عێراق جارێکیتر دەوڵەتی تورک لە هێرشەکان ئاگادار دەکاتەوە

حکومەتی عێراق جارێکی دیکە دەوڵەتی تورک لە هێرش و داگیرکارییەکان بۆسەر خاکی عێراق و هەرێم ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت: ئەو کارانە کار لە متمانەی پەیوەندیەکانی نێوانیان دەکات.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: بە هەموو جۆرێک هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر باکوری وڵات ڕەتدەکەینەوە کە دەبێتە هۆی نەمانی متمانەی نێوان هەردوولاو زیان بە برایەتی گەلانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت.

داواش لە دەوڵەتی تورک دەکات بە زوترین کات ئەو هێرش و دەستدرێژیانە ڕابگرێت کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کە دژ بە سەروەری و سەرو ماڵی عێراقییەکانە.

دەشڵێت: دووجار حکومەتی عێراق یاداشت و نامەی فەرمی بە زمانێکی توند داوە بە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و مافی عێراقیشە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پارێزگاری لە مافی خۆی بکات و دەستدرێژییەکان ڕەتبکاتەوە و ڕایانگرێت.

هەروەها داواکارە لایەنی تورکی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی لە هەموو ئەو ڕووداواننە لە ئەستۆ بگرێت کە زیانی ماددی و مرۆییان گەیاندووەتە عێراقییەکان.

داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەنگاوی پێویست لەوبارەیەوە بگرێتەبەر بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش لەناوچەکە و مافی عێراق و سەروەرییەکەی بپارێزێت.

پێشتر دووجار لە ڕێی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە دەوڵەتی تورکیا لەو هێرشانەی بۆسەر باشووری کوردستان ئاگادار کردەوە، بەڵام بە ئێستاشەوە سوپای تورکیا هێشتا لە هێرشەکانی بەردەوامە و بە یەک ڕستەش وەڵامی ئەو نامانەی نەداوەتەوە.

ک.س

Comments are closed.