چه‌مچه‌ماڵ، ئاینه‌كان داوای پێكه‌وه‌ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن

لە دیبەیتێكدا لە چەمچەماڵ، پرسی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی ئایینەكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.


ئەمڕۆ ده‌زگای ژیان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، لە ‌شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دیبه‌یتێكی بە ناونیشانی (ئاین و مافه‌كانی مرۆڤ، هۆكارێك بۆ پیكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه) سازكرد، كە سێ كەس لە پەیڕەوانی ‌ئاینه‌كانی ئیسلام، ئێزدی و زه‌رده‌شتی بەشدارییان تێداكرد.

سەرەتا، عه‌بدولوه‌هاب سه‌نگاوی وەك مامۆستایەكی ئاینیی ئیسلام، وتی: نابێت جیاوازیی بیروبۆچوونی یه‌كتر قبوڵنه‌كه‌ین، به‌ڵكو پێویستە ڕێز له‌یه‌كتری بگرین و له‌ كه‌ناڵ و مینبه‌ره‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ سوكایەتی به ‌ئاینی كەس نه‌كرێت.

ئەو مامۆستا ئاینییە جەختیشیكردەوە، کە ئاینی ئیسلام ئاینی لێبوردن و هاوكاری و یه‌كتر قبوڵكردنه‌.

دواتر عزه‌ت كامۆ وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی ئاینی ئێزدی، وتی: پێویستە ئیسلامی ڕاسته‌قینه ‌و داعش له‌یه‌كجیابكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئاینی ئیسلام ئه‌وه‌ نییه‌ داعش پەیڕەوی دەكات و خه‌ڵكی پێده‌كوژێت و ده‌ترسێنیت.

ئەو كەسایەتییەی ئاینی ئێزدی بە پێویستی زانی ده‌ر‌فەت به‌ هه‌موو بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان بدرێت و ڕێز له ‌مافه‌كان و بۆچوونی یه‌كتر بگیرێت.

هەر لەو دیبەیتەدا ئاوات حسامه‌دین وه‌ك ژنێك كە پەیڕەوی ‌ئاینی زه‌رده‌شتی دەكات، وتی: ئاینی زه‌رده‌شتی بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌، داوای بیر و گوفتار و كرداری چاك لە خەڵكی ده‌كات، ئاینی زه‌رده‌شتی پێیوایە ئاینه‌كان هه‌موویان نزیكمان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌خودا، به‌ڵام ئه‌وه‌ مرۆڤه‌كانن‌ به‌ خراپی ئاین به‌كارده‌هێنن.

بەگشتی لە قسەکانیاندا، نوێنەری ئەو ئاینانە جەختیان لەوە دەکردەوە، کە تەواوی ئاینەکان داوای پێكه‌وه‌ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن.

س.ح