خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا: بە هەموو هێزمانەوە ئامادەی بەرگریین

خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایدەگەیەنێت، تائێستا دەوڵەتی تورک لەلایەن ئەمریکا و ڕووسیاوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەکراوە بۆیە ناتوانێت هێرش بکات، هەروەها ئێمە لە ڕووی سەربازییەوە بە هەموو توانا و هێزمانەوە ئامادەی بەرگریین، لە ئاستی نێودەوڵەتیی و دیپلۆماسیشدا کاردەکەین بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشە.

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، دوای ئەوەی لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٦، ٢٠١٨، ٢٠١٩ سێ هێرشی بەرفراوانی داگیرکاری ئەنجامدا بۆسەر هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەریەک لە ناوچەکانی جەرابلوس، عەفرین، سەری کانی و گرێ سپی داگیرکرد.

 لە ئێستادا ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشیکی دیکەی فراوان دەکات بۆسەر ڕۆژئاوای فورات و داگیرکردنی ناوچەکانی تلرەفعەت و منبج، بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕووی سەربازییەوە خۆی ئامادە دەکات و لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا کار دەکات بۆ ئەوەی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت.

لەم بارەیەشەوە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە، هۆشدارییدا و ڕایگەیاند، کە هەڕەشە نوێیەکانی تورکیا مەترسیی گەورە دەخەنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەر هێرشێک بکرێت، سوورییەکان دابەشدەکات، قەیرانێکی نوێی مرۆیی دروستدەکات و دانیشتووە رەسەنەکان و ئاوارەکانیش ئاوارە دەکاتەوە، ڕاشیگەیاند، ئەگەر تورکیا هێرش بکات، بەرخۆدانێکی مێژوویی نیشان دەدەین.

لەبارەی ئەگەرەکانی دروستبوونی ئەو هێرشە و هەڵوێستی گەلانی سوریا، ڕای ناوخۆ و نێودەوڵەتی و ڕوسیا و ئەمریکا، بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان و ئامادەکارییەکانی خۆبەڕێوەبەری بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشە، لوقمان ئەحمێ، وتەبێژی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوز دەداتەوە.

ئامانجی ئەردۆغان لەم هەڕەشانە چییە؟

لوقمان ئەحمێ: دەوڵەتی تورک لەهەرکوێیەک ستاتۆیەکی کوردان هەبێت و کوردێک بژی هەوڵی لەناوبردنی دەدات، سەرەتا لە ڕێگای داعشەوە هەوڵیاندا ستاتۆی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەناوبەرن، بەڵام داعش لەسەردەستی یەپەگە و یەپەژە و هێزەکانی خۆبەڕێوەبەرییەوە تێکشکێندرا، دەوڵەتی تورک ئێستا دەیەوێت تۆڵەی تێکشاکاندنی داعش بکاتەوە.

-ئێوە چۆن خۆتان ئامادە کردووە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە؟

لوقمان ئەحمێ: لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ڕژێمی تورکیا، خۆبەڕێوەبەریی لەڕووی سەربازییەوە بەهەموو توانا و هێزی خۆیەوە ئامادەیە بۆ بەرگریی و خۆپاراستن، هەروەها لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە هەوڵدەدرێت، کە فشاربکرێتە سەر دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی پێشێلکارییەکانی ڕابگرێت، هەروەها لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوە، دیموکراسیی، ئاشتیخواز و ئازادیخوازییەکان لەسەر ئاستی جیهان هەوڵداین سەبارەت بە پاراستنی هەرێمەکانمان.

-هەڵوێستی گەلانی سوریا چۆنە؟

لوقمان ئەحمێ: گەلەکەمان چیتر لەوە تێدەگەن، کە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ قڕکردنە، هەموو تاک و پێکهاتەیەکی ناوچەکە لەناو تێکۆشاندان و هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن و لە دژی هێرشی فاشیزمی تورکیان، گەل چیتر ئەزمونی هەیە لەگەڵ ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک، بینییان چۆن لە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی داگیرکارییان کرد و دیمۆگرافیای ناوچەکەیان گۆڕی و لەدژی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە وەستانەوە.

-پێشبینی دەکەن ئەو هێرشە کەی ئەنجام بدرێت؟

لوقمان ئەحمێ: ناتوانین پێشبینی بۆ کاتی دەستپێکردنی ئەو هێرشە بکەین، چونکە پەیوەندی بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزەوە هەیە لەلایەن ئەمریکا و ڕوسیا بۆ دەوڵەتی تورک، دەوڵەتی تورک تا ئێستا نەیتوانیوە بەڵێی ئەو وڵاتانە بەدەستبهێنێت، بۆیە تا ئێستاش نەیتوانیوە هێرش بکات، بەڵام نازانین لە داهاتوودا چۆن دەبێت.

-ئەو ناوچانە کوێن کە دەوڵەتی تورک هەڕەشەی داگیرکردنیان دەکات؟

لوقمان ئەحمێ: تلڕەفعەت و منبجە، کە جگە لە هێزەکانی ئێمە زۆر هێزی دیکەی تێدایە و هەروەها ڕژێمی سوریاش هەڵوێستی نیشانداوە دژی ئەو هەڕەشانە، ئەگەر ڕەزامەندیی بدرێت بۆ ئەو هێرشەی تورکیا ئەوا ڕووسیا و ڕژێمی سوریا و ئێران، دەکەونە ناو هەڵەیەکی ستراتیژیی مێژووییەوە، چونکە دوای داگیرکردنی ڕۆژئاوای فورات، شاری حەلەب دەکەوێتە ژێر گەمارۆوە.

-هەڵوێستی ڕژێمی سوریا چۆنە؟

لوقمان ئەحمێ: بەدەر لە بەیاننامە هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی کرداریی لەلایەن ڕژێمی سوریاوە نەبینراوە، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین هەڵوێستەکانیان بکەینە کرداریی، هەرچەند ئەوان هەوڵدەدەن ئەم هەڕەشانە بکەنە کارتێک دژی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئەوەی دەست لەو ناوچانە هەڵبگرین، ئێمە پێمانوایە وێڕای هەموو کێشە و ناکۆکییەکان دەبێت هەموو ئەو ناوچەیەکی  سوریا کە لە ژێر مەترسیدابێت بیپارێزین.

-هیچ پلانێکتان بۆ ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان هەیە؟

لوقمان ئەحمێ: لە چوارچێوەی پاراستندا هیزەکانمان تۆکمەکردووە و هێزی ڕزگاریی عەفرین بەردەوامە لە چالاکییەکانی بۆسەر ئەو ناوچانەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراون، ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە پلانی لە پێشینەی خۆبەڕێوەبەریی و هێزە سەربازییەکانمان دایە.

ش.ف

Comments are closed.