هەولێر، خۆپیشاندانی جەماوەریی دژی بڕیارەکەی ئەمریکا بەڕێوەچوو

لە شاری هەولێر خۆپیشاندانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو و تێیدا چالاکوانان و هاوڵاتیان بڕیارەکەی ئەمریکایان لەسەر پێشەنگەکانی کورد ئیدانە کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو بڕیارە خزمەتکردنی داعشه.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر چالاکوانان و مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی هەولێر خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم  کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری هەولێر ئەنجامدا.

لە خۆپیشاندانەکەدا ئیدریس دیبەگی، نوێنەری خۆپیشاندەران بەیاننامەی بەشداربوانی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: بڕیاری ئەمریکا دژی بەڕێوەبەرانی پەکەکه و کەجەکه، خزمەتکردنە بە داعش.

ئەوەش هاتبوو: گەلەکۆمە قێزەونەکەی ١٥ی شوبات کە لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجامدرا، ڕاستی ئەو ستەمکاریەی داگیرکەران و سیستەمی جیهانی دژ بە کوردان دەسەلمێنێت، سەرەرای پوچەڵبوونەوەی ئەو پیلانگێریانە کە بە بەرخۆدانی گەریلا و شەڕڤانان و پێشمەرگەی کوردستان و پشتیوانیەکانی گەل لە ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامگیر بووە و ئەم بەرخۆدان و تێکۆشانە مەزنە سنورەکانی تێپەڕ کردووە و بۆگەلانی ئازادیخوازیش بۆتە هیواو ئومێد.

ئاماژە بەوەش کرا: داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان دەکەین کە دژی ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا ناڕەزایی نیشان بدەن، بانگەوازی لە هەموو لایەنی سیاسی و کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەین بەیەکەوە وەڵامێکی شایستە و توندی ئەو بڕیارە نائەخلاقیە و ملهوڕیەی داگیرکەران بدەینەوە.

 

ک.ک