‌شاره‌زوور، هاوکارى که‌سوکارى شه‌هیدان و که‌مده‌رامه‌تان کرا


ڕۆژنیوز – هاوکار مسته‌فا

به‌مه‌به‌ستى دابینکردنى پێداویستى ڕۆژانى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ که‌سوکارى شه‌هیدانى ده‌ستى تیرۆر و که‌مده‌رامه‌تان، ڕێکخراوى بێناز له‌ شارۆچکه‌ى شاره‌زوور هاوکارى خۆراک و پێداویستى ڕۆژانى جه‌ژنى به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌ که‌سوکارى شه‌هیدان و که‌مده‌رامه‌تانى سنوره‌که‌دا دابه‌شکرد.

ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵى بیناى مه‌ڵبه‌ندى ڕاهێنان و گه‌شه‌پێدانى کۆمه‌ڵایه‌تى شاره‌زوور، به‌ ئاماده‌بونى که‌سوکارى شه‌هیدان و که‌مده‌رامه‌تان، ڕێکخراوى بێناز هاوکارى خۆراک و پێداویستى ڕۆژانى جه‌ژنى به‌سه‌ر ٤٥ خێزاندا دابه‌شکرد.

یه‌حیا حه‌بیب، ئه‌ندامی ڕاگه‌یاندنی ڕێکخراوی بێناز بۆ خزمه‌تکردنی که‌سوکاری شه‌هیدان به‌ ڕۆژنیوزى وت: وه‌ک ئه‌رکێکى سه‌رشانمان به‌مه‌به‌ستى ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ که‌سوکارى شه‌هیدانى ده‌ستى تیرۆر و که‌مده‌رامه‌تانى شارۆچکه‌ى شاره‌زوور به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ خێرخوازانى سنوره‌که‌ توانیمان هاوکارى خۆراک و پێداویستى ڕۆژانى جه‌ژن بۆ ٤٥ خێزانى سنوره‌که‌ کۆبکه‌ینه‌وه‌، هه‌رئه‌مڕۆش له‌ مه‌راسیمێکى تایبه‌تدا به‌ئاماده‌بونى ئه‌و خێزانانه‌ دابه‌شمانکرد به‌سه‌ریاندا.

یه‌حیا حه‌بیب، ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: هاوکاریه‌کانمان له‌ خێرخوازان و که‌سایه‌تیه‌کانى سنوره‌که‌ کۆکردوه‌ته‌وه‌، چونکه‌ ده‌مانزانى که‌ ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ که‌سوکارى شەهیدان و هاوکات ژماره‌یه‌ک خێزانى که‌مده‌رامه‌تیش هه‌ن که‌ ناتوانن پێدویستیه‌کانى ڕۆژانى جه‌ژنیان دابین بکه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى پێمان بکرێت بۆ که‌سوکارى شه‌هیدان به‌ شانازییه‌وه‌ بۆیانى ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ڕێکخراوى بێناز، باسی لەوەشکرد: داوا له‌ حکومه‌تى هه‌رێم و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین که‌ ئاوڕى جدى له‌ که‌سوکارى شه‌هیدان بده‌نه‌وه‌ پێداویستیه‌کانیان بۆ دابین بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌وان که‌سه‌ خۆشه‌ویسته‌کانیان کردوه‌ته‌ قوربانى بۆ پاراستنى خاکى نیشتیمان له‌ده‌ستى داگیرکه‌ران نابێت فه‌رامۆش بکرێت و چاوه‌ڕێى ده‌ستى خێرخوازان بکه‌ن بۆ هاوکاریکردنیان.

ک.ک