کورد تەنها گوتاری قوربانییان نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ دونیادا بدوێن

وتار/ کەمال چۆمانی

سەرەڕای ئەوەی هێشتا دیار نییە ئایا بە سەداسەد دەوڵەتی تورکیا لەپشت هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر ناوەندی کەلتوریی ئەحمەد کایا بووە لە پاریس یا خود نا، بەڵام بۆ ئێمە رەگی پرسەکە لە شوێنێکی ترە کە دووبارە پەیوەستە بە سیستەمی دەوڵەتی تورکیاوە کە لەسەر سڕینەوەی کورد رەگی بە خاکی کوردان و گەلانی دی لە ناوچەکەدا داکوتیوە.

کوردان بۆیە ئیدانەی دەوڵەتی تورکیا دەکەن کە ئەگەر راستەوخۆش لەپشت ئەو هێرشانەوە نەبێ، ئەوا ناڕاستەوخۆ هەر تورکیایە. گۆڕی ئەحمەد کایا بۆچی لە ئیستەنبول یان ئامەد یان مێردین نەبێ؟ مەگەر ئەوە خۆی کۆی وەڵامەکە نییە.

نزیکەی ٢٥٠ هەزار کورد لە پاریسە، ئەمە دووەم گەورەترین دایاسپۆرای کوردە لە ئەوروپا دوای ئەڵمانیا کە نزیکەی یا سەروی ٥٠٠ هەزار کوردی لێ دەژیێ. رێژەی هەرە زۆری ئەو کوردانە لە باکور\تورکیاوە هاتوون.

یەڵماز گونەی، وەک یەکەم دەرهێنەری کورد\تورکیا کە خەڵاتی پالمێ دۆری کانی بردۆتەوە، یان ئەحمەد کایا کە یەکێکە لە باشترین گۆرانیبێژەکان بە زمانی تورکیی لە مێژوی تورکیادا کە لەوپەڕی چەپەوە تا ئەوپەڕی راست گوێی لێ دەگرێ، شەهید د. عەبدوڕەحمان قاسملۆ  وەک پەیامهێنی ئاشتی کە لەسەر مێزی گفتوگۆدا تیرۆریان کرد، گۆڕەکانیان لە پێر لاشێزە لە پاریس.

زۆر لە کوردان کە سەردانی پاریس دەکەن، زیارەتی گۆڕی ئەو سێ ئینسانە مەزنە دەکەن کە لە پێناو گەلەکانیاندا ژیانیان بەخشی.

لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی پاریسدا، کوردان بە دروشمی گەورە نوسیبویان: “ئێمە بە شۆڕشی ژنان تۆڵە دەستێنین” هیچ دروشمێک لە خۆوە نایەت، مێژوی خەباتی ئازادیخوازانەی کورد لەو دوو دەیەی رابردوو گۆڕانکارییەکی جەوهەریی قوڵی بە خۆوە بینیوە.

چیتر خەباتی کورد خەباتێکی بەرتەسکی نەتەوەیی ئێتنیکی نییە، بۆیەشە دونیا بەناچاری زوو یان درەنگ تەسلیمی ئەو ئیرادەیە ئازادیخوازانە و ژیاندۆستانەیە دەبێ.

هەر بۆیەشە ئەمڕۆ کە هێرشێکی نەژادپەرستانە یان تیرۆریستییانەی دەوڵەتیی دەکرێتە سەر کورد، کورد تەنها گوتاری قوربانییان نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ دونیادا بدوێن، بەڵکو گوتارێکی ژیاندۆستانەشیان هەیە کە بۆ نمونە دەڵێن بە شۆڕشی ژنان ئەو تۆڵەیە دەستێننەوە.

Comments are closed.