠٠ ، پۆلیسی هەولێر ئاگادارکراوەتەوە لە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی ٥ی حەسارۆکان-ی شاری هەولێر.
ڕائید ھۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دوای گەیشتنی پۆلیس بە شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوت، کەوا ھاوڵاتییەک بەناوی (ف. ر.)،تەمەن ۲۰ساڵ، بە چەکی جۆری کلانشیکۆف ھەڵساوە بە کوشتنی دایکی ھاوسەرەکەی بەناوی (ھەیبەت ئەحمەد حەسەن)، تەمەن ٥٥ساڵ و دراوسێیەکیان بەناوی ھێرش خدر حسێن، تەمەن ٢٥ ساڵ.
ھۆگر عەزیز
هۆگر عەزیز، وتیشی:"ڕووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە".
وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر ئەوەشی راگەیاند، کە بکوژەکە و تۆمەتبارێکی دیکە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.
ھۆگر عەزیز، وتیشی: تەرمەکان ھەڵگیراون و ڕەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادی هەولێر کراون، پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.
ش.ف