ئایا یەکێتی دەگەڕێتەوە باوەشی مام.!؟

محەمەدئەمین پێنجوێنی
ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن
پێڤاژۆیەکی نوێ ..!
ئایا یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەڕێتەوە باوەشی مام.!؟
ئاڵۆزی ناوخۆیی و ناوەوەی قووڵایی هێزە سیاسییەکانی کورد، ململانێ و ناتەبایی ئەم هێزانە گەلێ کێشە و کارەساتی بەسەر دۆزی کورد بە گشتی و خودی هێزەکانیشداهێناوە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدا چارەنووسی کوردی بەرە و ئاسۆیەکی نادیار و ترسناك بردوە
هۆکارەکانیش دیارن، پووڵ و سەرکێشی و هەوڵی دەسەڵات و پاوانخوازییە .!
ڕاستە داگیرکەران و زلهێزەکان ڕۆڵیان هەیە، بەڵام خۆمان کەرەستەی جێبە جێکردنی ئەم کارە ناهەموارەین .
کرۆکی باسەکەمان ئایا یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی تاڵەبانی باوك .!
لە قۆناغێکی مێژوویی ناهەموار و ناجۆر و نائومێدیدا کەمۆراڵی ڕووخاو، هەستی نەتەوایەتی بێهودە بوو، شۆڕشگێڕی و باوەڕبەخۆبوون بووبوون بەچیرۆکی ماتەمی مەرگ و هەرەس و ئاشوێران و کوردستان وەك ئاشی ئاو لێبڕاوی لێ هاتبوو .!
لە باشوور کۆمەڵە و یەکێتی وەکو گڕکانێك کڵپەی کردو ئاوی کرد بە ئاشە وێرانەکەدا .!
سەرەڕای هەموو باڵباڵێن و بازبازێن و شەڕ و هەڵا و خۆخواردنێك ئەم ئاگرە باوەڕی گەنجانی هێنایەوە هۆش خۆی و وای لێ کردن کە بڵێن خەباتی نەتەوەیی بۆ مافی چارەنووس نامرێ و ناڕوخێ. .
لەو لاشەوە لە باکوور هاتنی پەکەکە و ئاپۆییزم کە هاتە سەرشانۆی تێکۆشانی نەتەوەیی و شۆڕشی تێکەڵکردنی خەباتی نەتەوەیی و چینایەتی و شەڕی پارتیزانی بەئایدۆلۆجیایەکی چەپگەرایی بە باوەڕ بەخۆ کردن و بە گەل هێنایە مەیدانی تێکۆشانەوە .جەستەی کوردی لە گۆڕی کەمالیزم هێنایە دەرەوە و گیانی کرد بە بەرداو مێژووی شۆڕشێکیان بەخوێن و ئاگر نووسیەوە، کە هەتا ئێستاش کڵپەی دێ، ئەو ئاگرە دوژمنی داگیرکەری وریا کردەوە و کەوتە پیلانگێڕان و گورز وەشاندن بە گرتنی (ئۆچ ئالان) و ئاژاوە نانەوەی لەناو هێزە کوردیەکاندا و فەلسەفەی پەرت کە و زاڵ بە لەسەر دۆزی کورد بەکار هێنا، شەڕی ناو خۆیی و پارچە پارچە کردنی یەکێتی و بەگژا بردنی باکوور بەرانبەر باشوور نموونەی لەبەرچاون .!
سەردانی تاڵەبانی کوڕ و کۆبونەوەی لەگەڵ ژەنەڕاڵەکانی ڕۆژاوا و سەرانی پەیەدە و ئامادە دەربڕینی خۆی بۆ کاری هاو بەش و پشتگیری کردنی پرۆسەی کورد لە ڕۆژ ئاوا هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە لە خەباتی شۆڕشگێڕانەو سیاسەتی نوێی کورددا، نرخاندی ئەم پێڤاژۆ نویە وەکوو بڕیارە مێژووییەکەی پەرلەمانی کوردستانە لە فەرمی ناساندنی کانتۆنەکانی ڕۆژاوا و ناردنی شاندی پەرلەمان بۆ ڕۆژ ئاواو بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەگەی کوردستان بۆ یارمەتی دانی ڕۆژوا، ئەمانە ئەو بڕیارە مێژووییانەن کە لەخەباتی نویی گەلی کورددا پێویستە بە زێڕ نوسرێتەوە. .
لەکاتێکدا دەوڵەتی تورك بەهەموو هێزو توانای سەربازیی و سیاسی و دبلۆماسییەوە هەڕەشەی داگیرکردنی ڕۆژاواو تەفر و توناکردنی کورد دەکات لەم کاتەدا سەردانی باڤڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ڕۆژاوا مانایەکی گرنگی هەیە و نیشانەی گەڕانەوەی یەکێتیە بۆ دۆخی مام جەلال

Comments are closed.