دهۆک، به‌هۆى شه‌ڕى دوو عەشیرەتەوە سێ که‌س کوژران


ڕۆژنیوز ـ سعود شاى گۆران

به‌هۆى شه‌ڕى نێوان هه‌ردوو عەشیرەتی هه‌رکى و زێبارى سێ که‌س کوژران و دوو که‌سى دیکه‌ش برینداربوون.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ گوندى باژێران سه‌ربه‌ شارۆچکه‌ى ئاکرێ له‌ پارێزگاى دهۆک شه‌ڕ له‌نێوان عەشیرەتی هه‌رکى و زێبارى ڕوویدا و به‌هۆیه‌وه‌ سێ که‌س له‌ هه‌ردوولا کوژران و دوو که‌سیش بریندار بوون.

سه‌رچاوه‌یه‌ک به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند، که‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان چوونه‌ته‌ شوێنى ڕووداوه‌که‌ بۆ کۆنترۆڵکردنى، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا ئاڵۆزییه‌کان له‌نێوان ئه‌و دوو عەشیرەتە به‌رده‌وامه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى تۆڵه‌کردنه‌وه‌ ده‌که‌ن و لەبەرامبەر یەک وەستاون.

سەرچاوەکەی ڕۆژنیوز ئەوەی ڕاگەیاند، کە یەک کەس لە عەشیرەتی هەرکی کوژراوە و دوو کەسیش لە عەشیرەتی زێباری کوژراون، هەردوو بریندارەکەش لە عەشیرەتی زێبارین.

سه‌رچاوه‌که‌ى ڕۆژنیوز که‌ نه‌یویست ناوى ئاشکرا بکرێت، ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند، که‌ شه‌ڕه‌که‌ له‌سه‌ر جۆگه‌له‌ى ئاو بووه‌، به‌ڵام به‌شێک له‌ میدیاکانى پارتى ده‌ڵێن له‌سه‌ر یارى تۆپى پێ بووه‌.

جێگای ئاماژەیە، ڕووداوەکانی کوشتن و خۆ کوشتن لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەپێی ئامارێکی دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە٢/حوزەیران هەتا ٢/تەموز ٢٧ حاڵەتى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام بەپێی ئەو هەواڵانەی کە ڕۆژانە بڵاودەکرێتەوە ئامارەکە زیاترە و هەندێکیان تۆمارنەکراون.

لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارەشەوە بەم ڕووداوی کوشتنەوە نۆ حاڵەتی کوشتن و دوو حاڵەتی خۆکوشتن، لە سلێمانی و پارێزگای هەولێر و دهۆک و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و حاڵەتێکی کوشتنی دیکە لە چەمچەماڵ، کە نازاندرێت کوژراوە یان خۆی کوشتووە، تۆمارکراون.

ک.ک