غازی فەیسەڵ: داعش و هێزی پارتی لە قەرەچوغن و تەقە لەیەکتر ناکەن

فەرماندەی خۆبەخشی یەنەکە ئاشکرای دەکات، ناسنامەی تورکی چەتەی داعش کەوتووەتە دەستیان، کە لە تورکیا بۆی دەرکراوە و دەڵێت: داعش لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنی هەیە، لەگەڵ یەکەی ٨٠-ش لە قەرەچوغن، چاویان لەیەکتر داخستووە و تەقە لەیەک ناکەن.

غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی یەنەکە، لەبارەی زیادبوونی هێرش و جموجوڵەکانی چەتەکانی داعش، هاوکات لەگەڵ هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنیوز دەداتەوە و زانیاریی نەبیستراو و گرنگ ئاشکرا دەکات، هەروەها هەڵوێستی حزبەکەی لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەخاتەڕوو.

چەتەکانی داعش چۆن سەریانهەڵدایەوە؟

“بەهەماهەنگی لایەنێکی سیاسی”

غازی فەیسەڵ: لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ حکومەتی عێراق کۆتاییهاتنی داعشی ڕاگەیاند، بەڵام بەداخەوە لە ڕووی فکرییەوە هەر مابوون، ئەوەبوو گەشەیان کردەوە و بەبەرنامەیەکی سیاسیی لەگەڵ لایەنێکی سیاسیی هەماهەنگییان کرد و هاتنە سەر شاخی قەرەچوغ و هاتنە ناو خاکی کوردستان، لەکاتێکدا چیای قەرەچوغ پێشمەرگەکانی یەکەی ٨٠ی سەربە پارتی لێیە، ناو بەناو هێرش و جموجوڵ دەکەن بۆسەر هێزەکانی ئێمە و جووتیاران و خەڵکی ناوچەکە.

چڕبوونەوەی هێرشەکانی داعش پەیوەندیی بە چییەوە هەیە؟

“گومانمان لە هاوکاتی هێرشەکانی داعش و تورکیا هەیە”

غازی فەیسەڵ: دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی داعش هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، هەروەها هێرشەکانیان بۆسەر خەڵکی مەدەنی چڕکردووەتەوە، ئێمە گومانمان لە هاوکاتیی هێرشەکانی داعش و سوپای تورکیا هەیە بۆسەر خەڵکی مەدەنی، داعش ڕێککەوتن و هەماهەنگییان لەگەڵ پێشمەرگەکانی یەکەی ٨٠ی سەربە پەدەکە هەیە و ئەمە لە گومان تێپەڕیوە، من بە وەزیری پێشمەرگەم وتووە یەک مانگ چیای قەرەچوغ بدەن بە ئێمە پاکی دەکەینەوە لە داعش.

-پێتانوایە داعش ڕێککەوتنی لەگەڵ کێ هەیە؟

“داعش ڕێککەوتنی هەیە و هاوکاریی دەکرێت”

غازی فەیسەڵ: هێزەکانی داعش و  پێشمەرگەکانی یەکەی ٨٠ی سەربە پارتی لە چیای قەرەچوغن و چاویان لەیەکتر داخستووە و تەقە لەیەک ناکەن، هەروەها داعشەکان زنجیرەیەک پەیوەندیی و ڕێککەوتنیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و لایەنێکی سیاسیی هەیە، داعش لەلایەن ئەو هێزەی کە جیرانیانە هاوکاریی و پشتیوانی دەکرێن، ئەمانە نهێنین بەڵام بە جوڵەیان ئاشکرایە کە پێکەوەن، ئێمە نیگەرانین لەو جۆرە سیاسەتە.

– ناسنامەی چەتەکانی داعش چییە؟

“لە تورکیا ناسنامەیان بۆ دروستکراوە”

غازی فەیسەڵ: چەکدارانی داعش لە عێراق و ناوچەکە، زۆربەیان کە لە کاتی شەڕدا ناسنامەیان دەکەوتە بەردەستمان، لە کۆنە بەعسییەکان و سونە توندڕەوەکان بوون، ناوە ناوە ناسنامەی تورکیش کەوتووەتە بەردەستمان کە لە تورکیا ناسنامەیان بۆ دروستکراوە، هەروەها لە تورکیاش خەڵکیان هەیە و لەوێوە بەرەو سوریا و خاکی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەدەکرێن، ژمارەی شانە نوستووەکانیان لە چەکدارەکانیان زیاترە.

-چ پەیامێکتان هەیە بۆ هێزەکانی پەدەکە؟

“شەرمەزارییە..

غازی فەیسەڵ: لێرەوە بە برادەرانی پەدەکە دەڵێم، شەرمەزارییە بۆ هەموو گەلی کورد، کە چەکداری داعش لە چیای قەرەچوغەوە دێن پێشمەرگە شەهید دەکەن بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە، با بزانن ئەوە شکستە بۆ هەموو کورد، ئەگەر چاوپۆشییان لێدەکەن و بابەتەکە سیاسی و ڕێککەوتنە، پێویستە ئەوە بزانن تا یەکگرتوو تەبا نەبین بارودۆخمان خراپتردەبێت.

-هەڵوێستی یەنەکە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک چییە؟

“هەڵوێستی ئێمە دژی داگیرکارییە”

غازی فەیسەڵ: هەڵوێستی ئێمە دژی داگیرکارییە، دەبێت پەدەکە بەخۆیاندا بچنەوە و پێشنیاریان بۆدەکەین هەڵوەستەیەک بکەن لەبارەی سیاسەتی خۆیان و ئەوەندە نەکەونە ژێر کاریگەریی تورکیا، ئێمە دژی هیچ نەتەوەیەک نین، بەڵام لە دژی ئەو سیاسەتە قێزەونەیەن کە دێت منداڵ و خەڵکی مەدەنی شەهید دەکەن، داعشەکان لە قەرەچوغن تەنیشت کامپی مەخمور ئێمە و کامپەکە بەیەکەوە بەرگریی لە خۆمان دەکەین، کە داعش نەیەت و شەهیدمان بکات، لە دووریی سەدان کیلۆمەترەوە فڕۆکەی تورکی دێت خەڵکی مەدەنی شەهید دەکەن ناڕۆن لە داعش بدەن.

تێڕوانینتان لەبارەی گەریلا و پەکەکەوە چۆنە؟

“پارێزەری نیشتمانن”

غازی فەیسەڵ: هەڤاڵانی پەکەکە بە هێزێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانی دەزانم، هەر کەسایەتی و ڕێکخراو و حزب و هێزێک لە خەکی خاک و نیشتماندابێت ئێمە بە شۆڕشگێڕیان دەزانین، گەریلا بە پارێزەری نیشتمان دەزانم و تائێستا نەمبینیوە کە بە جۆرێک هەماهەنگی لەگەڵ داگیرکەران بکەن.

ش.ف

 

 

Comments are closed.