توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان بۆ سیستمی پەروەردە دەگەڕێندرێتەوە

بەپێی ئامارەکان، شارۆچکەی سۆران یەکێکە لەو شوێنانەی زۆرترین توندوتیژی دژی ژنانی تێدا ئەنجام دراوە، لەسەر ئامارەکانیش یاساناس، توێژەران و چالاکوانان کلتور و نەبوونی یاسا و سیستمی پەروەردە بەهۆکار دەزانن، چالاکوانێک دەڵێت "زانکۆ و خوێندنگاکان بوونەتە شوێنی بەرهەمهێنانی توندوتیژی".


کوشتنی ژنان و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی دژی ژنان لە باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە، بەپێی ئاماری حەوت مانگی ڕابردوو لە شارۆچكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، ١٧٨ كەیسی تایبەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان تۆماركراوە، بەجۆرێك  ١٣١ حاڵەتی سکاڵا تۆمارکردن بووە دژی هەڕەشەکان، ٣٠حاڵەتی لێدان و ئەشكەنجەدان، پێنج حاڵەتی سوتان بە "قەزاوقەدەر"، چوار حاڵەتی خۆسوتاندن، ڕووداوی كوشتن یەک حاڵەت، خۆکۆشتن سێ حاڵەت و چوار حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی تۆماركراوە.

یاساناس، توێژەران و چالاکوانان لە شارۆچكەی سۆران بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و ئاماژە بە هۆكارەكانی زیادبوونی توندوتیژی لە دەڤەرەکە دەکەن و دەشڵێن، کە بێ پلانی حكومەتی هەرێم كاریگەری هەیە لە بەرزبوونەوەی ئامارەكانی كوشتنی ژنان.

لەو بارەیەوە کەلسوم گەزنەیی چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ باس لەوە دەکات، کە پەروەردەكرن لەناو خێزانی كورد زیاتر چڕكراوەتەوە لە بواری بەخێوكردن ئەمەش بۆخۆی گرفتێكی گەورەیە، ڕەخنە لە سیستمی پەروەردەش دەگرێت و دەڵێت:"دەزگا پەروەردەییەكان وەك خوێندنگا و باخچەی ساوایان و زانكۆکان ئەركی خۆیان جێبەجێ نەكردووە، بەڵكو ئەو شوێنانەش بووەتە شوێنی بەرهەمهێنانی توندوتیژی، لێرەدا فەلسەفەی پەروەردەكردن لە كوردستان پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە و دەبێت لە ڕێگای دامودەزگای دەوڵەت و دامەزراوەكانیترەوە كار لەسەر كەمكردنەوەی توندوتیژی بكرێت".

ئەو چالاكوانە نیگەرانی دەربڕی دەربارەی زیادبوونی توندوتیژی خێزانی و وتی: حاڵەتەكانی توندوتیژی لە كوردستان جێگای مەترسییە و دەبێت لە هەموو ئاستێكدا بەرەنگاری ببینەوە، لە ئێستادا مافەكانی ژنان و منداڵان لە كوردستان پێشێل دەکرێن و ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە.

هەروەها غەریب حسێن توێژەری كۆمەڵایەتی زیادبوونی توندوتیژی لە سۆران و هەرێمی كوردستان دەگێڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە ئابووری و سیاسی و بێكاریەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، بە وتەی ئەو"لە ئەنجامی ئەو دۆخەدا بەردەوامی هەڵچوون و تێكچوونی هاوسەنگی دەروونی تاك و كاریگەری لەسەر خێزان هەیە، بێگومانیشم کە دراماکان ڕۆڵی نەرێنییان هەیە و ئەوانیش هۆکارن".

هەر لەو چوارچێوەیەدا و دەربارەی ڕێکارە یاساییەکان، پشتیوان ڕزگار-ی یاساناس هەبوونی دابوونەریت بە ڕێگریی لە یاساکان دەزانێت و پێی وایە، "دابوونەریت وایکردووە، کە یاسا دەستی بە زۆرێك لە توندوتیژییە خێزانییەكان نەگات".

ئەو یاسا ناسە ڕەخنەی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی هەیە و باس لەوە دەکات، ئەگەر تا ڕادەیەك هاوكاربووبێت لە ڕێگریكردن لە توندوتیژیە خێزانییەكان بەڵام لە ئاستی پێویستیدا نەبووە، "چونكە یاساكە چەندین كەموكورتی تێدایەوە و پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە".

س.ح