ژنێکی دیکە بوو بە قوربانیی

لە گوندێکی شارۆچکەی چەمچەماڵى پارێزگاى سلێمانى ژنێک بەفیشەک کۆتایى بەژیانى هات و بانگەشە دەکرێت، کە گوایە"خۆی کوشتووە".


شەوی رابردوو لەگوندى دەروێشانى سەربەشارەدێى سەنگاو لە شارۆچکەی چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی، ژنێک بەناوى خەڵات ئەبوبەکر تەمەن ٢٤ ساڵ بە فیشەک کوژرا.

بانگەشە دەکرێت، کە ئەو  ژنە "خۆی فیشەکی بەخۆیەوە نابێت و خۆی کوشتبێت".

دواى ئەوەى تەرمەکەى گەیەندراوەتە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى چەمچەماڵ، بەمەبەستى توێکارى پزیشکى تەرمەکەی ڕەوانەى پزیشکى دادى سلێمانى کراوە.

لەئێستاشدا لەلایەن بنکەى پۆلیسى سەنگاوەوە پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوەو لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

جێگای ئاماژەیە، دوێنێ-ش هەر لە سنووری چەمچەماڵ کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە پەت خنکا و کەسوکارەکەی وتیان گوایە خۆی خۆی خنکاندووە.

کوشتن و خۆ کوشتنی ژانن لە ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان وەک دیاردەی لێهاتووە و کەمترین ڕۆژ هەیە، کە هەواڵی کوتن یان-یش خۆکوشتنی ژنان بەهۆی توندوتیژیی زۆرەوە نەبیسترێت.

هەندێک جاریش ئەو ژاننە بە دەستی کەسوکاریان دەکوژرێن، بەڵام کەسوکارەکەی و پۆلیس دەڵێن، کە خۆی خۆی کوشتووە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٤٢ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتن و خۆکوشتنانەی، کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ش.ف