حەسەن جودی: پەکەکە ڕێنسانسێکی گەورەی نەتەوەیی و ڕۆشنگەریی کرد

حەسەن جودی دەڵێت: ئەگەر پەکەکە یەک دەیە لە لەدایکبوون دواکەوتبا ئێستا شتێک نەبوو بە ناوی کورد، پەکەکە ڕێنسانسێکی گەورەی نەتەوەیی و ڕۆشنگەریی کرد، کوردی لەژێر مرۆڤبوونەوە کرد بە کوردی ئازاد، کە ئێستا پێشکەوتووترین کۆمەڵگایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ڕووی مۆدێرنیتەی دیموکراتییەوە.

 لە ٤٥مین ساڵەی تێکۆشانی پارتی کرێکارانی کوردستان –پەکەکە، هەروەها ٥٠ساڵەی ڕێبەرایەتی شۆڕی ئازادیی تەڤگەریی ئاپۆیی،  نووسەر و ڕۆژنامەنووس حەسەن جودی، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنیوز کە بە دوو بەش بڵاودەبێتەوە، باس لە سەرهەڵدان و دەستکەوتە دیار و بنەرەتییەکانی ئەو تەڤگەرە دەکات.

حەسەن جودی
حەسەن جودی

پەکەکە لە چ قۆناغ و هەلومەرجێکدا سەریهەڵدا؟

“کەس مەزەندەی شۆڕشێکی وای نەدەکرد”

حەسەن جودی: پەکەکە لە دۆخێکدا دروستبوو، کە نە دەوڵەتی تورک و نە سیستمی سەرمایەداریی جیهانی و نە هێزە بەکرێگیراوەکان، مەزەندەی ئەوەیان نەدەکرد کە جارێکیتر کورد سەرهەڵبدات و هێزێکی کاریگەر و بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی بەخۆیوە ببینێت، بزوتنەوەیەکی وەک پەکەکە کە ئەمڕۆ ٥٠ساڵە لە تێکۆشاندایە، ماوە درێژترین، گەورەترین، کاریگەرترین و ڕێکخستووترین  شۆڕشە لە مێژووی کورددا.

ئەو پاککردنەوە زیهنی و سیاسیی و نەتەوەییە چۆن بوو، کە بوو بە نهێنی سەرکەوتنی پەکەکە؟

“بە فکر و ستراتیژ و ڕێکخستن و شێوازێکی نوێوە دەرکەوت”

حەسەن جودی: هەموو ئەو هۆکارانەی کە بووبوون بە هۆی شکستهێنانی سەرهەڵدانەکانی هێزە کوردییە کلاسیکەکان، پەکەکە خاڵ بە خاڵ دەستنیشانیکردن و بە فکر و ستراتیژ و ڕێکخستن و شێوازێکی نوێوە دەرکەوت، لە پارچەکانی دیکەی کوردستان تێکۆشان هەبوو بەڵام سەرهەڵدانی ناوچەیی و بەرتەسک بوون و بە ئەقڵییەتێکی میللی گەرای سەرەتایی کلاسیک خۆیان دەخواردەوە و لە بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولایەوە و هیچ ئەنجامێکی بەدەستنەدەهێنا و ئاشبەتاڵ لە دوای ئاشبەتاڵ و شکست لەدوای شکستی بەدەستدەهێنا.

وتیشی: ئەگەر پەکەکە یەک دەیە لە لەدایکبوون دواکەوتبا ئێستا شتێک نەبوو بە ناوی کورد لە باکوری کوردستاندا، تەنانەت لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دۆخێکی وەها هاتبووە ئاراوە، کەوایە پەکەکە هیچی نەکردبێت کوردی ژیاندەوە، ستراتیژی دەوڵەت نەتەوە بە هاوکاریی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە کوردستان لەسەر شەش قاچ خۆی زاڵکردبوو، ئەوانیش نکۆڵیکرد، قڕکردن، کۆمەڵکوژی، توانەوە، ڕاگواستن و برسیکردن و هەژارکردنبوو، بەڵام پەکەکە ئەم سیاسەتەی هەڵوەشاندەوە.

دەستکەوتە دیار و بنەڕەتییەکانی پەکەکە و تەڤگەریی ئاپۆیی چیبوون لەم ٥٠ ساڵەدا؟

“پەکەکە ڕێنسانسێکی گەورەی نەتەوەیی و ڕۆشنگەریی کرد”

حەسەن جودی: سەرلەنوێ کوردی ژیاندەوە و کردی بە وڵاتپارێز لە وڵاتپاریزیشدا کردی بە شۆڕشگێڕ لە هەمووشی گرنگتر ئەو کوردەی کە قڕدەکرا و نکۆڵی لەخۆی دەکرد بوو بە پێشەنگی ئازادیی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا کورد لە باکور پێشەنگی دیموکراسی و ئازادییە، لەهەموو پارچەکانی دیکەش بەهەمان شێوە، ئەو کوردەی کە فڕێدرابووە دەرەوەی سیستمی جیهانی ناسنامەی خۆی بەدەستهێنایەوە.

وتیشی: هەروەها سیستمی دەرەبەگایەتی ژنی کردبوو بە ئۆبژە و کۆیلەیەک، پەکەکە هات قوڵترین و دێرینتری دۆزی مرۆڤایەتی کە دۆزی ژنە سەرلەنوێ ژیاندییەوە، ئەمڕۆ ژنی کورد لەئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا پێشەنگی تێکۆشانی ئازادییە، هەروەها پەکەکە هەموو خاڵە لاوازەکانی کوردی کرد بە خاڵی بەهێز، هەموو ڕەنگ و پێکهاتە و مەزهەب و دین و کلتور و نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکەی هێنایە لای یەک و لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی گەورەدا پێشیخست.

ئاماژەی بە دەستکەوتگەلێکی تر کرد و وتی: تا پێش پەکەکە کورد لە مرۆڤ بوون و کۆمەڵگابوون دوورخرابوویەوە و داهێزرابوو تەنانەت لەناو سیستمە جیهانییەکەدا وەک مرۆڤیش لەقەڵەم نەدەدرا، پەکەکە ڕێنسانسێکی گەورەی نەتەوەیی و ڕۆشنگەریی کرد، کوردی لە ژێر مرۆڤ بوونەوە کرد بە مرۆڤێکی ئازاد و کوردی، پرۆسەی کۆمەڵگابوون و بە نەتەوەبوون و بە گەل بوونی ژیاندەوە، گەورەیی بزووتنەوەیەک بەوە ناپیورێت کە بستێک خاکی ئازادکردووە یان نا، ئەگەر مرۆڤ و کۆمەڵگا ئازاد نەکەی خاکیش ڕزگارببێت کۆمەڵگاکە ئازاد نابێت،

نمونەی باشووری کوردستانی هێنایەوە و درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: ئەگەرچی بەشێکی خاکەکەی ڕزگارکراوە، بەڵام بووەتە شوێنی قڕکردنی ژن و سڕینەوەی کەلتور و ناسنامەی کوردی، خەتی خیانەت و بەکرێگیراوێتی باڵادەستبووە و خیانەت بە دامەزراوە و بازرگانی کراوە تێیدا، ئەم تێگەشتنە لە ئەقڵیکی بچوکەوە هاتووە، کە دەڵێت بۆچی بستە خاکێکی ئازادنەکردووە، پەکەکە مرۆڤی کورد و کۆمەڵگای کوردی ئازادکردووە، کە ئێستا پێشکەوتووترین کۆمەڵگایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ڕووی مۆدێرنیتەی دیموکراتییەوە.

بە دیاریکراوی لە باکوری کوردستان پەکەکە چی بەرهەمهێنا؟

“کوردی ئازادی بەرهەمهێنا”

حەسەن جودی: پەکەکە لە باکوری کوردستاندا دوو شۆڕشی لەناویەکدا بەرپاکردووە، یەکەمیان شۆڕشی ژیانەوەیەوە کە بە زیندووکردنەوەی گەلیک تەواوی گەلانی ژێردەستی تورکیای ژیاندەوە، دووەمیش شۆڕشی دیموکراتیکە، هەردوو شۆڕشەکەش بەردەوامە و زۆر دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، کۆمەڵگای کوردی کرد بە خاوەنی ئیرادەی سیاسی، ئەمڕۆ لە ناو پەرلەمانی تورکیادا تاکە ئۆپۆزسیۆنێک دژی ڕژێمی تورکیا هەبێت هێزی کوردییە، هەروەها کوردی ئازادی بەرهەمهێنا ترس و فۆبیا و خۆ بەکەمبینینی کوردی ڕەواندەوە و کۆمەڵگایەکی بونیادنا کە ئیرادەیەکی ئازادی هەیە.

ب.گ

Comments are closed.