بۆچی ١٦ی ئۆکتۆبەر دروستبوو؟

چیتر لە بیرەوەری تاکی کورد-دا لە باشوری کوردستان بەتایبەت، ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنها بەروارێکی ئاسایی نییە، لەم ڕۆژەدا کورد باجێکی قورسی یەکنەبوونی دا، هەموو هەڕەشە زارەکییەکانی داگیرکەرانی کوردستان بوونە کردار و جارێکیتر ٥١٪ی خاکی باشوری کوردستان لەدەستدرا.


ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بەهاوکاریی چەند وڵاتێکی ناوچەکە و بەتایبەت ئێران و تورکیا، هێرشیانکردە سەر ناوچە دابڕێندراوەکان و لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا، تەواوی ئەو ناوچانەیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

١٦ی ئۆکتۆبەر بۆچی دروستبوو؟

لەدوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سنوورەکانی باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ پاشەکشەیان کرد و ئەو ناوچەنە کەوتنە بن داگیرکارکارییی چەتەکانی داعش، دواتر هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی گەریلا لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی مەزن ئەو ناوچانەیان لە چەتەکان پاککردەوە و لەوێ ئیدارەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە پیکهێنا.

ئەوکات حکومەتی عێراق بەهۆی ئەوەی، کە بەشێکی زۆری خاکەکەی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە داگیرکرابوو، ڕووبەڕووی شەڕێکی بەرفراوان بووەوە لەگەڵ چەتەکانی داعش، پێویستی زۆری بە هێزە کوردییەکان بوو،، بۆیە هەڵوێستی بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ نەبوو لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و تاڕادەیەک ئارامبوونەوەی شەڕی چەتەکان، لە هەلێک دەگەڕا بۆ ئەوەی هێزەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، بەتایبەت دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، کە دەتواندرێت بووترێت ڕیفراندۆم هەلێکی زێڕین بوو بۆ عێراق، تا بیکاتە بەهانە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەکانی ماددەی ١٤٠.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە، پرسی ڕیفراندۆم وردە وردە بووە ڕۆژەڤ لە هەرێمی کوردستان، ئەوکات حکومەتی عێراق سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی حەویجە بوو لە چەتەکان، بەوهۆیەشەوە ئەو دەنگۆیانەی بە جدیی وەرنەگرت.

ڕیفراندۆمەکە بانگەشەی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی لێدەکرا، بەڵام کەمترین پشتیوانیی ناوخۆیی و دەرەکیی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی زلهێزیش هۆشداریی و هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بە نموونە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک، کەم ڕۆژ هەبوو هەڕەشەی تووند ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەکات، بەڵام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

دواتریش حکومەتی عێراق چەندین جاری هەڵوێستی تووندی دەردەبڕی لەدژی ڕیفراندۆم و هەڕەشەی کاردانەوەی سەربازیی دەکرد، حکومەتی ئێرانیش بەهەڕەشەی داخستنی سنوورەکان، هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ئەوانەی کە پێشەنگایەتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دەکرد، بە زمانی زبر وەڵامی هەڕەشە و هەڵوێستی وڵاتانیان دەدایەوە، بەجۆرێک بەرامبەر هەڕەشەکانی عێراق بێ منەتیی خۆیان نیشاندەدا و هەڕەشەی وڵامدانەوەی سەربازییان لێدەکردن.

ئێران و تورکیا و عێراق یەکیان گرت

هەر لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمیشدا، سوپای عێراق بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای تورک، مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدا، ئەوەش وەک پەیامێک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.

ڕیفراندۆم ئەنجام درا

لەگەڵ هەموو هەڕەشەکاندا، لە ٢٥ی ئەیلول ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و دواتر هەڕەشەکان هێواش هێواش دەچوونە قۆناغی کردارییەوە، بەنموونە ڕۆژی ٢٩ی ئەیلول، واتە تەنها دوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، گەشتە ئاسمانییەکان بەرووی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستاندا داخرا، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانیش، بە داخستنی دەروازەی سنوورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی کوردستان.

لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تاوەکو ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوو، تا دەهات تووندتریش دەبوونەوە، لە سنوورەکانی نێوان عێراق و باشوری کوردستانەوە جموجوڵی سەربازیی دەستیپێکردبوو، عێراق هێزێکی زۆری بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە کۆکردبووەوە و ناسەقامگیریی سەربازیی دروستببوو.

لەگەڵ چڕبوونەوەی هەڕەشەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە، جەختیکردەوە، کە هێزەکانی گەریلالە باشوری کوردستان دەمێننەوە و پارێزگاری لە باشور دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گرت، لەبەرامبەر شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچە دابڕێندراوەکان، جەختیکردەوە، کە تاکە ڕێگای چەرەسەریی بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان نەتەوەی دیموکرات و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتە، کە ئەوەش بەرهەمی فکری عەبدوڵا ئۆجالانە.

ئەم مەترسییانە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی خستە هەوڵەوە، بۆ ئەوەی دانووستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن، پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەرپرسانی هەرێم بە مەرجی وەرگرتنی گەرەنتی لە بەرپرسانی عێراق، ئامادەبوون بچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ، بەڵام دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوە، ئەمجارە بەرپرسانی هەرێم ئامادەبوون بەبێ مەرج لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دانیشن، بەڵام بەپرسانی عێراق هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمیان کردبووە پێشمەرجی خۆیان، بۆ دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.

١٦ی ئۆکتۆبەر چی ڕوویدا؟

بەرەبەیانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی خورماتوو، داقوق و حەویجە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەش بەبڕیاری بەرپرسانی هەرێم لەو ناوچانە کشانەوە، کەوا بەخوێنی هەزاران شەهید لە چەتەکانی داعشیان پاراستبوو، تاکە هێزیش کە لە کەرکوک مایەوە و شەری دژی هێزە عێراقییەکان کرد، گەریلاکانی پەکەکە بوون، کە ژمارەیەکی زۆر کەمیان لەو شارە بوو، بەڵام لەماوەیەکی کەمدا بەهۆی ئەوەی گەریلاکان لەڕووی چەک و تەقەمەنییەوە توانایەکی کەمیان هەبوو، هێزە عێراقییەکان تەواوی ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد.

هێزەکانی پێشمەرگەش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی کەرکوکەوە گەڕانەوە بۆ شارەدێی قەرەهەنجیر و سەنگەریان لێدا، لە باکوری کەرکوکیشەوە گەڕابوونەوە بۆ شارەدێی تەقتەق، هەروەها لە شارۆچکەی خورماتوویشەوە پاشەکشەیان کردبوو بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەکە و لە سنووری شارەدێی زنانە جێگیرببوون.

بەهۆی ئەو هێرشانەوە، سەدان هەزار هاوڵاتی لە شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی داقوق و خورماتوو و دەوروبەریان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون.

ڕۆژی دواتریش هێزە عێراقییەکان بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان دژی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەر شارۆچکەکانی شەنگال و خانەقین و شارەدێی گوڵاڵەیان کۆنترۆڵکرد، لەگەڵ ئەوەشدا شارۆچکەی دوبز-یان لە کەرکوک کۆنترۆڵکرد و لە قۆڵی پردێ-وە بە ئاراستەی سەنتەری شاری هەولێر پێشڕەوییان دەکرد، هەر هەمان ڕۆژ هێزە عێراقییەکان چوونە ناو شارۆچکەی مەخمورەوە و پێشمەرگەش شارۆچکەکەی چۆڵ کرد، هاوڵاتیانی ئەو شارۆچکەیەش ئاوارەی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی بوون، کە کامپێکی پەنابەرانی باکوری کوردستانەوە و دەکەوێتە بناری چیای قەرەچوغ، هەروەها شارەدێی بەعشیقەش لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنترۆڵکرا.

ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەریش بووە دوایین وێستگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی هێزە عێراقییەکان، کاتێک شارەدێی پردێ-یان کۆنترۆڵکرد و بە ئاڕاستەی سەنتەری شاری هەولێر پێشڕەوییان دەکرد، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی پارتی، سوپای عێراق لە نزیک بازگەی شێراوای هەولێر، کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکەیان هێنا.

لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو دوو ڕۆژەدا، لە ناوچەکانی باشوری کەرکوک و شارۆچکەی خورماتوو و شارەدێی پردێ، ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە شەهیدبوون و ژمارەیەکیش بەدیل کەوتنە دەست هێزە عێراقییەکانەوە.

ڕووداوەکانی ئەو دوو ڕۆژە، گەلی کوردیان خستە دۆخێکی شۆک ئامێزەوە، خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ بووبوون دوای ئەو ڕووداوانە، لەگەڵ ئەوەشدا تووڕەییەکی زۆریان هەبوو بەرامبەر ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم، بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری کەرکوک بە دڵەراوکێیەوە دەگەڕانەوە ماڵەکانی خۆیان، بەڵام هاوڵاتیانی خورماتوو بەهۆی ئەو پێکدادانە نەتەوەییانەی کە لەگەڵ تورکمانەکانی ئەو شارۆچکەیە هەیانبوو، نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە شارۆچەکەکیان، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان ماڵی هاوڵاتیان لە خورماتوو سووتێندرابوون.

ڕۆڵی ئێران و تورکیا

ئەو هێرشەی سوپای عێراق ئەگەرچی بە بەرگی سەربازیی عێراقییەوە ئەنجامدرابوو، بەڵام وڵاتانی ئێران و تورکیاش بەشدارییان تێداکردبوو، تەنانەت ڕۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەر سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئاشکرایکرد، کە هاکان فیدان، ڕاوێژکاری دەزگای هەوڵگریی میت-ی تورکیا، نوێنەری تورکیا بووە لە ئۆپەراسیۆنی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەروەها قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سوپای پاسداران، نوێنەری ئێران بووە لەو هێرشە.

ئەم ڕووداوانە بوونە هۆکاری لەدەستدانی ٥١٪ی خاکی باشوری کوردستان، هەروەها بووە هۆی لەدەستدانی تەواوی بیرە نەوتەکانی سنووری ناوچە دابڕێندراوەکان و خاڵە سنوورییەکان، کە ئەمەش لەڕووی ئابوورییەوە زیانێکی گەورەی بە هەرێمی کوردستان گەیاند، لەڕووی سیاسییشەوە، سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستانی لە عێراق و ناوچەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.

لەسەر ئەو ڕووداوانە، پارتی یەکێتی بە فرۆشتنی کەرکوک و خانەقین و یەکێتیش پارتی بە فرۆشتنی مەخمور و شەنگال یەکتریان بە خیانەتکار تۆمەتبار دەکرد، بەڵام پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو دوو لایەنە تۆمەتی "خیانەت"یان دەخستە پاڵ ئەو کەس و لایەنانەی کەوا لەگەڵ ڕیفراندۆمی باشوری کوردستاندا نەبوون.

لەدوای ئەو ڕووداوانەش، بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، کە ئەو ڕووداوانە دەرەنجامی یەکنەبوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بڕیاری تاکلایەنەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، لەکاتێکدا وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دژی کوردان هەموو ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان خستبووە لاوە و لەسەر یەک مێز پیلانیان دژی کوردان دادەڕشت.

سەرەڕای ئەم ڕووداوانەش، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، ڕازیبوون بە سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم، بەڵام هێشتا ناجێگیریی ئەمنیی لە ناوچە دابڕێندراوەکان و بەتایبەت کەرکوک، خانەقین و خورماتوو بەردەوامە، ڕۆژانە تەقینەوە و ڕفاندن و کوشتن ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەبنەوە، سەرەڕای ئەمانەش، لەدوایین هەنگاودا، حکومەتی عێراق خاڵی گومرگیی لەنێوان کەرکوک و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا دانا، کە ئەمەش چاودێران وەک دانانی سنوور و دابڕاندنی کەرکوک لە هەرێمی کوردستان لێکیدەدەنەوە.

ش.ف