دژی توندوتیژیی بەرامبەر ژن داوا دەکرێت کار بۆ یەکسانیی ڕەگەزی بکرێت

ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە گەرمیان لە ئاستێکی مەترسیداردان، توێژەران و شارەزایانی کۆمەڵایەتیش کارکردن بۆ یەکسانیی ڕەگەزیی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاک بە هەنگاوە سەرەکییەکانی گەیشتن بە چارەسەر دەزانن.


بە پێی ئاماری فەرمیی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سنوورەکە، سێ حاڵەتی کوشتن و  پێنج حاڵەتی خۆکوشتن و نۆ حاڵەتی سوتان و خۆسوتاندنی ژنان هەبوون، به‌ بەراورد بە ساڵی پێشوو حاڵەتەکان زیادیان کردووە، تەنها لەمانگی نۆی ئەمساڵدا دوو حاڵەتی خۆکوشتن و یه‌ک حاڵه‌تی کوشتنی ژنان تۆمارکراون.

سەبارەت بەم بابەتە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و مامۆستایانی زانکۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دوان، ئاماژە بە هۆکار و چارەسەرەکان دەکەن.

عەباس مەحمود، توێژەری کۆمەڵایەتی بۆچوونی وایە: "ئەقڵیەتی کۆمەڵگای ئێمە نێرسالارییە، ئەم ئەقڵیەتەش پێویستە لەسەر فۆرمێک نوێبکرێتەوە کە بڕوای بە یەکسانیی ڕەگەزی و تەبایی و ئاشتی هەبێت، ئەو ڕێکخراوانەی کە بەناوی داکۆکی لە مافی ژنان دروستبوون، لەم بارەیەوە کەمتەرخەم بوون و کێشەکانی ژنانیان قوڵترکردۆتەوە، بە سەنگەرگرتن لە ڕەگەزی پیاو و دروستکردنی ڕق لای پیاوان دژ بە ژنان و پشتگوێخستنی کێشە و چارەسەرییە سەرەکییەکانی ژنان".  

ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەشدا: "زۆربەی ئەو ڕێکخراوە مەدەنیانەی ژنان کە لە گەرمیان هەن خاوەن ئەزموونێکی باش نین و لەسەر بنەمایەکی حزبی ئەو بوارەیان پێدراوە، زۆربەی دەزگا و میدیاکانی ڕاگەیاندنیش تەنها بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئامار کاریان لەسەر ئەم پرسە کردووە، بەبێ خستنەڕووی چارەسەر و هۆکارەکانی توندوتیژی، بۆیە نەبوونەتە هۆکارێک کە ژنان هەست بە ئارامیی بکەن".

سەبارەت بە چارەسەرییەکان ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتیە ئاماژەی بەوەدا، کە لە سەرجەم سێکتەر و دەزگا و مینبەر و ناوەندە جیاجیاکانەوە کار لەسەر ئەوە بکرێت، کە ژن وەکو مرۆڤ تەماشا بکرێت، ئەرک و مافەکانی کۆمەڵگا بە یەکسانی دابەشبکرێت، کار لەسەر یەکسانیی ڕەگەزی بکرێت. 

هەروەها شەیما جەمال، مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژییەکان دژی ژنان وتی: "جگە لەوەی گەرمیان کۆمەڵگایەکی تا ئاستێک عەشایەریی و داخراوە، هۆکاری دیکەش هەن، یەکێک لەوانە ئابورییە، چونکە زۆربەی ژنان خاوەنی ئابوریی سەربەخۆی خۆیان نین، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاش بەشێوەیەکی هەڵە هۆکارێکی دیکەی توندوتیژییەکانە."

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەی هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان باسی لە دراما دۆبڵاژکراوەکان کرد و وتی: "هۆکارێکی دیکە ئەو زنجیرە دراما دۆبلاژکراوانەن، کە بە شێوەیەکی نا ڕۆشنبیری و ناتەندروست لە کەناڵە کوردییەکان بڵاودەکرێنەوە، هەمووی باس لە گەندەڵی و خراپیی خێزانی و کۆمەڵایەتی و خیانەتی  هاوسەرگیری دەکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت".

سەبارەت بە چارەسەر، شەیما جەمال پێی وایە، پێویستە حکومەت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەییەکان و کۆمەڵگا کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تاک بکەن، چونکە ڕۆشنبیری و هۆشیاریی تاک لە کوردستان و بەتایبەتی گەرمیان زۆر گرنگ و پێویستە.

ک.ک