سیامەند موعینی: هیچ دەرفەتێکی گۆڕانکاریی لەم دەسەڵاتەی ئێراندا نەماوە و پێویستە خۆپیشاندانەکان بەردەوامبن

هاوسەرۆکی پژاک ڕایگەیاند، ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ئێران هیچ دەرفەتێکی گۆڕانکاریی تێدا نەماوە وچاوەڕوانیکردنی دیموکراسیی لەم سیستمە بۆ دیموکراسی، خەیاڵێکی پر فریودانی مێژوویی دەبێت”. بەگرنگیشی دەزانێت خۆپیشاندانانە بەردەوام بێت و “بگاتە قۆناغێکی نوێ و تا دەگاتە سەرکەوتن”.

سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، باسی لە دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرۆژەی پژاک بۆ دۆخی ئێران و گرنگیی یەکهەڵوێستیی لایەنەکان کرد.

موعینی پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپاتکردەوە و دەڵێت:”ئێمەش وەک پژاک لە ڕۆژی یەکەمەوە لەگەڵ گەلەکەمان تێکۆشانمان کردووە، تا سەرکەوتن لە سەنگەری گەلەکەمان و گەلانی ئازادیخوازی ئێراندا بە هەموو هێزەوە دەمێنینەوە”.

هاوسەرۆکی پژاک ئاماژە بەو هێز و کەس و لایەنانەش دەکات، کە دەیانەوێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێستا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە و دەڵێت:”کوڕی شای پێشووی ئێران بە دروشمی پۆپۆلیستیی دەیەوێت گەل فریوبدات، بەڵام گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد ئەزموونیان لە سیاسەتی پاشایەتیی و ئەم بنەماڵەیە هەیە و هیچ پێگەیەک لە ناو گەلانی ئێران بۆ ئەم جۆرە نابێتەوە”.

دەقی چاوپێکەوتنەکە

ڕۆژنیوز: دوای کوژرانی ژینا ئەمینیی بە پێشەنگایەتیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان ئەنجامدرا، پێشتریش چەندین جار خۆپیشاندان ئەنجامدراوە لە ئێراندا، جیاوازیی ئەم خۆپیشاندانە و ئەوانی دیکە چیە؟

“دەتوانین بە دەستپێکی ڕێنیسانسێکی زیهنیی و فکریی لە ئێران و ناوچەکە پێناسەی بکەین”

سایەمەند موعینی: سیستمی دیکتاتۆر و کۆنەپەرست، پێناسەی خۆی هەیە و ئەویش زهنییەتی تەنگ و قبوڵ نەکردنی بیری جیاواز و دژبەرە و بە تەواوی لەگەڵ هەر جۆرە ئازادییەک چ بۆ کۆمەڵگە بێت یان بۆ تاکەکەس دژایەتیی دەکات، هیچ کرانەوەیەکی لە بەرامبەر ئازادیدا بۆ قبوڵ ناکردرێت، دەسەڵاتداری و حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەم زهنیەتەوە و هاوکات بە تێڕوانینی ئەمنییەتی سەبارەت بە گەلانی ئێران و تێڕوانینی تا سەر ئێسقان پیاوسالاریی بۆ ژن، سروشتیە کە پێناسەیەکی بەم شێوە لە سەر حکومەتی فاشیستی مەزهەبی ئێران دروست بێت، ئەو حاکمیەتە هیچکات لە فکری چارەسەریدا نەبووە، بۆیە بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە ناو چین و توێژی جیاوازی ئێراندا لە بواری کۆمەڵایەتی، پیشەیی و سیاسییەوە لە ئێران هەبووە. خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی پێشوو جیاوازە، دەتوانین بە دەستپێکی رێنیسانسێکی زهنیی و فکریی لە ئێران و ناوچەکە پێناسەی بکەین، ئەوەش لە شێوازی بەڕێوەچوون و دروشمی خۆپیشاندانەکاندا ببینین، پێشتر خۆپیشاندانەکان یان پیشەیی بوون یان بەشێوازی هەرێمی یان بە زهنیەتی ناوەندگەرایی دەوڵەت-نەتەوەی دەسەڵاتداری بەڕێوەدەچوو، کە هیچ خاڵی سەرنجڕاکێش و هاوبەشی بۆ بەشەکانی تری کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان نەبوو.

ئەمجارە بە پێشەنگیی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و گەل لە تاران بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کە دروشمێکی شۆڕشگێڕیی، پێشکەوتنخوازیی و یەکسانیی نێوان ژن و پیاوە، هەموو بەشەکانی ئێرانی گرتەوە، ئەو دروشمە وەک ناوەندێک، هەموو هێز و تواناکانی لایەنە دژبەرەکانی رژێمی ئێرانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە، ئەو دروشمە کە لە سەرتاسەری ئێران وترایەوە، سەرچاوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەوە بەو واتایەیەکە کوردستان توانیویەتی ببێتە ناوەند و پێشەنگی شۆڕشێکی دیموکرات و ئازادیخوازیی بۆ هەموو ئێران.

ڕۆژنیوز: داخوازییەکانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت ژنان چییە و دەیانەوێت چی بگۆڕن؟

“نەمانی سیستمی تۆتالیتار و فاشیزمی مەزهەبیی حاکمانی ئێران داواکاریی هاوبەشی گەلانی ئێرانە”

سیامەند موعینی: داخوازییەکان جیاوازن و هەر پێکهاتە و هەر نەتەوەیەک داخوازیی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر لە بواری سۆسیۆلۆژیی و سیاسی، بابەتەکە بنرخێنین، دەبینین خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی ئێراندا زۆرن، یەکێک لەم خاڵە هاوبەشانە، نەمانی سیستمی تۆتالیتار و فاشیزمی مەزهەبیی حاکمانی ئێرانە، کە هەم بۆ پێکهاتەکانی ناو سنووری جوگرافیای ئێران هەزم ناکرێت هەم بۆ ژنان کە نیوەی کۆمەڵگە پێکدێنن قبوڵ ناکردرێت. دیکتاتۆری و دەستێوەردانی دەسەڵاتی ئێران لە سەر ژیانی ئینسانەکان، گەیشتووەتە ڕادەیەک، کە دەستێوەردان لە هەموو ژیانی ئەم خەڵکە دا دەکات و تەنانەت شێوازیی بەرگ پۆشین و ژیانیش بۆ ژنانیش دیاری دەکات، بۆ نەتەوەکان پرسی دیموکراسی و ئازادی بە پرسێکی ئەمنییەتیی و مەترسیدار بۆ حاکمیەت دەبینێت و ئیزنی هیچ جۆرە ئازادییەک نادات و بە پاساوی “تەجزیە” و “پارچەبوون”ی ئێران، هەرکەس و ڕێکخستنیک کە دژی ئەم ڕژێمە بێت، بەم ناوە سەرکوت دەکات، ئێمە وەک پژاک چەندین پڕۆژەمان لەم چەند ساڵەدا پێشکەش کردووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک ئەم داوخوازییانەی گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵات لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەرچاو نەگیراوە، بۆیە گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لێگەڕیندا دەبێت بۆ دۆزینەوە دەرفەت و ئیمکان بۆ گەییشتن بە ئازدیی.

ڕۆژنیوز: ئێران بەردەوام باس لەوە دەکات کە دەستی دەرەکیی لە پشتی ناڕەزایەتییەکان هەیە و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە بەرپرسیار دادەنێت، ئێوە هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەمە چیە؟

“ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا ئازادیی نەبێت و دیکتاتۆریی و تۆتالیتاریی بێت، گەل ناچارە ناڕەزایەتیی خۆی دەرببڕێت”

سیامەند موعینی: ئەو شێوازە گوتارە نوێ نییە و زۆربەی دیکتاتۆران کە دەکەونە تەنگ و چەڵەمە، پرس و کێشەکانی کۆمەڵگەیان بۆ چارەسەر ناکرێت، دەکەونە پاساو هێنانەوە و دەڵێن دەستی دەرەکیی لەم خۆپێشاندان و نارەزایەتییانەدا هەیە، ئەوە بەتەواویی ناڕاستە و پاساوێکی سەقەتە، کە دیکتاتۆران بۆ پرسی ئازادیی و مافخوازیی گەل دەهێننەوە، ئەگەر لە کۆمەڵگەیەک ئازادیی نەبێت و بەڕێوبەرایەتیی سیستم بە دیکتاتۆریی و تۆتالیتاریی بەڕێوەبچێت، گەل ناچارە ناڕەزایەتیی خۆی دەرببڕێت و ویست و مافی خۆی بەم مکانیزمە بە حاکمان بسەلمێنێت، دیکتاتۆران بەردەوام پاساوی دەستی دەرەکیی لە مژاری ناکۆکیی نێوان گەل و دەسەڵات بەرجەستە دەکەنەوە و ئەم میتۆدەش دەبینین، کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نەیتوانیوە تا کۆتایی دەوام بکات و لە ئەنجامدا زەمینەی بۆ داڕمان و ڕووخانی حاکمییەتی دیکتاتۆر ئامادە کردووە و لە کۆتاییدا ئەم سیستمانە بە دەستی گەل ڕووخاون.

ڕۆژنیوز: هەندێک هێز هەوڵدەدەن هیوای خەڵک بە دەرەوەدا هەڵبواسن و دەشیانەوێت دەسەڵاتی شا بە چارەسەر نیشانبدەن، لە ژێر ئەم هەوڵدانانەدا چی هەیە؟

“کوڕی شای پێشووی ئێران بە دروشمی پۆپۆلیستیی دەخوازێت گەل فریو بدات”

سیامەند موعینی: ڕاستە کۆمەڵێک حزب و کەسایەتیی هەیە کە دوور لە ئیرادەی گەل، هەموو هیوای خۆیان بە دەستێوەردانی دەوڵەتانی دەرەوە بەستووە و بەو شێوەیە دەخوازن کە خۆیان ببنە هێز لە حکومەتی داهاتوو دا، لە بنەڕەتدا ئەوە بەو واتایەیە کە ئەم حزب و کەسانە ڕێکخستنێکی کاریگەرییان لە ناو گەلی خۆیان دا نییە و دەخوازن بە هێزی بێگانە تەنیا جێگۆڕکی بە دیکتاتۆر بکەن و بۆخۆیان جێگای دیکتاتۆری پێشوو بگرنەوە. ئێمە دەزانین کە سیستمی جیهانیی پلان و پرۆژەی بۆ ناوچەکە هەیە و لەسەر بەرژەوەندیی سیاسەتی نیولیبراڵی، دەخوازێت پرۆژەی خۆی دامەزێنێت، هێزی گەل لە بەرەیەکی جودا بە پڕۆژەی خۆی ئامادەکاریی دەکات بۆ داهاتوی کۆمەڵگە و بۆ سازکردنی بەستەری گونجاو بۆ بە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە تێکۆشان دەکات، لە پەنای ئەم هێز و پاڕادایمە، تەیفێکی تر هەیە کە باسمان کرد، بە پشتیوانیی هێزی دەرەکی خۆی لەگەڵ پڕۆژەی نیولیبڕالیزم بگونجێنێت و لەم پڕۆسەیەدا خۆی بە جێ بکات و جێگۆڕکی بە دیکتاتۆر بکات و خۆی جێگای بگرێتەوە، کوڕی شای پێشوی ئێران بە دروشمی پۆپۆلیستی دەخوازێت گەل فریو بدات، بەڵام گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد ئەزموون و تەجروبەیان لە سیاسەتی پاشایەتیی و ئەم بنەماڵەیە هەیە و هیچ پێگەیەک لە ناو گەلانی ئێران بۆ ئەم جۆرە شۆڤێنیستانە نابێتەوە و گەل بە گشتی بەدوای ئاشتیی و ئازادین و فۆڕمەکانی تری دیکتاتۆریی چ دیکتاتۆری مەزهەبیی و ئیتنیکی و غەیرە ڕەت دەکەنەوە و هیچ پێگەیەکیان لە داهاتوی ئێراندا نابێت.

ڕۆژنیوز: هەندیک لایەنیش دەیانەوێت ژنان لەسەر ڕێی خۆیان لابدەن و داخوازییە ڕەواکانیان بگۆڕن، ئێوە لەم بارەیەوە چی پەیامێکتان بۆ خۆپیشاندەران هەیە؟

سیامەند موعینی: هەرکەس باش دەزانێت کۆمەڵگەی ئێران بە پەروەردە و سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆمەڵگەیەکی بە تەواوی بە زهنیەتی پیاوسالارییەوە هۆگر گرتووە و لە بناغەدا شێوازی بیرکردنەوە شێوازێکی پیاوسالاریە. هاوکات لە سەر ئەم بناغە سروشتییە دەسەڵات و بەشێک لە ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی تێڕوانینیان لە بواری سۆسیۆلۆژییەوە بنگەی ئەو زهنییەتە هەیە و لە ڕوانگەی دەسەڵات و پیاوسالارییەوە دەڕواننە ڕووداوە سیاسییەکان و پرسەکانی کۆمەڵگە، هەربۆیە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە کە ڕوانگەی پیاوسالارانەی هەیە، ڕوانگەی ئازادیی ژن و داخوازییەکانی سروشتی بۆ یەکسانی ژنانیان بۆ هەزم ناکرێت و دەخوازن ئەم داخوازییانە بە گوێرەی تێگەییشتنی خۆیان یان بەواتایەکی تر بە ڕوانگەی پیاوسالاریی لیبراڵیزە بکەن. بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە لە تێگەییشتنی پرسی داخوازیی سروشتی ژن کە داخوازییەکی دیموکرتییە و پێشتر وەک رێنسانسی زهنییەتی پێناسەم لەسەر کردبوو، دەبێتە بەربەست بۆ ئەم زیهنییەتە کۆنەپەرستانەی پیاوسالار. بۆیە دەتوانم بڵێم؛ سروشتییە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا مرۆڤی کۆنەپەرستیش بە ماسکی شۆڕشگێڕیی دەخوازێت مێشکی بۆگەنی دواکەوتوویی خۆی بشارێتەوە.

ڕۆژنیوز: کورد لە بەرامبەر ئەو دۆخە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاچەندە یەکگرتوون؟

“کورد یەکگرتووە و پشتیوانیی یەکترن”

سیامەند موعینی: بە گشتی ئەگەر حزبە سیاسییەکان لەبەرچاو نەگرین، کورد یەکگرتووە و پشتیوانیی یەکترن، سەرهەڵدانی خەڵکی شاری سەقز دژی کوشتنی ژینا ئەمینی، زۆر بە خێرایی پشتیوانیی شارەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە دوادا هات، نە تەنیا شارەکانی کوردستان، بەڵکو شارەکانی وەک تاران، تەبرێز، شیراز، ئەهواز و تەنانەت ئەم خۆپیشاندانە بوو بە سەرهەڵدان لە هەموو شارەکانی ئێران و تەنانەت کوردانی تاراوگەش، چالاکانە دژی ڕژێم و سەرکوت لە مەیدانەکان بوون و بە تەواوی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێرانیان تووشی شۆک کرد.

ڕۆژنیوز: ئێوە چارەسەرێکی چۆنتان دەوێت بۆ دۆخی ئێران؟ یان بە واتایەکی دیکە لەم دۆخەدا ئێران دەبێت چی گۆڕانکارییەک بکات و دەرفەتی گۆڕانکاریی لە چیدا هەیە؟

سیامەند موعینی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕوانگەی فاشیزمی مەزهەبیی و بە بنگەی ولایەتی موتڵەقەی فەقییە، هیچ دەرفەتیکی دیموکراتیی نییە کە پرسی دیموکراسی لە ئێران چارەسەر بکات. ئێستا دوای ٤٠ ساڵ تەنانەت تەحەمولی هاوبیران و هاوکارانی پێشووی خۆی نییە و زۆربەی پێشەنگانی خۆیان پاکتاو کردووە و یان کوشتویانن و یان لە زیندانەکانی ئەو دەسەڵاتەدا ژیان دەبەنە سەر. سەبارەت بە پرسی کورد ئەو سیستەمە هەم بە ڕوانگەی ئەمنییەتیی و هەمیش بە ڕوانگەی فاشیزمی مەزهەبی بە هەردووک ڕوانگە نزیک پرسی کورد دەبێتەوە، بۆیە چاوەڕوانی لەم سیستەمە بۆ دیموکراسی، خۆ فریودانێکی مێژویی دەبێت، هیچ چاوەڕوانییەکی دیموکراتیی لەم سیستەمە بەم فۆڕم و ڕوانگەوە کە ئێستا حاکمانی ئێران بناغەکانی دەسەڵاتی لەسەر داسەپاندووە ناکرێت، هەروەک پێشتریش باسمان کرد، ئەم دەسەڵاتە دەرفەتی خۆگۆڕین و چاکسازیی تێدا نییە، بۆیە ڕیفۆرم و ئاڵوگۆری لەم سەردەمەدا مومکین نییە و ئەگەر گۆڕینێکیش بێتە ئاراوە، بەو واتایە دێت کە ئەم سیستەمە ئیتر نەماوە و دەسەڵاتەکە گۆڕدراوە، ئەوکات پژاک پڕۆژەی خۆی هەیە .

ڕۆژنیوز: لەم قۆناغەدا داوای ئێوە بۆ خەڵکی ئێران هێزە ئێرانییەکان و هێزە دیموکراتییەکان و ژنان و خەڵک چیە؟

“ئێمە دەخوازین هێزی دیموکراسیخواز لە بەرەیەکی هاوبەشدا دژی ئەو ڕژێمە بە یەکگرتوویی کار بکەن”

سیامەند موعینی: ئێمە لە ساڵی  ٢٠١٦ی زاینییەوە کار لەسەر دوو پرۆژەی بنگەیی دەکەین، یەکیان لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە و ئەوی تریان بۆ هەموو ئێرانە، ئێمە دەخوازین هێزی دیموکراسیخواز لە بەرەیەکی هاوبەشدا دژی ئەو ڕژێمە تۆتالیتارە، بە یەکگرتوویی کار بکەن، ئێستا کە دروشمی ” ژن، ژیان، ئازادی” وەک دروشمێکی بنگەیی و سەرتاسەریی لە ئێران هەموو هێزی جیاوازی ئێرانی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە، جێگای خۆیەتی لەم دەرفەتە کەڵک وەربگیردرێت، کە هەر وەک دەستپێشخەریی کورد لە قۆناغی یەکەمی سەرهەڵدانەکاندا دیاربوو و بەشێکی زۆر لە پێکهاتەکانی ئێران بە شێوازێکی ئەرێنیی ئەم پێشەنگایەتییەی کوردستانیان قبوڵ کرد، زۆر گرنگە کە ئەم پێشەنگییە بەردەوام بێت و وەڵامدانەوەی دواڕۆژیش هەر لەو کاناڵەوە بچێت، کوردستان لەم قۆناغەدا توانی پێشەنگایەتیی دەستپێشخەریی شۆڕشی گەلان بکات، لە پرۆسە و قۆناغی دواییشدا ئەم پێشەنگییە دەوامی هەبێت بەڵام گرنگە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکگرتویی خۆی تۆکمەتر بکاتەوە و بتوانێت تا سەرکەوتنی ئەم سەرهەڵدانە پێگەی خۆی لە ناو سەرهەڵدانەکەدا بپارێزێت. گرنگە کە ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوام بێت و بگاتە قۆناغێکی نوێ و تا دەگاتە سەرکەوتن. ئێمەش وەک پژاک لە رۆژی یەکەمەوە لە پەنای گەلەکەمان تێکۆشانمان کردووە، تا سەرکەوتن لە سەنگەری گەلەکەمان و گەلانی ئازادیخوازی ئێراندا بە هەموو هێزەوە دەمێنینەوە.

(ها-ع/ب.ل)

Comments are closed.