ژنانی گەنج دووەمین کۆنفرانسى خۆیان دەبەستن

ێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، دووەمین کۆنفرانسى خۆیان لە شاری سلێمانی دەبەستن، بانگەوازى لە ژنانیش دەکەن، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان لە باشوری کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژییەکان، بەشدارى لە کۆنفرانسەکەیاندا بکەن.


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، لە بارەگای خۆیان لە شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ بەستی کۆنفرانسێک لە ڕۆژی ۹ی نۆڤەمبەر لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا شنیار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بەیاننامەی ڕێکخراوەکەیانی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بە قۆناغێکی زۆر گرنگ و هەستیاردا تێپەڕدەبین، لەبوارەکان سیاسیی، فکریی و کەلتوورییدا هێرشێکی گەورە دەکرێتە سەر کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان، کە خوڵقێنەری کۆمەڵگایەکی ئەخلاقیی و سیاسیین، لەسەر ئەو بنەمایە ژن وەک کاڵایەکی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی بەکاردێنن، بۆیه ئەرکی هەموومانه که لە بەرامبەر ئەم هێرش و قڕکردنانەدا هەڵوێستی خۆمان پیشانبدەین و خۆمان بە بەرپرسیار بزانین لە ئاست ژنانی باشوری کوردستان و ژنانی هەموو جیهان.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتبوو: باشترین هەڵوێست تێکۆشانە لەپێناو ئازادیی ژنان، لە هەموو قۆناغەکاندا ئەوە بینراوە، کە کاتێک ژن خۆی بەڕێکخستن کردووە، هێزی گۆڕانکاریی لەناو کۆمەڵگادا دروستبووە، ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا ڕۆژانە ئەو هەموو تووندوتیژییە لەسەر ژنانی گەنج بەڕێوەبچێت، ئەوا دەبێت ژنانی گەنج خۆیان بکەن به قەڵغان بەرامبەر ئەم تووندوتیژییانە، بۆ ئەمەش پێویستە سەرەتا خۆمان بەڕێکخستن بکەین.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، داوا لە هەموو ژنانی گەنج کراوە، کە خۆیان لە بەرامبەر ئەو تێکۆشانە بەرپرسیار ببینن و بە بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ڕێگای چارەسەریی بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، بانگەوازییشیان کردووە لە هەموو ژنانی کورد، عەرەب، تورکمان، سریانی، کاکەیی و ئێزدیی، کە بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا بکەن، کە ڕۆژی ۹ی نۆڤەمبەری ۲۰۱۸ لە شاری سلێمانی دەست بە کارەکانی دەکات.

ڕێکخراوى ژنانى گەنجى تێکۆشەر لە ڕۆژى ١٦/٥/٢٠١٦ دا  لەشارى سلێمانى کۆنفرانسى دامەزراندنیان ئەنجامدا.

ش.ف