سەرۆکى زانکۆى کۆیە: هەندێک بوونەتە داردەستی دووژمن و دەیانەوێت دۆخی سلێمانی بشێوێنن
سەرۆکى زانکۆى کۆیە: سەرۆکى زانکۆى کۆیە، ئاماژە بە زیانەکانی ناکۆکییە ناوخۆییەکان دەکات و دەڵێت، ئەو ناکۆکییانە دەرفەتی زێڕینیان بۆ نەیارانى کورد ڕەخساندووە، دەشڵێت: هەندێ کەس و لایەن بەمەبەست دەیانەوێت سنووری سلێمانی بشێوێنن، کە بەشێک لەوانە بونەتە داردەستی دووژمنانى گەلەکەمان.
دکتۆر وەلید مەحمود، سەرۆکى زانکۆیە لە چاوپێکەوتنێکدا وەڵامی چەندین پرسیاری ڕۆژنیوز دەداتەوە سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
-سەرەڕای شکستە یەک لەدوای یەکەکان، هێرشی دەوڵەتی تورک بەردەوامە، بۆچی؟
“خەونی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیی هەیە”
وەلید مەحمود: تورکیا خەونی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی ئاکەپە لە ناوخۆی وڵاتدا شکستیان هێناوە، هەر بۆیە بۆ لە بیربردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان و بردنە دەرەوەی لە تورکیا، بەردەوام هەوڵی هەڵگیرساندنى شەڕ و و داگیرکردنى خاکى وڵاتانى دراوسێ و هەندێ وڵاتى دیکەش دەدات، بۆ نمونە هێزی بۆ لیبیا نارد دەستی خستە ناو کاروبارەکانى ئازربایجان و ئەرمینیا، لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوام هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان درێژەپێداوە.
-بۆچی ئەگەر لەناوخۆدا کێشەی گەورەشیان هەبێت، بەڵام کاتێک دێتە سەر پرسی کورد ئەوان یەکگرتوون، لە بەرامبەریشدا کورد بەردەوام پەرتەوازەیە؟
وەلید مەحمود: سەبارەت بە وڵاتان ئەوە دیارە هەرگیز پێیان خۆش نیە کورد ببێت بە کیان و گەلێکی ئازاد، هەربۆیە هەموو شتێک لەوپێناوەدا دەکەن، بەڵام سەبارەت بە کورد و هێزە سیاسییەکان، کە ناتوانن یەکدەنگ و تەبا بن، ئەوە نەخۆشیەکی کوشندەیە و بەرۆکی کوردی گرتووە، پێویستە هەرچی زووە ئەم نەخۆشیە چارەسەر بکەین و یەکگرتووبین و هاوهەڵوێست بین بەرامبەر نەیارانی کورد.
ئەو یەکنەگرتنەى هێزە کوردییەکانى زیانى لە دۆزى گەلى کورد داوە؟
وەلید مەحمود: دوو فاکتەر ڕۆڵى سەرەکییان هەیە لە دروستنەبوونى کیانى کوردى لە ناوچەکەدا، کە فاکتەرى دەرەکى و ناوخۆیین و لە نمونەى دەرەکیەکان ئەوەیە، کە دووژمنانی کورد هەمیشە هەوڵی کپکردنی دۆزى گەلەکەمانیان داوە، هۆکاری دووەم پەرتەوازەییە ناو ماڵی کوردییە، چونکە هەمیشە دووژمنان پەرتەوازەیی و ناکۆکیی کوردییان بەهەل زانیوە و لەو ڕێگایەوە ئەسپی خۆیان تاو داوە، ئەوەش بە مەبەستى دەست خستنە ناوکاروبارى وڵاتەکەمان و هەر ئەوانیش لەو ڕێگەوە نەیانهێشتووە کورد بە ئاوات و ئامانجەکانی خۆى بگات.
-مەترسىی ناکۆکییە ناوخۆییەکان چین لەسەر گەلى کورد؟
“دەرفەتی زێرینی بۆ نەیارانى گەلى کورد ڕەخساندووە”
وەلید مەحمود: ناکۆکیە ناوخۆییەکانى کورد دەرفەتی زێرینی بۆ نەیارانى گەلى کورد ڕەخساندووە وئەوەشى پێویستە لەئێستادا ئەنجام بدرێت ئەوەیە، کە دەبێت بە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن ئەو ناکۆکیانە نەهێڵدرێت، کە ئەوەش بە هێزە سیاسییەکان دەکرێت، چونکە گەلی کورد کێشەی نییە، ئەوە هێزە سیاسییەکانن لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان داهاتووی میلـلەتەکەمانیان خستووەتە مەترسیەوە.
– ئەگەر هێز و لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ نەبن چى ڕوودەدات؟
وەلید مەحمود: ئەگەر لایەنە کوردییەکان بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵە نەکەن، ئەوا ئەوەی هەیەیانە لە دەستی دەدەن لە کاتێکیشدا نوێنەری بەشێک لە وڵاتانى جیهان هۆشداریان لەوبارەوە پێداوین، چونکە هێزه سیاسییەکان و بەتایبەتی دەسەڵاتدارەکان وەک پێویست بەشێوەیەکى تەندروستانە نەیانتوانیوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بکەن.
-هەڵوێستی بەغدا و هەرێم لەبارەی داگیرکارییەکانی تورکیاوە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
وەلید مەحمود: ئەوەی تورکیا بەرامبەر بە کوردستان دەیکات دەستدرێیژییەکى گەورەیە، چونکە زۆر هاتووەتە ناوخاکی هەرێمى کوردستان، پێویستە بەغدا و هەم حکومەتی هەرێم قسەی جدیان لەسەر ئەو هەنگاوە هەبێت، چونکە ناکرێت بێدەنگیی بەرامبەر بەو کارە ناڕەوایانەی تورکیا بەرامبەر ناوچەکەمان هەڵبژێرن.
-دەوڵەتی تورک تەنیا گەریلا نا، بەڵکوهاوڵاتیی مەدەنیی لەناو شارەکاندا دەکاتە ئامانج، قسەی تۆ لەسەر ئەمە چییە؟
وەلید مەحمود: ئەو دوو رووداوەی سنووری ئاغجەلەر، کە هاوڵاتی سڤیلى تێدا شەهید بوون مایەی شەرمە بێدەنگ بین، چونکە ئەو شوێنە سەدان کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە و هیچ بیانوویەک نییە بۆ بۆردوومانکردنى ئەو ناوچانە و لە هەمانکاتیشدا ئەوەی لە کامپی مەخمور ڕوویدا جێگای نیگەرانیە، چونکە ئەوانەی لەوێ دەژین ئاوارە و هاوڵاتی مەدەنین و بۆ ئەوەی بە ئازادیی بژین لەو شوێنەدا ماونەتەوە، تورکیای فاشی جیاوازى لەنێوان کورددا ناکات و لای ئەوان گرنگە کورد شەهید بکەن، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانە ئەوەیە، کە وڵاتانی جیهان لەو کارە دڕندانەی تورکیا بێدەنگن، لەکاتێکدا پێویستە چیتر ڕێگە بە تورکیا نەدرێت سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان ببەزێنێت.
-هێرشی دەوڵەتی تورک گەشتووەتە تیرۆری وڵاتپارێزان لە شوێنی کاری خۆیان، ئەم هێرشانە بەبێ هاوکاریی ناوخۆیی ئەنجام دەدرێن؟
وەلید مەحمود: ئەگەر چاوساغیى و هاوکاریی لایەنێکى ناوخۆیی نەبێت، ئەوا تورکیا ناتوانێت بەو شێوەیە بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و لە حاڵەتى هاتنیان ئەوا ناتوانن ئامانجەکانیان بپێکێن، بۆیە بێگومان هاوکاریی ناوخۆی دەستی تورکیای بۆ کوردستان ڕاکێشاوە.
-سلێمانی وەک ناوچەیەکی ئارام بۆ وڵاتپارێزان ناسرابوو، بەڵام سێ ساڵە زنجیرەیەک هێرش و تیرۆر لەو سنوورەدا ئەنجام دەدرێن، خوێندنەوەی ئێوە چییە؟
وەلید مەحمود: کەسان و لایەنێک بە مەبەست دەیانەوێت سنووری سلێمانی بشێوێنن، جا ئەوانە زۆرن، چونکە هەندێکیان دووژمنی کوردن و هەندێکیشیان نەیارانى کوردن، کە دەبنە داردەستی نەیارانی گەلەکەمان، چونکە مێژووى ڕووداوەکان پێمان دەڵێن، هێز هەیە بۆ مانەوەی خۆی پەنای بۆ دووژمنان بردووە، هەر بۆیە دەبێت یەکڕیزییمان بەهێز بکەین و چیتر نەهێڵین، دووژمنان لەڕێگای درزەکانەوە بێنە نێوانمان و بازاڕی خۆیان خۆش بکەن.
ئ.م
Comments are closed.