چاودێری سیاسی لەتیف فاتیح فەرەج پێیوایە، سوید و فینلاند ناچنە ژێرباری مەرجەکانی تورکیاوە، لە سیاسەتی گشتی ئەو وڵاتانەدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕوونادات، چونکە ڕێگانادەن ئەردۆغان دیموکراسی و ئازادییان بخاتە ژێر پرسیارەوە، دەشڵێت: یەکێک لە ترسەکان ئەرێکردنی ئەمریکایە بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا.
لەتیف فاتیح فەرەج چاودێری سیاسی، لەبارەی ڕێککەوتنی سوید و فینلاند لەگەڵ دەوڵەتی تورک و مەرجەکانی پشت ئەو ڕێککەوتنە دەربارەی کورد، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنیوز دەداتەوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە؛
– ڕاتان چییە لەسەر مەرجەکانی تورکیا لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ سوید و فینلاند بۆ ڕازیبوون بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ؟
لەتیف فاتیح فەرەج : مەرجەکانی تورکیا بۆ سوید و فینلاند شەرمەزاری و ناشرینییەکی گەورەیە و جۆرێکە لە عەیب و عاری دیموکراسی، بەڵام نە سوید و نە فینلاند ناچنە ژێر باری مەرجەکانی تورکیاوە، ڕەنگە ئەمریکییەکان هەندێک بەڵێنیان بە ئەردۆغان دابێت و چەند مەرجێکیان بەسەر سوید و فینلاند سەپاندبێت، بۆ ئەوەی ئەردۆغان ڕووی خۆی بشواتەوە و لە شەرمەزاریی ڕزگاری ببێت و لە ژێر فشاردا ڕازی ببێت بە بەئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ.
– ئەم ڕێککەوتنە چی لە سیاسەتی ئەو وڵاتانە دەگۆڕێت بەرامبەر کورد؟
لەتیف فاتیح فەرەج : لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی ئەو وڵاتانەدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕوونادات، ڕەنگە لە پرسی فرۆشتنی چەک بە تورکیا هەندێک ئاسانکاری بکەن، چونکە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە، بەڵام ئەگەر ئەردۆغان بیەوێت هەموو مەرجەکانی بسەپێنێت و دیموکراسی و ئازادی و ئازادیی ڕادەربڕین لە سوید و فینلاند بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوە زۆر زەحمەتە.
– بەشێک لە چاودێران بە سکانداڵێکی گەورەی دەبینن، ئێوە چی دەڵێن؟
لەتیف فاتیح فەرەج : توشی شۆک بووم وەکو کوردێک کاتێک دەبینم لەسەر حسابی من تورکیا ئەرێ دەکات بۆ بەئەندامبوونی دوو وڵات لە ناتۆ، بۆچی؟ ئەی بۆچی ئەردۆغان و حکومەتەکەی ئەخلاقی ئەوەیان نییە کە ئاشتی بەرقەراربکەن لە وڵاتەکەیان؟ بۆچی نابنە سەرزەمینێکی دیموکراسیی، کە کورد ناچار نەبێت پەنا بباتە بەر چەک؟
– پێتان وایە پڕوپاگەندەکانی ئەردۆغان لەمەڕ ئەم ڕێککەوتنە راستبن؟
لەتیف فاتیح فەرەج : حەقیقەت لای ئامینە کاکەباوەیە، چونکە پەرلەمانتاری سویدە، ئەردۆغان ڕاست ناکات چونکە بەرژەوەندی هەیە لەو پڕوپاگەندانە دەیەوێت کێرڤی دەسەڵاتی خۆی بەرزبکاتەوە، هەروەها هەڵبژاردنی لە پێشە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکە کە دۆسییەی کورد و پەکەکە یەکێک بووە لە دۆسییەکانی دانیشتنەکە، شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ دەوڵەتێکی ٨٠ ملیۆنی نەتوانێت کێشەی کورد چارەسەربکات و پەنا بەرێتە بەر وڵاتانی دیکە، بۆ ئەوەی ئازادیخوازانی ئەو نەتەوەیە سەرکوت بکات.
– ئایا پرسی هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەم ڕێککەوتنەدا وروژاوە؟
لەتیف فاتیح فەرەج : یەکێک لە ترسەکانم ئەوەیە کە ژێربەژێر تورکیا بەڵێنێکی لە ئەمریکا وەرگرتبێت، کە چاوپۆشی لە هێرشی تورکیا بکەن بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات لەدوای ئەو ڕێککەوتنەوە هێرش و جموجوڵەکانی تورکیا زیادیکرد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ناتۆ ڕێکخراوی ئاشتی و پێکەوەژیان نییە بەڵکو ڕێکخراوی ئەو وڵاتانەیە، کە لەژێر پەرچەمی ئەمریکادا شەڕ دژی ئازادیی و دیموکراسیی دەکەن.
ب.ل
Comments are closed.