ژنەگیراوێکی سیاسی تووشی کۆرۆنا بوو، یەکێکیش بەبرینداری گوازرایەوە

سوهەیلا حیجاب پارێزەر و زیندانی سیاسی لە زیندانی قەرچەکی وەرامین تووشی کۆرۆنا بووە، سەکینە پەروانە-ش دوای ئەشکەنجەدان گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران.

فشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بۆسەر زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت ژنان لە زیندانەکان و دەرەوەی زیندانەکان، زیادی کردووە.

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ژنە گیراوی سیاسیی کورد سوهەیلا حیجاب کە خۆی پارێزەرە و ماوەی ١٩ ڕۆژە لە زیندانی قەرچەکی وەرامین دەستی داوەتە مانگرتن، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

بە گوێرەی هەواڵەکە بەرپرسانی زیندان ئەو ژنە گیراوە سیاسییەیان داوەتە بەر ئەشکەنجە و لێدان و لە کاتێکدا تووشی کۆرۆناش بووە لە چارەسەریی پزیشکی بێبەشە.

لە لایەکی دیکەشەوە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئاشکرایکردووە کە ژنە گیراوی سیاسیی کورد، سەکینە پەروانە، لە کاتێکدا شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار بووە لە زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە گواستراوەتەوە بۆ بەشی کەرەنتینەی زیندانی ئێڤینی تاران، ئەمە لە کاتێکدایە کە ١٧ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ژنە گیراوی سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان-یش دوای زیاتر لە هەفتەیەک دیارنەبوونی چارەنووسی لە پەیوەندییەکی دوو خولەکی بە خانەوادەکەی ڕاگەیاندبوو کە لە زیندانی قەرچەکەوە گواستاروەتەوە بۆ زیندانی کرمان و جەختی لە بەردەوامیدان بە مانگرتنەکەی کردبوو.

ک.س

Comments are closed.