دوو زۆنی دژ بەیەک لە هەرێم، نەخشەی داگیرکەرانی کوردستانە

نوسینی : بڵێسە جەبار فەرمان

رکابەرێتی و پێشبڕکێ (مونافەسە) یەکێکە لە خەسڵەتی مرۆڤەکا، مرۆڤەکان بەگشتی حەز دەکەن لەوانەی تر باشتربن و دەرکەوتووتربن.

 بەسروشت حەزی باشتربوون و کێبڕکێ لە پیاودا زیاتر بەرجەستەیە تا لە ژندا. لە دێرزەمانەوە پیاوەکان هەوڵیان داوە بە زۆرانبازی و ئەسپسواری و تیرهاویشتن و چەندەها شێوازی تری جیاواز بەسەر ئەوانەی تردا سەرکەون و براوەبن.

لە زۆرێک لە بوارەکاندا پێشبڕکێ سوودی زۆری هەیە و هاندانێکە بۆ زیاتر خۆ ماندووکردن و پێشکەوتنی تاکەکان. ئەم جۆرە لە پێشبڕکێ لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا زۆر دەکرێت و بەوشێوەیە هانی خوێندکارەکان دەدرێت بۆ بەرەوپێشچوون.

 پێشبڕکێ یەکێکە لەو بابەتانەی لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەریش دا هاتووە و بە خەسڵەتێکی باش ناودەهێنرێت و لەهەمانکاتیشدا لە خراپ بەکارهێنانی هۆشیاری دەدرێت. منافەسە بێجگە لە نێوان تاکی مرۆڤەکاندا، لە نێوان خێڵ و دەڤەر و شارەکان و وڵاتەکانیش دا هەیە.

 ساڵانێکی زۆر پێشبرکێیەکی توند لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتدا هەبوو لە چوونە سەرمانگ و دروستکردنی مانگی دەستکرد، دروستکردنی چەکی بایەلۆجی و بوون بە بەهێزترین وڵاتی جیهان لە بەڕێوەبردنی سیاسەت و ئابووری لە جیهاندا.

 ئەم کێبڕکێیە ئەوەندە توند بوو کە بە جەنگی سارد و جەنگی جیهانی سێیەم ناودەبرا. پێشبرکێیەکی زۆر لە نێوان وڵاتانی ئەوروپیدا هەبوو لە داگیرکردن و ژێردەستکردنی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا. دواتر پێشبرکێی پێشکەوتنی پیشەسازی و بەهێزکردنی ئابووری کەوتە نێوان وڵاتان. هەروەها منافەسەیەکی توند هەیە لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە رووی دروستکردنی چەکی پێشکەوتوو و بەهێزکردنی وڵاتەکانیان لە رووی سەربازییەوە و بەکارهێنانی وڵاتانی تر وەک گۆڕەپانی جەنگی خۆیان.

پێشبڕکێکان گۆڕانکاری دێننە کایەوە پێشبرکێ و منافەسە، هندستان و پاکستانی کردە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و حیساب بۆ کراو لەلایەن وڵاتانی دونیاوە. واتا پێشبڕکێ لە نێوان مرۆڤەکان و خێڵ و وڵاتەکاندا هەمیشە هەبووە. ئەو پێشبرکێیە دەکرێت باش و بەسوود بێت، هاندان بێت بۆ بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی و دەشکرێت خراپ و تێکدەربێت و ببێتە هۆی دروستکردنی ترازان و ئاژاوە.

لە هەرکام لەو روانەوە تەماشای بکەین واتا پێشبرکێی باش یان خراپ بۆتە هۆی بەهێزکردنی وڵاتەکان. ئەگەر تەماشایەکی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەوا دەبینین کە منافەسەیەکی توند لە نێوان شارەکاندا هەیە. هەر شارەو خۆی بە باشتر و کراوەتر و پێشکەوتووتر دەزانێت لە شارەکەی تر، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە هیچیان هیچ ناکەن بۆ باشتربوون لەوەی تر، بەڵکو تەنها بە دوای بابەتێکدا دەگەڕێن بۆ ناشیرینکردنی یەکتری و بەوەش خۆ بە باشتر زانین، خۆ بە باش زانین لەسەر حسابی ناشیرینکردنی ئەوی تر، یاخود جوانیی خۆی لە ناشیرینی ئەوی تردا ببینێت.

ئەم لۆجیکە روونی دەکاتەوە هیچ داهێنانێکیان نییە کە ببێتە هۆی بردنەوە و پێشکەوتنیان لە شارەکەی تر. ئەوەی هەیانە ناشیرینکردنی یەکترییە، بێئاگا لەوەی بەو شێوەیە کۆمەڵگەی کوردی و هەرێمەکە ناشیرین دەکەن. خۆیانیش لەناو ئەو چوارچێوەیەدا ناشیرین دەردەکەون. پێشبرکێی باشە و خراپە لە نێوانیان دا نییە.

ئەگەر لە زۆنێک رووداوێک رووبدا، ئەوا بەرپرسان و میدیاکارانی زۆنەکەی تر تا دەتوانن نان و پیازی پێوە دەخۆن و کوردی وەتەنی دەیکەن بە فیلمی هندی. ئەگەر لە زۆنێک رۆژنامەنووس بڕفێنرێت، ئەوا لەلایەن بووقی زۆنەکەی ترەوە دەکرێت بەهەڵا و بە مانشێت و چەندەها لایەنگری زۆنی ئەلیف وتاری لەسەر دەنووسن و لێدوانی لەسەر دەدەن و لە هەمانکاتدا سەرانە سەندن و کێشە بۆ سەرمایەداران لە زۆنەکەی خۆیان پەردەپۆش دەکەن.

لە شارێک لافاو هەڵدەستێ و شارەکەی تر پێی شاگەشکە دەبێ، یا بە پێچەوانەوە گەر ماڵێک بەهۆی گازەوە بتەقێتەوە. ئەوەی لەم هەرێمە روو دەدات لە هیچ شوێنێک بەدی ناکرێت و مایەی خەم و سەرسوڕمانە. دوژمنەکانمان سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی لە نێوان کورددا بەکارهێناوە، ئەم سیاسەتە بەعس زۆر پەیڕەویدەکرد، کورد دیارە ئاگای لە خۆی نییە کە پیلانی داگیرکەران پیادە دەکات، هەموومان دەزانین دوو زۆن لەیەک هەرێم نەخشەی داگیرکەرانی کوردستانە.

ئیشکردن بەو نەفەسە هەر دەچێتە خزمەتی بێگانە. جیاوازیکردن لە نێوان دوو پارێزگا هەم دواکەوتووییە هەم خۆ ناشیرینکردنە لەچاو دەوروبەر و دۆست و دوژمن.

بەداخەوە خۆمان بە دەستی خۆمان خەونی دوژمنانمان لە ترازانی نێوانمان دێنینە دی. چۆن وا بکرێت بە هەقیقی پێشبڕکێ دروستبکرێت لەسەر پایەی پێشکەوتن نەک یەکتر شکاندن. حکومڕانی باش گرەنتی ئەوە دەکات سیاسەتی خوار و خێچ پەیڕەو نەکرێت و سیاسەتی شەڕی باشترین و شەڕی نموونە پێشکەش بکرێت. منافەسەش گەر دروستببێت بچێتە خزمەتی پڕۆسەی گەشەکردنی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی لە کوردستان.ململانێ بەرەو باشتر ئەگەر بایەخ بە وەرزش بدرێت و پشتیوانی سەربەخۆی یانە وەرزشییەکان بدرێت پێشبڕکێ بە وەرزش دروست بێ حەماس و ژیاندۆستی زۆرتر دروست دەبێت. یان لە بواری هونەر و موزیک و شانۆ پاڵپشتی هەبێت و فێستیڤاڵ ساڵانە یان ساڵی دوو جار دروست بکرێت کاریگەری پۆزەتیڤ لەسەر پەیوەندی و پێشکەوتن دروست ئەبێت. بەڵام خەڵک مەشغوڵکردن بە شتی لابەلا و شارچێتی ناشارستانی، وەک بەشێک لە خزمەتکردن بە سیاسەتی نەیارەکانی کوردستان حساب دەکرێت. خۆ راستتر بڵێم ئەوە شەڕی بەوەکالەتە بۆ دوژمنانی کەلتور و زمان و ناسنامەی کوردستان.

دوژمنەکانی کورد لە کورد خۆی زیاتر سایکۆلۆژیای گشتی خەڵکەکەی دیراسەت دەکەن و دەزانن چۆنیان بوێت دەتوانن درز دروست بکەن، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندنی خێرا کاریگەریی خێرا لەسەر زاکیرەی گشتیی خەڵک دروستدەکەن.

قسەیەک لێرە و قسەیەک لەوێ، هەرای گەورەی لێ دروستدەبێت و شیکاری سیاسی و ئایینیش خۆیانی پێوە مەشغوڵ دەکەن. ئەم سەرقاڵکردنە بە کاری لابەلا توانای مرۆڤەکان بە شتی نا پێویست سەرف دەکرێت، ئینجا درز و کەلێن لە نێوان شار و مرۆڤەکانی یەک کۆمەڵگە زۆرتر دروستدەبێ.

 

Comments are closed.