گه‌رمیان، قڕکردنی سیستماتیکی ژنان

لە هەشت مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە ئیداره‌ی گەرمیان، بەراورد بە هەشت مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتنی ژنان زیادیانكردووە، ژنانی چالاكوان و رێكخراوەكانی ژنان هۆكاری سەرەكیی حاڵەتەكان دەگەڕێنەوە بۆ دابونه‌ریت و هێنانی ژنی دووه‌م و هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خته‌.


بە پێی ئاماری فەرمیی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سنوورەکە، دوو حاڵەتی کوشتن و  سێ حاڵەتی خۆکوشتن و نۆ حاڵەتی سوتان و خۆسوتاندنی ژنان هەبووە، به‌ بەراورد بە هەشت مانگی یەكەمی ساڵی پێشوو، دوو حاڵەتی کوشتن و یه‌ک حاڵه‌تی خۆکوشتن زیادیکردووە.

تەنها لەمانگی رابردووشدا لە گەرمیان دوو حاڵەتی خۆکوشتن و یه‌ک حاڵه‌تی کوشتنی ژنان تۆمارکراون.

له‌گه‌ڵ زیادبوونی توندوتیژی له‌ دژی ژنان له‌ گه‌رمیان، جگه‌ له‌ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان 'ڕژاک' هیچ ڕێکخراوێکی دیکه‌ی ژنان نارەزایەتییان نیشان نه‌دا و نه‌کرایه‌ ڕۆژه‌ڤ، 'ڕژاک' له‌ به‌یاننامه‌یەک‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، که‌ کوشتن و لێدان و سوتاندنی ژنان ڕەوا و مافداردەکرێت.

سەبارەت بەو بابەتە، بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان و بەشێک لە چالاکوان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و قسە لەسەر هۆكارەكان و چارەسەر دەکەن.

هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت و هێنانی ژنی دووه‌م له‌ زیادبووندایه‌

لەمیعە محەمەد بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، هۆکاری کوشتنی ژنان بۆ هێنانی ژنی دووه‌م و چەند هۆکاریکی دیکە ده‌گەڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: هۆکاری سەرەکیی کوشتنی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، هێنانی ژنی دووەم لە لایەن پیاوەوە و ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیریی پێش تەمەنی ١٨ساڵ، هەندێک جاریش بارودۆخی ئابووریی.

له‌میعه‌ سەبارەت بە پلان و کاری بەڕێوبەرایەتییەکەیان بۆ کۆتایی پێهێنانی توندوتیژییەکان وتی: جگە لەوەی ڕۆژانە هەڵمەتێکی بەرفراوانمان هەیە بۆ ڕێگرتن لەم توندوتیژیانە، پلانمان داناوە بۆ سەردانیکردنی خوێندنگاکان و ئاگادارکردنەوەی منداڵان لە کێشەکان و پێدانی هۆشیاریی بۆ دوورکەوتنەوەیان لە توندوتیژیی، بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی دوور لە توندوتیژی.

کاریگه‌ریی دابونه‌ریت له‌ زیادبوونی توندوتیژی

هێشوو عەبدوڵا، چالاکوانی بواری ژنان باسی لەوەکرد، که‌ ژنان بەهۆی دابوونەریتە كۆنەپارێزەكانی کۆمەڵگاوە، وەکو مرۆڤێک ناتوانن بەرجەستەی مافەکانی خۆیان بکەن و وتی: ئەگەر ئاین و یاساش ڕێگەیان پێبدات، کۆمەڵگا پاڵەپەستۆ و توندوتیژیی بەهەموو جۆرەکانییانەوە دەکەنە سەر ژن، تا ڕادەی ناچارکردنی بە لەناوبردنی خۆی.

هەروەها، ژینۆ خەلیل، ئەندامی ڕێکخراوی وادی ئه‌ڵمانی، ئاماژەی بەوەدا، که‌ بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگایەکی پیاوسالارمان هەیە و ژنان پاڵپشتیان نییە، بەتایبەتی پاڵپشتی خێزانی،  ژنان لە چارەسەركردنی کێشەکانیاندا بێهیوا دەبن، هەروەها لە ژێر ناوی ئاین و کلتور و دابونەریتدا مافی ژنان دەخورێت، بە پێویستیشی زانی، کە ژنان باوەڕ و ئومێدیان بە خۆیان هەبێت، خۆیان بەهێزبکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕاستییه‌، تا بتوانن لەم دابونەریتانە دەربچن.

p

ش.ف