“عەفرین وێنەیەکە لە دڕندەیی و داگیرکەریی دەوڵەتی تورک”

ئەڤین سوێد دەڵێت: بڕینی دارستان، کوشتن، ڕفاندن، دەستدرێژی، سڕینەوەی مێژوو، ئەوەمان پێدەڵێت، کە عەفرین وێنەیەکی داگیرکاریی و فاشیزم و دڕندەیی دەوڵەتی تورکەوە و دەیانەوێت هەموو ڕۆژئاوای کوردستان بەم دەردە ببەن، هەروەها بەختیار مستەفا دەڵێت: دەبێت سنوورێک بۆ ستەم و دڕندەیی تورکیا لەسەر عەفرین دابنرێت.

پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی داگیرکردنی عەفرینی کورداندا، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە، بەم بۆنەیەوە هەریەک لە نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان و بەرەی پشتیوانی لە عەفرین، بۆ ڕۆژنیوز دەدەوێن.

ئەڤین سوێد نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەر لە سەرەتای پاوەجێ بوونی پرۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ لەناوبردنی ئەو سیستمە، سەرەتا لە ڕێگای گرووپە چەتە و بەکرێگیراوەکانییەوە هێرشی ئەنجامدا بەڵام شکستیهێنا، بۆیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ لە یەکەم ساتی دەستپێکردنی هێرشی سەر عەفرین دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دڕندانە هاتە ناو شەڕەکەوە.

ئەڤین سوێد
ئەڤین سوێد

هەروەها وتیشی: عەفرین نمونەیەکی جوان و زیندووی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بوو، لە باوەشکردنەوەی بۆ هەموو پێکهاتە و نەتەوە و باوەڕییە جیاوازەکانی سوریا، بۆیە ئامانج لە داگیرکردنی عەفرین هەڵوەشاندنەوەی ئەو نمونەیە و شکاندنی ئیرادەی گەلان و لەباربردنی خەونی کورد بوو، هەربۆیە دوای ٥٨ڕۆژ بەرخۆدانی عەفرین و داگیرکردنی، سەدان هەزار هاوڵاتی کوردی شارەکە ڕاگواستران و چەتە و خێزانەکانیان هاوردەی شوێنەکانیان کرد.

باسی لەوەش کرد: بڕینی داری زەیتوون، کوشتن، ڕفاندن، دەستدرێژی، خاپوورکردنی شوێنە پیرۆزەکان و سڕینەوەی مێژووی شارەکە، ئەم تابلۆ بە ئازارە ئەوەمان پێدەڵێت، عەفرین ئەو شارەیە، کە نمونەی داگیرکاریی و فاشیزم و دڕندەیی دەوڵەتی تورکەوە و دەیانەوێت هەموو ڕۆژئاوای کوردستان بەم دەرەدە بەرن، ئێستاش ڕۆژانە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئامادەکاریی دەکەن بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا، کە ئەمەش پلانێکی مەترسیدار و گەورەیە و گەر بۆی بچێتەسەر باشووری کوردستانیش دەگرێتەوە.

هەر لەم بارەیەوە بەختیار مستەفا ئەندامی بەرەی پشتیوانی لە عەفرین دەڵێت: دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتی ئەردۆغانی ئیخوانی، ناهێڵن کورد لە هیچ کوێیەکی دنیا هەناسەیەکی ئارامی هەڵکێشێت، هەمیشە هەنگاو و پێشکەوتنەکانی کورد بەمەترسی دەبینن بۆسەر خۆیان، بۆیە بە هێرشی دڕندانە و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکرا و بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و عەفرین، کەوتنە قڕکردنی داری زەیتوون و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی مەدەنی، لە هیچ شتێک دەستیان نەپاراست، منداڵ، ژن، خەڵی مەدەنی و بێدەرەتانیان کوشت.

بەختیار مستەفا
بەختیار مستەفا

لەبارەی ئامانجی دەوڵەتی تورکەوە وتی: ئەوان بەردەوام لە خەونی ئەوەدان بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی حکومڕانی عوسمانییەکان، دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەباربەرن و ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکەن، بەڵام چەند ئەوان سووربن لەسەر کوشتنی ئێمە گەلیش ئەوەندە ڕق ئەستوورتر دەبێت بەرامبەریان، هەوڵ و تێکۆشانی خۆی درێژەپێدەدات.

ئاماژەی بەوەشدا: تورکیا خەریکە دیمۆگرافیای عەفرین دەگۆڕێت، دەیانەوێت شتێک لە ڕۆژئاوای کوردستان نەمێنێتەوە بەناوی کوردەوە، بەڵام دەبێت دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەوە تێبگات کە سەردەمی ماف و ئازادییەکانی کوردە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە بێدەنگی جیهانە لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵم ستەمەی، کە لەسەر عەفرین و کورد دەکرێت، ناتۆ چاوی لە تورکیا داخستووە، ئەمەش پێچەوانەی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و دیموکراسییە.

لەکۆتاییشدا وتی: ئێمە داواکارین کە سنوورێک بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دابنرێت، کە لە کورد و خەڵکی عەفرین دەکرێت، داواکارین کاربکەن بۆ بنبڕکردنی گرووپە تیرۆریستی و چەتەکانی ناو شاری عەفرین.

ب.گ

Comments are closed.