چۆن ئەمریکا ڕێگریی لە دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لە عێراق کرد؟

كاوە محەمەد

بە کیتابێکی فەرمی کە ئاراستەی هەریەک لە (سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران)م کرد، باسم لەبوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی عیراق و بۆردومان و پێشێلکردنەکانی سەروەریی عیراق کرد و ئاماژەم بەو یاداشتە کردبوو کە وەفدێکی هاووڵاتییان بە ئیمزای (٨٩١) کەس رادەستیانکردین (رۆژی ٣/٧/٢٠١٩ لەگەڵ د.غالب محەمەد لەنووسینگەی پەرلەمانی عیراق لەسلێمانی پێشوازیمان لێکردن)، یاداشتەکەش ئاراستەی رایگشتیی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کراوە و داوای دانانی سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەکەن تا دۆخەکە لەوە خراپتر و مەترسیدارتر نەبێت..

دواتر نووسینگەی سەرۆک وەزیران کیتابەکەیان ئاراستەی (راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و فەرماندەی پاسەوانانی سنوور و وەزارەتی دەرەوە کرد، لێرەدا دەقی وەڵامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەخەمەڕوو کە رۆژی (٤/٩/٢٠١٩) و بە ئیمزای (حسن سوادی ابو طبیخ-سەرۆکی فەرمانگەی دەوڵەتە دراوسێکان) بەدەستمگەیشت و ئاماژە بە هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات کە مافی (ڤیتۆ)ی بەکارهێناوە بۆ رێگریکردن لەدەرکردنی بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق/ نووسینگەی پەرلەمانتار کاوە محەمەد

ئاماژە بە کیتابەکەتان ژمارە (٢٦ی رۆژی ٨/٧/٢٠١٩) سەبارەت بە بوونی سەربازیی تورکیا لەعیراق، لەمبارەیەوە وەزارەت روونیدەکاتەوە کە؛

-لەبارەی بوونی سەربازیی تورکیا لەشاری (بەعشیقە)، حکومەتی عیراق لەبەرزترین ئاستەکان و لەچەندین بۆنەدا ئیدانەی کردووە و داوایکردووە کە دەستوبرد ئەوێ بەجێبهێڵن، چونکە ئەمە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی عیراقە و ناکۆکە لەگەڵ پەیوەندیی دۆستانە و دراوسێیەتیی باش، لەمبارەیەوە رۆژی (٦/١٢/٢٠١٥) لەلایەن وەزارەتەوە بانگهێشتی باڵێۆزی تورکیا کراوە و یاداشتی ناڕەزایی رادەستکراوە.

-وەزارەت هەوڵی بێوچانی داوە تا پرسی بوونی هێزەکانی تورکیا لە(بەعشیقە) بخرێتە کارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش و بڕیار یان بەیاننامەیەک دەربکات تا حکومەتی تورکیا ناچاربکات هێزەکانی بکێشێتەوە، دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایش لەوبارەیەوە بەڕێوەچوو، بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەممریکا (خاوەنی ڤیتۆ) رەتیکردەوە کە ئەنجومەنی ئاسایش هیچ هەنگاوێک بنێت چ بە شێوەی (بڕیار، بەیاننامەی سەرۆکایەتی، بەیاننامەی رۆژنامەنووسی یان رەگەزەکانی بەیاننامەیەکی رۆژنامەنووسی بێت).

-لەچوارچێوەی (جامیعەی عەرەبی)دا وەزارەت کاری لەسەر تەرخانکردنی تواناکانی کرد تا بڕیارێکی ئیدانەکردنی سەبارەت بە بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەشاری (بەعشیقە) دەستکەوێت، دەرەنجامی ئەو هەوڵانەش بڕیاری ژمارە (٨٠٢٤) بوو کە لەخولی ئاسایی ژمارە (٢٤٥ی ١١/٣/٢٠١٦) دەرچوو.

-بەڵام سەبارەت بە بۆردومانی بەردەوامی خاکی عیراق لەلایەن تورکیاوە، وەزارەت لەهەوڵەکانیدا نامەی ناڕەزایی بۆ هەریەک لە(سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش ناردووە، ئەویش دوای ئەوەی فڕۆکەکانی تورکیا لە (٢٥/٤/٢٠١٧) شاری (سنجار)یان بۆردومان کرد، جگە لەوەش بەدرێژایی ساڵی رابردوو و ئەمساڵ وەزارەت یاداشتی ناڕەزایی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کردووە، وەزارەت نزیکەی (٥٤) یاداشتی ناڕەزایی داوەتە حکومەتی تورکیا و داوای لێ کردووە کە بۆردومانکردنی خاکی عیراق بوەستێنێت و رێز لەسەرەوەریی عیراق بگرێت.

حکومەتی عیراق لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان کاردەکات بۆ زامنکردنی ئاسایش و سەوەریی عیراق، بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، ناڕەزاییە فەرمییەکانی دژ بە پێشێلکارییەکانی تورکیا بە رێگا دیپلۆماسییەکان پێشکەشدەکات و کار بۆ چەسپاندنی مافە پەیوەندارەکانی عیراق دەکات.

-وەزارەت هەوڵیداوە کە لەکۆبوونەوەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان چ لە(جامیعەی عەرەبی) یان لە(نەتەوە یەکگرتووەکان) بووبێت، وتەی عیراق ئیدانەی روونی پێشێلکارییەکانی تورکیا لەخۆبگرێت و داوای کشاندنەوەی هێزەکانی لەبنکەی سەربازیی (بەعشیقە) کردووە.

پشتبەست بەو روونکردنەوانەی پێشووو، وەزارەت دەیەوێت ئەوە روونبکاتەوە کە ئەوەی لەنامەکەدا هاتووە کە حکومەتی عیراق بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، لەگەڵ حەقیقەت تێکناکاتەوە.

بفەرموون بۆ بینینی..لەگەڵ رێز

سەرۆکی فەرمانگەی دەوڵەتە دراوسێکان بەوەکالەت

حسن سوادی ابو بطیخ

٤/٩/٢٠١٩

بەشێک لە کتێبی؛

(کورسییەک لە تەختەی مێژوو)

ئەودیوی ڕووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم..

ب.ل

Comments are closed.