ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە ڕێگریی لە کۆمەڵکوژییەک لە ئەڵمانیا کرد

چەتەیەکی داعش کە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن هێزەکانی قەسەدەوە بەدیلگراوە، دەڵێت وەک چۆن لە فەرەنسا کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، لە بەرنامەیاندا بووە لە ئەڵمانیاش کۆمەڵکوژی لەو بابەتە ڕێکبخەن.


ئۆگوز- گ، چەتەیەکی داعشە کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی پاردا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدەوە بەدیلگیرا، قسەی بۆ تەلەفزیۆنی ئێن دی ئاری ئەڵمانی کردووە و باسی لە پیلانەکانیان بۆ کۆمەڵکوژی لەو وڵاتە.

ئۆگوز- گ لە قسەکانی بۆ 'ئێن دی ئار' کۆمەڵکوژییەکەی چەتەکانی داعشی بیر خستووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا لە فەرەنسا ئەنجامدرا و ١٣٠ کەس لە ئەنجامیدا کوژران و باسی لەوەش  کردووە، کە بەتەما بوون تەقینەوەیەکی لەو شێوەیە لە ئەڵمانیاش ئەنجام بدەن.

لە قسەکانی ئۆگوزدا دەردەکەوت، کە وابڕیاربووە چەتەکانی داعش سێ چەتە بنێرن بۆ ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی لە فێستیڤاڵێکی میوزیکدا تەقینەوە ڕێکبخەن و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن.

لە پاش ئۆپەرایۆنەکانی قەسەدە لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گورزی توند لە چەتەکان درا و ژمارەیەکی زۆر لە تیمی چەتەکان ناچالاک کران، ئەو تیمە سێ کەسییەش بەدیلگیران و پلانی تەقینەوەکەی ئەڵمانیایان هەڵوەشایەوە.

س.ح