ئەندامێکی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران ڕایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕانکاریی گەورەیان بەدیهێناوە و لە بەردەوامییشدا گۆڕانکاریی زیاتر پێکدەهێنن. باس لەوەش دەکات، کە “بەهۆی پاوانخوازیی هەندێک لایەنەوە، تائێستا لایەنەکان نەیانتوانیوە ڕێککەوتن بکەن”. بەپێویستیشی دەزانێت، گەرەنتیی بدرێت لەوەی لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هیچ لایەنێک هێزی خۆی بۆ “شەڕی ناوخۆ” بەکارنەهێنێت، دەشڵێت: ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلانی ڕۆژهەڵات بێت.
حەسەن ڕەحمان پەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار سەربارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەماهەنگیی نێوان لایەنەکانی ڕۆژهەڵات و ئایندەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەداتەوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە؛
– کاک حەسەن زۆر سوپاستان دەکەین بۆ ئەم دەرفەتە، هەشت هەفتەیە خۆپیشاندانەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن، پێتانوایە تاکەی بەردەوام دەبێت و دەتوانێت چ گۆڕانکارییەک بەدوای خۆیدا بهێنێت.
“پێویست ناکات حزبەکان داوای مانگرتن بکەن، خەڵک بۆخۆیان مانگرتن دەکەن”
حەسەن ڕەحمان پەنا: زۆر سوپاست بۆ بەڕێزتان، بەخێربێن سەرچاوان، ئەوەی ڕاستیبێت تائێرەش ئەگەر سەیری ئەو خۆپیشاندانانە بکەین، بەباوەڕی من گۆڕانکاریی گەورەی پێکهێناوە، لە بەردەوامیشدا من پێموایە هەر گۆڕانکاریی دروست دەکات، بەڵام یەکەم شت بەردەوامیی ئەم ناڕەزایەتییانەیە، ئەگەر تەماشای ناڕەزایەتییەکانی پێشوو بکەین، ماوەیەکی کەم بەردەوام دەبوو و دوایی کۆتایی دەهات، بەڵام ئەمجارە پێویست ناکات حزبەکان داوای مانگرتن بکەن، خەڵک بۆخۆیان مانگرتن دەکەن، ئەمە نیشانەی بەرەوپێشچوونە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە جاران ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان بەدەنگی کوردەوە نەدەهاتن، بەڵام ئەمڕۆ سیستان و بەلوچستان و زانکۆکان خۆپیشاندان دەکەن، ئەوەی لە کەرەج و تاران دەکرێت، هەر ئەوەیە لە سنە و مهاباد دەکرێت، یان دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ هەموو ئێرانی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ لە هەموو جیهان ئەم دروشمە دەوترێتەوە.
– گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاچەند ئامادەسازییان کردووە بۆ درێژەدان بە خۆپیشاندانەکان و گەیشتن بە ئامانجەکان؟ ئایا تا چ ئاستێک خۆیان ڕێکخستووە؟
“ئەو بزووتنەوەیە هەم سەری هەیە و هەم دەزانن بەرەوکوێ ئاڕاستەی دەکەن”
حەسەن ڕەحمان پەنا: ڕەوتی ڕووداوەکان و مەنتقی خەباتی جەماوەریی پێمان دەڵێت، کە ئەم خەباتە ڕێکخستنکراوە، لە هەموو شوێنەکان چلەی شەهیدەکان دەکرێتەوە، دروشمێکی هاوبەش هەیە، چەند دروشمی جۆراوجۆریان هێنا، بەتایبەت کۆنەپەرستەکان چەندین دروشمیان دژی دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ هێنا، بەڵام کەس قبوڵی نەکرد، ئەمە پێمان نیشاندەدات کە ئەو خەباتە هەم سەری هەیە، هەم ناوەڕۆکی هەیە، هەمیش دروشمی هاوبەشی هەیە، ڕاستە ڕابەرێک نییە، بەڵام ئەوەش خاڵی لاواز نییە، بەڵام خودی ئەو بزووتنەوەیە هەم سەری هەیە و هەم دەزانن بەرەوکوێ ئاڕاستەی دەکەن.
– نامەوێ زۆر لەسەر وردەکاریی خۆپیشاندانەکان پرسیاربکەم، بەڵام دەمەوێت باسی دروشمی خۆپیشاندانەکان بکەم؛ دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ چۆن بووە مۆرکی ئەو ناڕەزایەتییانە؟ لەکاتێکدا ئەم درۆشمە میتۆدێکی فکری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە، بۆچی هەندێک لایەن دەیانەوێت شووناسی دروشمەکە بگۆڕن؟
“ئەو دروشمە مێژووی هەیە، بەڵام لەلایەن بەڕێز ئۆجالانەوە فۆرمولە کراوە”
حەسەن ڕەحمان پەنا: لەسەر ‘ژن، ژیان، ئازادی’ سێ داواکاریی سەرەکیین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت ژن کە بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی مێخی ستەمکاریی ئاینیی لەسەر سەری ژن داکووتراوە، ژن دیلکرا و کرایە ماڵەوە و هیچ مافێکی نییە، لەکاتێکدایە ٤٢ ملیۆن ژن لە ئێران هەیە، بەڵام ٨٧٪یان بێکارن، وە ژیانیش لە ئێراندا نییە، بێجگە لەوە ئازادیی شتێکە لە کۆمەڵگەی ئێراندا بوونی نییە، بۆیە ئەم دروشمانە داواکاریین بۆ داهاتووش. ئەو دروشمەش مێژووی هەیە، بەڵام لەلایەن بەڕێز ئۆجالانەوە فۆرمولە کراوە، پێشتریش لە ئێران چەندین دروشمی وەک ‘یەکسانیی بۆ ژن’ هەبوون و ئێمەش یەکێک بووین لەو لایەنانەی ژنمان هێناوەتە خەباتی چەکدارییەوە، بۆیە ناکرێت بڵێین ئەو دروشمە لە شیعری فڵان شاعیردایە و ئەوە فڵان حزب لە فڵان شوێن وتوویەتی، خۆ هەر شتێک مۆرکی لایەنێکی پێوەیە، ئێمە هیچ دەمارگیرییەکمان بەوە نییە، ئەوا دەچێتە چوارچێوەی پاوانخوازیی حزبیی، ئەگەر لە شیعری فڵان شاعیردا هەیە بۆ تائێستا نەهاتووە؟ دروشمێک کە ببێتە بە موڵکی کۆمەڵگە، گرنگ ئەو هێزەیە کە دەیبزوێنێت، ئەگینا پێشتر ئەو دروشمە لە باکوور و ڕۆژئاوا هەبووە، بۆچی ئەو پێگەیەی پەیدانەکرد، ئێستا بەحکومی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ئەو پێگەیەی پەیداکردووە.
– هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاچەند لەم خۆپیشاندانانەدا توانیویانە هەنگاوی جددیی بنێن و یەکڕیزیی لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن؟
“هەندێک لەو خەباتەی چووەتە پێشەوە بە هاوکاریی نێوان لایەنەکان بووە”
حەسەن ڕەحمان پەنا: هەندێک لەو خەباتەی چووەنەتە پێشەوە، بێگومان هاوکاریی بووە. بۆ نموونە لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک مانگرتن ڕاگەیەندران، نکۆڵیی لێ ناکرێت کە بەهاوکاریی حزبەکان بووە، ئێمە هەوێنی پەیوەندیی نێوان لایەنەکانی دیکە بووین، بۆ نموونە لایەنەکانی دیکە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ پژاک-دا نییە بۆ هاوکاریی، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەواندا ڕێککەوتووین، بەپێچەوانەی جۆرێک لە پاوانخوازیی کە لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، کە حزبی دیموکرات هەندێک جار ناوی دوو کۆمەڵەکەی دیکە ناهێنێت، کە بەیەکەوە لەو ناوەندەدان.
– ئامادەکاریتان هەیە بۆ قۆناغی بەئەنجامگەیشتنی ئەم خۆپیشاندانانە؟
“پاوانخوازیی هەندێک لایەن تائێستا بەری بەو جۆرە هاوکارییانە بۆ دواڕۆژیش گرتووە”.
حەسەن ڕەحمان پەنا: هاوکاریی هەیە لە نێوانمان، بەڵام دانیشتبین قسەی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە بکەین، ئەوە هێشتا گەڵاڵە نەبووە. ئێمە هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی ئەو هاوکاریی و دانیشتنانە ببێت، بەڵام ئەو ڕۆحی پاوانخوازییە تائێستا بەری بەو جۆرە هاوکارییانە بۆ دواڕۆژیش گرتووە.
– لەگەڵ پژاک هەندێک دیدارتان هەبوو، ئەم دیدارانە زیاتر لەسەر چی بوون و ئەنجامی چی بوو؟
“ئێمە هەوڵدەدەین لە دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتدا کەس دەست بۆ چەک نەبات”
حەسەن ڕەحمان پەنا: ئێمە لەدوای کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵەوە زۆرینەی لایەنەکانمان بینیوە، دوای ئەم ڕاپەڕینانەش پرسی هاوکارییکردن و نزیکایەتیی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بووەتە ئەمری واقع، بەشێکی پەیوەستە بەوەی چۆن ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە بگەیەنینە ئەنجام و دەستکەوت بەدەستبهێنین، بەشێکیشی بۆ دواڕۆژە، ئێمە بیریش لەوە دەکەینەوە، دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی چی دەبێت. خاڵێکی دیکە ئەوەیە، ئەگەر لەئێستاوە چارسەر بۆ کوردستان نەدۆزینەوە و لێکتێگەیشتن دروست نەکەین، ئەوا دەبێتە گۆمی خوێن، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین لە دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتدا کەس دەست بۆ چەک نەبات، ئەزموونی شەڕی کوردستانی عێراق دووبارە نەکەینەوە، ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە، جگە لەوەش حزبەکان نابێت بەناوی مێژووی خەباتەوە دەسەڵات لە خەڵک وەربگرنەوە، خەڵکی کوردستان دەنگی بە هەرچییەک دا، دەبێت ئێمە ملکەچی بین.
– ترسێکی لەو جۆرە هەیە سبەینێ ئەگەر ڕۆژهەڵات گەیشتە ئەنجامێک، شەڕی ناوخۆ لەنێوان حزبەکاندا ڕووبدات؟
“دەبێت ئەو گەرەنتییە بدەین کە هێزی پێشمەرگەمان بۆ شەڕی ناوخۆ بەکارنەهێنین”
حەسەن ڕەحمان پەنا: ئەگەر لە ئێستاوە بەری پێنەگرین، ئەوە یەکێکە لە ئەگەرەکان، دەبێت کارێک بکەین کە ئەو گەرەنتییە بدەین و هێزی پێشمەرگەمان بۆ شەڕی ناوخۆ بەکارنەهێنین، ئێمە وەک هێزی خۆمان، ئەو گەرەنتییە دەدەین.
– ئەمەتان لەگەڵ حزبەکانی دیکە و بەتایبەت پژاک باسکردووە؟
“تائێستا نەگەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن”
حەسەن ڕەحمان پەنا: ئێمە لەگەڵ پژاک و ناوەندی هاوکاریی و حزبەکانی دیکە کردوومانە، هەرکەسە و بۆچوونی خۆی هەیە، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن، ڕێکنەکەوتووین کە لەسەر مێزێکی دانووستان دانیشین و ئەمانە واژۆ بکەین.
– بەربەستەکان چین؟
حەسەن ڕەحمان پەنا: بەشێکی پەیوەندیی بە کێشەی کۆنەوە هەیە، بەشێکی پەیوەندیی بە هەندێک جەمسەرگیرییەوە هەیە، کە ئێمە خۆمان بە بەشێک لە هیچیەکێکیان نازانین.
– ئێوە لە نێوان ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کامەیانتان پێ باشترە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
“ئەزموونی ڕۆژئاوا دەتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت”
حەسەن ڕەحمان پەنا: وەکو ئیدارە یاخود فۆڕم باسی بکەین، من پێم وایە ئەزموونی ڕۆژئاوا سەرکەوتوو بووە، ئەزموونێک کە تێیدا دەسەڵات بەدەست جەماوەرەوە بێت، ژن لەگەڵ پیاو لە هەموو بوارەکاندا وەک یەک وابن، مافی هەموو کەسێک وەک یەک یەکسان بێت، ئێمە کاتی خۆی بەشێک لەوانەمان لە ڕۆژهەڵات کردووە، ئەو ئەزموونە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت.
– کاک حەسەن سەرنجتان لەسەر هەماهەنگیی پێکهاتەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ کورد چییە لە خۆپیشاندانەکاندا؟ ئەمە تاچەند دەبێتە گەرەنتیی سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکان؟
“دەبێت ڕێگریی لەو ڕۆحە پاوانخوازە ناسیۆنالیستە بگرین، کە دووبەرەکیی دروست دەکات”
حەسەن ڕەحمان پەنا: من پێموایە یەکێک لە گەورەترین گەرەنتیی و دەستکەوتەکان، ئەو هاودەنگیی و هەماهەنگییەیە کە ئێستا دروست بووە، ئێمەش دەبێت زۆرترین سەرمایەگوزارییمان لەسەر ئەوە بێت، ئێمە پێویستمان بەو دەنگانە هەیە لە ئێران، ئەگەر ئەو گەرەنتییەمان هەبێت، دواڕۆژمان ڕۆشنە، بۆیە دەبێت ڕێگریی لەو ڕۆحە پاوانخوازە ناسیۆنالیستە بگرین، کە دووبەرەکیی دروست دەکات.
– بەردەوام ئێران تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ ناڕەزایەتییەکان، کە ‘دەستی دەرەکیی لەپشتیانەوەیە’، ئایا بۆچی هەمیشە ئەم تۆمەتە دووبارە دەکاتەوە؟ وە ئایا دەکرێت چاوەڕوانی وڵاتانی دیکە بکرێت بۆ هێنانەدیی گۆڕانکاریی لە ئێران؟
“ناسروشتیی ئەوەیە هێزەکان بیانەوێت بچنە خزمەت بەرژەوەندیی هێزە دەرەکییەکانەوە”
حەسەن ڕەحمان پەنا: ئەوان هەمیشە پێیان وایە دەستی دەرەکیی لەپشت ئەم ناڕەزایەتییانەوەیە و بەوەش دەیانەوێت خۆیان لە ڕاستییەکان بشارنەوە، بابە خەڵک لە ئێران نانی نییە، ئاوی نییە، ئازادیی نییە. لەبارەی هێزی دەرەکیشەوە، ئەمریکا و زلهێزەکان لە هەموو شوێنێک دەیانەوێت بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن، ئێمەش بەرژەوەندیی خۆمان هەیە، بۆیە ئەزموونیش سەلماندوویەتی، لەو شوێنانەی ئەمریکا دەستوەردانی کردووە، دەرەنجامی باشی بەدواوە نەبووە، ئاساییە ئەوان بیانەوێت دەستوەردان بکەن، بەڵام ناسروشتیی ئەوەیە هێزەکان بیانەوێت بچنە خزمەت بەرژەوەندیی ئەوان.
– دووبارە زۆر سوپاستان دەکەین.
حەسەن ڕەحمان پەنا: سوپاس بۆ ئێوەش
ب.ل
Comments are closed.