جوتیار ڕەشید: دواڕۆژی کورد و گەلان لەسەر هزری ئۆجالان ڕەنگڕێژ دەبێت

جوتیار ڕەشید چاودێری سیاسی دەڵێت: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ کورد ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، ئێمە ئێستا سیستمی بەدیلمان هەیە، کە پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتییە، دەشڵێت: دواڕۆژی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی جیهانیش لەسەر هزری بەڕێزعەبدوڵا ئۆجالان ڕەنگڕێژ دەبێت.

سەدەیەک بەجێدێڵین بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا، لە هەر چوارلای کوردستان شەڕ، داگیرکاریی، هێرش و سەرکوتکارییەکی دژوار بەڕێوەدەچێت دژی کوردان، هاوپێچ تادێت گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان توندتر دەبێتەوە، لەمبارەیەوە جوتیار ڕەشید چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

جوتیار ڕەشید، سەرەتا بە بانگەوازییەک دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: پێویستە هەموو تاکێکی کورد بیربکاتەوە و لە خۆی بپرسێت ئێمە بۆ وامان لێهات؟ پێویستە چیبکەین بۆ دەربازبوون؟ هەرکەسێک لە پێگە و ئاست و توانای خۆی خزمەت بە کوردستان بکات.

هەروەها وتی: لەئێستادا ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی سیستەمی بەڕێوەبردن دایە، سێ پرۆژەی سەرەکی هەن لە ناوچەکەدا، پرۆژەی هیلالی شیعی بە سەرمەشقی ئێران، پرۆژەی سوننی ئیخوانی، کە ئەردۆغان و ئاکەپە بەڕێوەی دەبەن، لەگەڵ پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری کورد، کە نمونەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.

لەبارەی ئەو پرۆژانەوە زیاتر دوا و وتی: گەشەسەندنی پرۆژەی ئاکەپە بە هاوکاری سیستمە جیهانییەکەبووە، ویستیان ئەم زیهنییەتە بکەن بە مۆدێلێک لە ناوچەکەدا، بەڵام لە ئەرزی واقعدا شکستی هێنا، ئەردۆغان کەڵکەڵەی پاوانخوازی و پێشخستنی تەکنەلۆژیای جەنگی کەوتەسەری، تەنها ئەم دوو دروشمەشی بەدەستەوە ماوە، ئێستا ئاکەپە و ئەردۆغان نوێنەرایەتی بیری ڕەگەزپەرستی تورک دەکەن، چونکە ئەم پاوانخوازیی و سیاسەتە جەنگییە بۆ هاوڵاتییانی تورکیا بایەخی نییە، هەروەها پرۆژەی دەسەڵاتداریی شیعەگەراییش شکستیهێنا و جەماوەری شیعەی لەدەستداوە.

لەبارەی ڕۆڵی کوردەوە وتی: تاکە پرۆژە، کە بە سەرکەتوویی ماوەتەوە و گەشە دەسێنێت، خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوایە، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی باشوور لە ئاست تێگەیشتن و گرنگی ئەو پرۆژەیە نین، دەکرێت بیکەینە نمونەیەکی جوان و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان پەرەی پێبدرێت، سیستمی ڕۆژئاوا مایەی دڵخۆشییە بۆ کورد تورکیا نە بە هێز، هێرش، گەمارۆ و پلانگێڕی نێودەوڵەتیش نەیتوانی وەک هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی بکات، ئەم پرۆژە هەڵەکانی ئێمەی لەبەرچاوگرتووە و دووبارەیان ناکاتەوە،

تیشکی خستەسەر پرۆژەکەی ڕێبەر ئۆجالان و وتی: ئێمەی کورد ئێستا سیستمی بەدیلمان هەیە، کە پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتییە، دەتوانین لەهەموو پارچەکانی کوردستان بەگوێرەی دۆخی خۆی بەرجەستەی بکەین، ببێتە نمونەیەکی جوانی بەڕێوەبردنی کوردی.

لەبارەی ڕۆڵی ڕێبەر ئۆجالان و گرنگی تێزەکانی وتیشی: داگیرکەرانی کوردستان لەوەتەی هەن، بە ئاگر و ئاسن، بە گرتن، بە سوتماککردن، کیمیابارانکردن و پلانگێڕی هەوڵی توانەوەی نەتەوەکەمان دەدەن و لەناوناچین، دەبێت دوژمنان لەوە باش تێبگەن ئێمە پایەیەکی بنەڕەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین و بەبێ ئێمە ئارامی بەخۆیوە نابینێت، پرسی کورد بە هێز و شەڕ چارەسەرنابێت، دەستگیرکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانیش بەشێکە لەم سیاسەتە، بەڵام ئەو فکری دیل نەکراوە و هزری ئەو لەناو نەتەوەی کورد و هەموو دواڕۆژی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی جیهانیش لەسەر هزری ئەو ڕەنگڕێژ دەبێت.

لەکۆتاییشدا بانگەوازیی یەکگرتووی کرد وتی: ئێمەی کورد دەبێت پرۆژەیەکی نەتەوەیی گشتگیرمان هەبێت ناوی لێ بنێین، دەستوری نەتەوەیی، ببێتە پێوەر بۆ هەموو بڕیار و هەنگاو و سیاسەتێکمان، نابێت هیچ یاسا و سیاسەتێکی هەرێمایەتیش بەرانبەر بە کورد پێچەوانەی ئەو دەستوورە بێت، بەم جۆرە ئێمە دەتوانین هەموو جوڵەکانمان بخەینە خزمەتی پرۆژە نەتەوەییەکەمان.

ب.گ

 

 

Comments are closed.