ئارام حاجی: پەدەکە هاوکارێکى گرنگی هێرشەکانى تورکیایە

ئارام حاجی دەڵێت، پەدەکە هاوکارێکى گرنگى تورکیایە بۆ ئەنجامدانى هێرشەکانى بۆسەر گەریلا، ئامانجی ئەو هێرشانەش داگیرکردنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانە، هەروەها لەبارەی تۆمەتەکانی پەدەکەوە بۆ پەکەکە دەڵێت: ئەوە تەنها چەتەیی و کرێگرتەیی پەدەکەیە بۆ تورکیا.

دەربارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتى تورک بۆسەر گەریلا و باشووری کوردستان و خیانەتی پەدەکە، ئارام حاجى مافناس و توێژەر، لەمیانی چاوپێکەوتنێکىدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکە:

-بۆچوونتان لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بە هاوکاریی پەدەکە چییە ؟

“پەدەکە هاوکارێکى گرنگى تورکیایە بۆ ئەنجامدانى هێرشەکانى”

ئارام حاجى: هاوکارییکردنى پەدەکە بۆ سوپاى تورک، بابەتێک نییە شاراوە بێت، بەرپرسانى باڵاى تورک خۆیان دەڵێن، بەهاوکاریی دۆستەکانمان لە باشوورى کوردستان هێرشەکانمان ئەنجام دەدەین، مەگەر دۆستەکانى ئەوان کێن؟ بریتین لەو هێزە مورتەزەقە نافەرمیانەى، کە لە باکوورى سوریا و هەرێمی کوردستان هەن و هەریەکەیان بەپێى ئاست و قەبارەی خۆیان، پاشکۆى ئەجێنداکانى تورکیان، ئەو وتانەش بەسن بۆ ئەوەى، کە ڕوون بێت پەدەکە لایەنێکى کارا و هاوکارێکى گرنگى تورکیایە بۆ ئەنجامدانى هێرشەکانى بۆسەر گەریلا، بەڵکو لە هێرشەکانى پێشتریشدا بەشداربوون.

-مەترسییەکانى ئەو هێرشە چین؟

“ئامانجی تورکیا دابڕینی قەندیل و چوارپارچەی کوردستانە” 

ئارام حاجى: مەترسییەکانى ئەو لەشکرکێشییە وەک ئەوەى لە ستراتیژییەتى سەربازیی تورکیاوە داڕێژراوە ئەوەیە، کە هێرشى ئەمجارە کۆتا زنجیرەى هێرشەکانى بێت و ئیتر لەڕێگەیەوە سەرجەم پەیوەندییەکانى قەندیل بە باکوورى کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان ببڕێت و هەرچوارپارچەی کوردستان لەیەک داببڕێت، ئەوەش بنەماى سەرەکىی ئەنجامدانى هێرشەکانى تورکیا.

-هێرشەکانی دەوڵەتى داگیرکەریى تورک ڕەهەندی نێودەوڵەتیی هەیە؟

بەڵێ..

ئارام حاجى: بەڵێ، چونکە تورکیا لەگەڵ پەدەکە ڕێککەوتنێکى هەیە لەبارەى گەیاندنى هێڵى گازیى لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ خاکى تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، ئەوەش لەپێناو جێگرەوەى ئەو پرسەى کە پەیوەندیى بە وزەى جیهانییەوە هەیە لەگەڵ ڕووسیادا و لە ئێستادا، کە بەشێک لە وڵاتانى جیهان بەدواى جێگیرەوەى غازى سروشتیى ئەو وڵاتەدا دەگەڕێن، تورکیا دەیەوێت بەشێک بێت لە ڕێگاى دۆزینەوەى چارەسەرى ئەو گرفتە و هاوکاریان بێت، ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی پاڵپشتیی زیاتر بۆ ئەنجامدانی فراوانخوازییەکانی.

ئاماژەی بەوەشدا: سەردانە لەناکاوەکەى مەسرور بارزانى بۆ هەریەکە لە وڵاتانى تورکیا و ئیمارات و لە کۆتاییشدا بۆ بەریتانیا پەیوەندیەکى بنەڕەتى لەنێوان هەوڵەکەى تورکیا بۆ هەناردەکردنى غازى سروشتى هەرێمى کوردستان بۆ وڵاتانى دیکەى جیهان هەیە.

-ستراتیژییەتی نوێی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک چییە؟ 

“دەیەوێت هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاواش داگیربکات”

ئارام حاجى: ستراتیژییەتى نوێی دەوڵەتى عوسمانى، کە لە ئەنقەرەوە داڕێژراوە، سیاسەتێکى داگیرکارییە و پەیوەندى بە کێشە ناوخۆییەکانى ئەو وڵاتەشەوە نەماوە، ئەگەر ئێمە تەماشاى پرسى کورد لە تورکیا بکەین ئەوا دەبینین، کە دەتواندرێت لەڕێگەى ئاشتى و دیموکراسییەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەى لە ڕاستییدا دەیبینین ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورک نەک بەدوای ئەو چارەسەرییەوە نییە، بەڵکو دەیەوێت هەرێمى کوردستان و دواتریش باکوورى سوریا داگیربکات.

ئامانجی ئابووریی دەوڵەتى داگیرکەرى تورک چییە؟

ئارام حاجى: بەشێکی دیکەی هێرشەکانى تورکیا پەیوەندیى بە پڕۆژەى ئاڤا کۆی-یەوە هەیە و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە لە ناوچەکانى سەرسنوورەوە تا ناوچەى شەنگال بە قوڵایى ١٢٠ کیلۆمەتر هێڵێکی بازرگانیی ستراتیژیی دروستبکات، کە بەهۆیەوە ئاستى پەیوەندییە بازرگانییەکانى لەگەڵ عێراق و لە ڕێگەى عێراقیشەوە بۆ وڵاتانى کەنداو بەرز بکاتەوە بە بەهاى ملیارەها دۆلار و چەندان مەتر سێجا غازى سروشتی کۆنترۆڵ بکات، کە لە دەشتاییەکانى شارى ئەنباردا هەن.

-دەربارەی هێرشەکانى سوپاى عێراق بۆسەر شەنگال چی دەڵێن؟

بە فشاری هاوپەیمانی بارزانى، حەلبوسى و سەدر ئەنجامدەدەرێت”

ئارام حاجى: ئەو بەریەککەوتنە پەیوەندیى بە ململانێ سیاسییەکانەوە هەیە، کە لە ئێستادا لە ئارادان لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق و پێدەچێت مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەلایەن هاوپەیمانی سێقۆڵى نێوان بارزانى، حەلبوسى و سەدر ناچار کرابێت ئەو هێرشە ئەنجام بدات یان پێدەچێت ڕێککەوتنێک لەنێوانیان ڕوویدابێت، کە ئەویش لە بەرامبەر شتێکى دیکەدا ئەو هەنگاوەى نابێت وەک بابەتى پاداشت و سزا.

-پێتوانییە لە پشت هاوپەیمانى سێقۆڵى نێوان بارزانى، حەلبوسى و سەدر دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بوونى هەبێت؟

“بێگومان..

ئارام حاجى: ئەو ستراتیژییەتەى لەپشت دروستبوونى هاوپەیمانى سێقۆڵییەوە هەیە، بێگومان  بە ئاشکرا لە بەرژەوەندیى وڵاتانى هەرێمایەتی بەتایبەت تورکیادایە، ئەو لایەنە سەرەکییانەى کە بەشدارن لەو هاوپەیمانێتییە، هەژموونى تورکیا بەسەریاندا زاڵە و پەدەکەش بەشێکە لە ئەجێنداکانى تورکیا و بەشێکى زۆرى سەرکردەکانى ئێستاى سوننەش لەپاش ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى عێراق دیدار و گفتوگۆیان لە ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا ئەنجام دەدا.

لەبارەی تۆمەتەکانی ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمەوە چی دەڵێن دەربارەی پەکەکە؟

“چەتەیی پەدەکەیە بۆ تورکیا”

ئارام حاجى: پاڵنەرى سەرەکیی بۆ ئەم جۆرە کارانە تەنها چەتەیی و کرێگرتەیی پەدەکەیە بۆ تورکیا، هاوکات هەوڵدانە بۆ ناشرینکردنى هێزێکى نەتەوەىی و کوردپەروەر، کە دەیان هەزار شەهیدى لەپێناو ئازادکردنى نیشتیمان بەخشیوە و بەرگریى لە کەرامەتى ئەم گەلەمان دەکات و لە هەرکوێى کوردستانیش هاوڵاتیان و خاک پێویستیان بە بەرگرى بێت، ئەوا هێزەکانى گەریلا و هەپەگە ئامادەن و لەپێناو ئاسایش و ئارامیى خاک و گەلەکەمان خەبات دەکەن.

ئ.م

Comments are closed.