پۆلیسی گه‌رمیان: پیاوێک خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا


ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار

پۆلیسی گه‌رمیان، ڕایدەگەیەنێت، کە تەرمی هاوڵاتییەک ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار کراوە و کەسوکارەکەشی دەڵێن: خۆی خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەستداوە.

ئه‌مڕۆ، له‌ گوندی تۆپ عەسکەر لە سنوری شاره‌دێی قۆره‌تووی سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ى خانه‌قین، پیاوێک بەناوی (مه‌ولود مه‌جید)ه‌ له‌ دایکبووى ساڵى ١٩٧٤ لە ماڵەکەی خۆیدا بە هەڵواسراوی تەرمەکەی بینرا.

ڕائیدى مافپه‌روه‌ر عه‌لی جه‌مال قەدوری، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنى پۆلیسی گه‌رمیان به‌ ڕۆژنیوزى وت: تەرمی ئەو پیاوە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە ڕەوانەی نه‌خۆشخانه‌ى فریاکه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار کرا لە شارۆچکەی کەلاری گەرمیان و پاشان ڕه‌وانه‌ى پزیشکى دادوه‌ری که‌لار کرا به‌مه‌به‌ستى توێکاریی.

عه‌لی جەمال قه‌دوری، وتیشی:"به‌ وته‌ى باوکى کوڕه‌که‌، هیچ کێشه‌یه‌کى له‌گه‌ڵ که‌سدا نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌یانى کاتێک زانیویانه‌ له‌ ماڵه‌که‌ى خویدا، خۆی هه‌ڵواسیوه‌ و گیانى له‌ ده‌ستداوه"‌.

ناوبراو، باسی له‌وه‌شکرد، کە که‌سوکاری هاوڵاتییه‌که‌، سکاڵای یاساییان له‌سه‌ر که‌س تۆمار نه‌کردووه‌ و پۆلیس ده‌ستى به‌ لێکوڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌که‌ کردووه‌.

جێگای ئاماژەیە، ڕووداوەکانی کوشتن و خۆ کوشتن لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەپێی ئامارێکی دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە٢/حوزەیران هەتا ٢/تەموز ٢٧ حاڵەتى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام بەپێی ئەو هەواڵانەی کە ڕۆژانە بڵاودەکرێتەوە ئامارەکە زیاترە و هەندێکیان تۆمارنەکراون.

لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارەشەوە ئەمە ١٤-هەمین حاڵەتی کوشتن و خۆ کوشتنە، کە تۆماردەکرێت.

ش.ف