ڕەشاد گەڵاڵی: سەرسەخت دەبین بۆ کەمکردنەوەی جوڵەی وڵاتانی هەرێمایەتی

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەنەکەی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، یەنەکە بەشداری هیچ ڕێککەوتنێکی نێوان پەدەکە و تورکیا نەبووە، بۆ ئەوەی کە بارەگای میت و بارەگای سەربازیی تورک بێتە گۆڕەپانەکە و دەڵێت: لەمەودوا داکۆکیکارێکی سەرسەخت دەبین، بۆ کەمکردنەوەی جوڵەی وڵاتانی هەرێمایەتی.

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک دیدار لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەک پڕۆسەیەکی خۆ نوێکردنەوە بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) دەستیپێکرد، کۆتا دیدار کە دیداری فراوان بوو لە شاری سلێمانی ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو دەستیپێکرد و ماوەی سێ ڕۆژی خایاند.

لەبارەی گۆڕانکارییە ستراتیژیی و سیاسییەکانی یەنەکە لە دوای ئەنجامدانی دیدارەوە، چ وەکو حزبێکی کوردیی و چ لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەشاد گەڵاڵی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەنەکەی هەولێر لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز زانیاریی دەخاتەڕوو.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:-

-ئایا لەدوای دیدارەوە سیاسەت و ستراتیژییەتتان دەگۆڕێت؟

“لە ئاست قۆناغی داهاتوو نەبین، ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی گەورە دەبینەوە”

ڕەشاد گەڵاڵی: لەدوای دیداری یەکێتی و لە ساڵیادی نوێی حزبەکەماندا، سەرۆک و سەرکردایەتی نوێی یەکێتی لەبەردەم ڕێگایەکی زۆر چارەنووسسازدایە، بەشێکی کێشمەکێشمەکانی ناوخۆیە لەگەڵ پەدەکە، جومگەی سەرەکی ململانێکان لەسەر سیستمی هەڵبژاردنی داهاتوو و شێوازی حکومڕانییە، یەکێتی بە ستراتیژییەت و سیاسەت و بیرۆکەیەکی نوێوە دێتەوە ساحەکە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو چەقبەستووییە ئیداریی و سیاسییە بهێنێت لەهەرێمی کوردستان، دوای دیداری یەکێتی، سەرۆک و سەرکردایەتی یەنەکە لەبەردەم قۆناغێکی زۆر قورسدایە، ئەگەر لەئاستی وەڵامدانەوەی قۆناغی داهاتوو نەبن، ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی گەورە دەبنەوە.

-هەڵوێستی یەنەکە دەربارەی پرسە نیشتمانییەکان و بەشەکانی دیکە چۆن دەبێت؟

“کاری باشتر بۆ پێشخستنی ئەم خەتە دەکەین”

ڕەشاد گەڵاڵی: یەکێتی لەسەر ئەو خەتە نیشتمانییەیە، کە بڕوای بە هەرچواربەشی کوردستان هەیە، هاوکارییکردن و هەماهەنگی و خوێن بەخشین بۆ سەرخستن و باڵادەستبوونی کورد لەهەربەشێکی کوردستان، یەکێتی بە ئەرکی دەزانێت، هەروەها کاری باشتر بۆ پێشخستنی ئەم خەتە دەکەین.

-لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر چی کرایەوە؟

“سیاسەتێکی نوێ لەسەر ئاستی هەرچواربەشی کوردستان پەیڕەودەکەین”

ڕەشاد گەڵاڵی: لەم دیدارەدا سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە خاڵێکی جەوهەریی کرد، کە سەرەتایەکی نوێیە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نوێ لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەی کوردستان.

-چی لە سیاسەتی یەنەکە دەگۆڕێت لە ناو حکومەتدا؟

“کاندیدمان بۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم دەبێت”

ڕەشاد گەڵاڵی: ئێمە لەمەبەدوا لەهەموو پرۆسەیەکدا کاندیدمان دەبێت واتا بۆ سەرۆکی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانیش، پێشووتر لەسەر بنەمای ڕێککەوتن دەکرا لەگەڵ پەدەکە، بەڵام بە هەڵگەڕانەوەی پەدەکە لەو بەڵێن و ڕێککەوتنانەی پێشوو، بوو بە پاشەکشەیەکی نوێ بۆ یەنەکە، بۆیە بە سیاسەتێکی نوێوە دێینەوە گۆڕەپانەکە.

-بۆچی پەدەکە حکومەتی بۆخۆی قۆرخکردووە؟

“باڵانسی هێز ڕێک نەبێتەوە کۆی مافە بەدیهاتووەکانیشمان لەدەست دەدەین”

ڕەشاد گەڵاڵی: لەدوای جیابوونەوەی گۆڕان لە یەکێتی، پرۆسەی سیاسیی لەهەرێمی کوردستان لاسەنگ بوو، جیابوونەوەی گۆڕان گەورەترین زیانی بە پرۆسەی سیاسیی و دیموکراسیی گەیاند لە هەرێمی کوردستان، بۆیە پارتی کرد بە کەڵەگا و کۆی پۆستە سیاسییەکانی برد، بۆ گێڕانەوەی باڵانس پێویستە یەکێتی هەم لەگەڵ شەقام ئاشتبێتەوە هەم لە نێوخۆی خۆیدا، چونکە گەر وابڕوات کۆی مافە بەدیهاتووەکانیشمان لەدەست دەدەین.

-هەڵوێستی یەنەکە بەرامبەر دەستدرێژی و داگیرکارییەکانی تورکیا چییە؟

“یەکێتی داکۆکیکارێکی سەرسەخت دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو جوڵانەی وڵاتانی هەرێمایەتی”

ڕەشاد گەڵاڵی: کۆی بارەگاکانی سوپای تورک کە دەگاتە ٦٥ بارەگا هەمووی لە سنووری دهۆک تا دەگاتە هەولێر و موسڵدایە، لەو ناوچانە پەدەکە باڵادەستە، یەنەکە بەشداری هیچ ڕێککەوتنێکی نێوان پەدەکە و تورکیا نەبووە، بۆ ئەوەی کە بارەگای میت یاخود بارەگای سەربازیی تورکی بێتە ساحەکە، بۆیە یەکێتی داکۆکیکارێکی سەرسەخت دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو جوڵانەی وڵاتانی هەرێمایەتی، هەڵوێست و ئیدانەکانی یەنەکە زۆر بە ڕوونی دیارە، ئێمە لەگەڵ هاتنی هیچ هێزێکی هەرێمایەتی نین بۆناو خاکی کوردستان.

-سیاسەتی دروست بۆ کورد چییە؟

“ئەگەر کۆدەنگی نێوماڵی کورد نەیەتە ئاراوە زەرەری گەورەمان بەردەکەوێت”

ڕەشاد گەڵاڵی: ئەگەر تەنها خەون بەکەڵەگایەتییەوە ببینن و ڕێگا بدەن تورکیا بەدڵێ خۆی بێت و تەراتێن بکات لە ناو هەرێمی کوردستان و بڵێن تەنها گرنگ ئەوەیە کە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەتم لەبەردەستدایە، ئەمە زیانی زۆرمان پێدەگەیەنێت، ئەگەر کۆدەنگی نێوماڵی کورد نەیەتە ئاراوە بەتایبەتی نێوماڵی هەرێمی کوردستان و هەموو حزبەکان لەسەر ستراتیژییەتێکی هاوبەش کۆکنەبن زەرەری گەورەمان بەردەکەوێت.

ش.ف

 

 

Comments are closed.