ژنان: دەبێت ببینە دەنگێکی کاریگەر بۆ ئازادیی ئۆجالان

ژنان، باس لەو تێکۆشانە بەرفراوانە دەکەن، کە ئۆجالان بۆ ئازادیی ژن دەیکات و  خۆیان بە قەرزدرای دەزانن، دەشڵێن: دەبێت ببینە بەشێکی کاریگەر لەو دەنگانەی بۆ ئازادیی ئۆجالان بەرزدەکرێنەوە.


ناڕەزایەتیی توێژە جیاوازەکان لەبەرامبەر زیندانییکردن و گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، بەردەوامیی هەیە و ژنان-یش زیاتر لە هەر توێژێکی دیکە ئازادیی ئۆجالان-یان بۆ گرنگە، مامۆستایەکی زانکۆ و نووسەرێک-یش لە لێدوانیان بۆ ڕۆژنیوز، باس لە خەباتی ئۆجالان بۆ ژن و داوای ئازایی بۆ دەکەن.

مهاباد کامل، لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە وتەیەکی عەبدوڵا ئۆجالان کرد، کە دەڵێت"ئازادیی و دیموکراتیی، بە دەنگ نییە بەڵکو بە ڕەنگ و پراکتیکە" و وتی: ئەو دەوڵەتانەی، کە باس لە ئازادیی دەکەن دەبێت پراکتیکەی بکەن و لە ئازاد کردنی ئۆجالان-دا ڕۆڵیان هەبێت.

 ناوبراو، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئۆجالان لە ئازادیی ژنان-دا و وتی:  ئێمەی ژنان دەبێت سوپاسگوزاری ئۆجالان بین و ببینە بەشێکی کاریگەر لەو دەنگانەی بۆ ئازادیی ئۆجالان بەرزدەکرێنەوە، چونکە ئازادیی ژن لە فکر و نووسینەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و تێکۆشانی بۆ دەکات و سیمبولی ئازادیی و کوردایەتییە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، باسی لەوەشکرد، کە زیندانیی و گۆشەگیرکردنی ئۆجالان، هێندەی دیکە ڕقی گەل بەرامبەر دەوڵەتی تورک ئەستورتر دەکات و وتیشی:"ئەم تەوقە دەبێت بشکێندرێت، ئەویش بە یەکڕیزیی کورد".

هەروەها، شیرین تاهیر، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، بە هەمان شێوە تیشکی خستە سەر خەباتی ئۆجالان بۆ ئازادیی ژن و ئاماژەی بە وتەیەکی ئەو ڕێبەرە کوردە کرد، دەڵێت، "بەهێزبوونی ژن بەهێزبوونی کۆمەڵگا و پیاوە" وتیشی:"ئەم خەباتە تەنیا تایبەت نییە بە ژنانی کورد، بەڵکو بۆ ژنانی تەواوی جیهانە و نمونەی هەرە بەچاوی ئەو خەباتەش بەرجەستەبوونی شۆڕشی ڕۆژئاوا و زانستی ژنۆلۆژییە".

شیرین تاهیر، باسی لەوەش کرد، کە داگیرکەر هەرگزی ناتوانێت چۆک بە کەسایەتییەکی بەهێزی وەک ئۆجالان دا بدات و وتیشی، کە دەبێت گەل کار بۆ ئازادیی ڕێبەرێک بکات، کە ژیانی بۆ کورد تەرخان کردووە.

٢٠ ساڵ بە سەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە،  تێپەڕبووە و سەرەڕای زیندانیکردنی گۆشەگیرکردنێکی بەرفراوان لە سەری بەڕێوە دەچێت و لەو بارەیەشەوە مهاباد کامل مامۆستای زانکۆ و شیرین تاهیر ڕۆژنامەنووس بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

ش.ف