نورتەن چەلەبی: تا دۆزینەوەی بکوژەکان دەست لە کەیسی زەکی هەڵناگرین

سێ هەفتە بەسەر تیرۆرکردنی زەکی چەلەبیدا تێدەپەڕێت، تا ئێستا بکوژەکانی دەستگیرنەکراون، هاوژینەکەشی دەڵێت: هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم ناچارن بکوژەکان بدۆزنەوە، چونکە منیش ناچارم وەڵامێکی دوو منداڵەکەم بدەمەوە، ئێمە تا بکوژەکان نەدۆزینەوە دەست لەو کەیسە هەڵناگرین.

درەنگانی شەوی ١٧ی ئایار دوو کەس بە ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەیان لە زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شەقامی بەختیاریی شاری سلێمانی، کرد و چوار فیشەکی بەرکەوت، دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٧ کاتژمێر لە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی شەش نەشتەرگەریی بۆی، ئێوارەی ١٨ی ئایار بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ڕۆژی ٢٣ی ئایاریش تەرمی زەکی چەلەبیی لە سلێمانییەوە بە ئاپۆڕایەکی جەماوەریی بەرەو باکووری کوردستان بەڕێکرایەوە و شەوی ٢٧ی ئایار تەرمەکەی لە ژێر گەمارۆی پۆلیسی تورکدا لە شاری وان-ی زێدی خۆی بەخاکسپێردرا.

سێ هەفتە بەسەر تیرۆرکردنی زەکی چەلەبیدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا بکوژەکانی دەستگیرنەکراون و هیچ دەزگا و لایەنێکی ئەمنی و حکومی لە هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە هیچ بەیاننامەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە، لە کاتێکدا وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی بکوژەکان و ساتی ڕووداوەکە لەدەست هێزە ئەمنییەکاندایە، لەم بارەیەوە نورتەن چەلەبی هاوژینی زەکی چەلەبی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنیوز زانیاری دەخاتە ڕوو.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:-

-زەکی چەلەبی بۆچی ڕووی لە باشووری کوردستان کرد؟

“پەنابەری سیاسی بوو”

نورتەن چەلەبی: زەکی لە باکووری کوردستان، لەسەر هەڵوێستە سیاسیی و نەتەوەییەکانی شەش ساڵ زیندانیی کرا، دوای ١٠ ساڵ هێشتا دۆزەکەی لە دادگا بەردەوامبوو، بۆیە هەڵهات و پەنای بۆ ئێرە هێنا وتی ئێرە مەتەرێزی دایکە بە ئازادیی دەژین لێرە، بەڵام بەداخەوە وانەبوو، ١٢ساڵە لێرە دەژین دوو منداڵمان لێرە لەدایک بوو، زەکی بۆ خۆی نەژیا بۆ گەلەکەی ژیا، لەگەڵ هەموو کەسێک هاوکاربوو.

-بۆچی تیرۆرکرا؟

“میت داوای سیخوڕیی لێکرد ئەویش ڕەتیکردەوە”

نورتەن چەلەبی: زەکی لێرە خاوەن ماڵ و کاربوو، ئەوکەسانەی کە لەگەڵیدا کاریان دەکرد وەک خێزانێک بوون پێکەوە، پرسی ژن، خاک و ئازادیی لای زەکی تایبەت و جیاوازبوون، لە هەمان کات باوکێکی نمونەیی بوو، هەڕەشەی تیرۆرکردن تازە نەبوو لەسەر زەکی، چەند ساڵە هەڕەشەی لێدەکرێت، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا هەڕەشەکانیان زۆر زیاتر کرد، میت داوایان لێدەکرد، زەکی ببێت بە سیخوڕی ئەوان، بەڵام زەکی قبوڵی نەدەکرد، بۆیە تیرۆریان کرد.

-بکوژەکانی زەکی چەلەبی دەستگیرکراون؟

نەخێر..

نورتەن چەلەبی: نەخێر، زەکی بۆ شەرەف و فکر و فەلسەفەی خۆی لێرەبوو، حەیف بۆ شارێکی وەکو سلێمانی لەو خاکە پیرۆزەدا ئەو تیرۆرە ئەنجامدرا، حەیف دەستی پیس و خوێناویی خۆیان خستە ناو ئەم خاکە، من دەپرسم هەم وەک هاوڕێ و هەم خێزانی زەکی، با کەسێک وەڵامم بداتەوە، بۆچی ئەوەندە زەحمەت بوو ئەو بکوژە بدۆزنەوە؟.

وتیشی: لە شەقامی بەختیاری لەو قەرەباڵغییەدا کە دەیان کامێرای تێدایە، نەیانتوانی دوو کەسی پیادە بدۆزنەوە؟ لەپشتی ئەو بکوژانەوە هێزێکی جیاواز هەیە ئێمە ئەو هێزەش دەناسین، بەڵام حەیف بۆ حکومەت و ئاسایش کە یەک بەیاننامەشیان دەرنەکرد، دوو منداڵم هەیە نازانم چ وەڵامێکیان بدەمەوە، چونکە تا ئێستاش هیچکامیان ئەو ڕووداوە قبوڵ ناکەن.

-پەیامی ئێوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم چییە؟

“شەرمە بکوژی کوردێک داڵدەبدەن”

نورتەن چەلەبی: بافڵ تاڵەبانی لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە پشتگیریی هەر چواربەشی کوردستان دەکەم، کوا؟ کوا پشتگیریی ئێوە ناتوانن دوو بکوژ بدۆزنەوە، تا ئێستا لەبارەی بکوژەکانەوە هیچیان بە ئێمە نەوتووە، تەنها چەند وێنە و ڤیدۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن ڕۆشتوون بۆ هەولێر، من تێناگەم سلیمانی و هەولێر دوو وڵاتی جیاوازن؟ ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەولێر دەستیان لەو تیرۆرەدا نییە بۆچی وەڵامێک نادەنەوە؟ شەرم نییە کوردێک بەدەستی میتی تورک دەکوژرێت ئێوە بکوژەکانی داڵدەدەدەن؟.

بۆچی بکوژەکان هەڵدێن بۆ هەولێر؟

“هەولێر بووە بە شارێکی تورکی”

نورتەن چەلەبی: هەولێر وەک شارێکی تورکی لێهاتووە، ئەگەر هەولێر پشتیوانی تورکیا نەبێت بکوژەکان نەپارێزێت، ناهێڵن یەک کوردی وڵاتپارێز لە هەولێر بژی، کاتێک عوسمان کۆسە لە هەولێر کوژرا بە کاتێکی کەم چەند کەس دەستگیرکران و دوو گەنجی کورد لەسەر ئەو ڕووداوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەکرا، ئایا نەیانتوانی لە شەقامێکی قەرەباڵغی وەکو بەختیاری دوو بکوژ بدۆزنەوە؟.

هەوڵەکانتان چی دەبێت بۆ دۆزینەوەی بکوژەکان؟

“تا بکوژەکان نەدۆزینەوە دەستهەڵناگرین”

نورتەن چەلەبی: ئێمە هەم وەکو خانەوادەی زەکی چەلەبی هەم وەک ڕێکخراوی میزۆپۆتامیا، چالاکییەکانمان بەردەوامە و دەست لەم کەیسە هەڵناگرین هەتا بکوژەکان دەدۆزینەوە، دەسەڵات مەجبورە ئەو بکوژانەم بۆ بدۆزنەوە چونکە منیش مەجبورم وەڵامێکی منداڵەکانم بدەمەوە.

هەڵوێست و کاردانەوەی گەلی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن لەسەر ئەو ڕووداوە؟

“گەلی کورد لە مەراسیمی زەکیدا بوون بە یەک”

نورتەن چەلەبی: دوژمن کاتێک زەکیان تیرۆرکرد وایانزانی کە ڕێگا و ڕێبازەکەی کۆتایی پێدێت، بەڵام نەیانزانی یەک زەکی شەهیدبوو هەزاران زەکی پەیدابوو، ناتوانن ئەو دەنگەش کپ بکەن، خەڵکی ئێرە لەهەموو توێژەکان، ئەوەی کە زەکی دەناسی و ئەوەشی کە نایناسی ئەوەی کە تەنها جارێک هاتبووە دەنیز، بەم ڕووداوە کاریگەربوون، چونکە قبوڵکراونییە، لە مەراسیمەکەی زەکیدا بینیم هەموو گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستانەوە هاتبوون بوون بە یەک ترس لە چاوی کەسدا نەمابوو، جگە لە خواستی تۆڵەسەندنەوە هیچ شتێکی تر بەدینەدەکرا.

ش.ف

Comments are closed.