عەفرینی کوردان لەناو ئاشی نیوعوسمانییە فاشیستەکاندا

پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی داگیرکردنی عەفرینی کورداندا، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە، لەو ماوەیەدا، زیاتر لە ٣٥٠ هەزار هاوڵاتی شارەکە دەرپەڕێنراون، ٦٦٣کەس لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە هەشت هەزار  و ٦٤٤کەسیش ڕفێنراون، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکەش زیاتر لە ٥٠٠هەزار تورکمان و عەرەبی فەڵەستینی هاوردە کراون و نیشتەجێیان کردوون.

لە ٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ هێرشی سوپای داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی، بۆسەر کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، لە پاش داگیرکردنی شارەکە لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨، بەسیستماتیک دەستیان بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا، چەپاو و خوێناویکردن، تورکاندن و  تاڵانکردنی ئەوشارە کرد، ڕۆژنیوز لەم ڕاپۆرتەدا ئاماری پێنج ساڵی عەفرینی داگیرکراو دەخاتەڕوو.

بەگوێرەی سەرچاوە هەرێمییەکان، لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠ بنکە و سەربازگەی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە کانتۆنی عەفرینی داگیرکراودا هەن، کە تێیدا تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی شەڕ و چەکی قورسیان جێگیرکردووە و لەوێوە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی شەهبا و شەرا و شێراوا.

لە ماوەی پێنج ساڵدا دوای داگیرکردنی عەفرین، ٦٦٣کەس کە ٩٦ کەسیان ژنە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە هەشت هەزار  و ٦٤٤کەس ڕفێنراون.

هەروەها نزیکەی ٧٨ گردی شوێنەواری مێژوویی لە عەفرین هەیە، کە زۆربەیان لەلایەن داگیرکەرانەوە هەڵکەندراون و تاڵان کراون، بەگوێرەی ئامارەکانی بەشی شوێنەوار لە ڕۆژئاوای کوردستان، ٥٩ شوێنەواری مێژوویی لە عەفرین، پاش دزینی ئاسارەکەی خاپوورکراوە.

لەو پێنج ساڵەدا ٢٨نزرگە و مەزاری ئاینی پێكهاتە و ئاینە جیاوازەکانی هەرێمەکە، خاپوورکراون و گۆڕستانێک کراوە بە مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ.

هەروەها پاکتاوی ناسنامە و شوناسی کوردی شارەکەیان کردووە و ناوی شەقام، گوند، نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان دەگۆڕن  بۆ عەرەبی و تورکیی، بۆ نمونە ناوی مەیدانی ئازادی لە ناوەندی شارەکە، گۆڕاوە بۆ ‘ئەتاتورک’، ناوی شەقامی بازنەیی ‘نەورۆز’یش کراوە بە ‘سەڵاحەدین’، هەروەها ناوی شەقامی بازنەیی ‘کاوەی ئاسنگەر’ کراوە بە ‘چڵە زەیتوون’ کە لەژێر ئەم ناوەدا عەفرین تاڵان و چەپاو و خوێناویی کرا.

ئاڵای تورکیا لەسەر هەموو ناوەندەکان هەڵکراوە، خوێندنگاکان کراوە بە زیندان و شوێنی سەربازی، ئەمە جگە لەوەی خوێندن کراوە بە زمانی تورکی، هاوڵاتییان ناچار دەکەن، کە ناسنامەی تورکی دەربهێنن و وەک تورک خۆیان لە قەڵەم بدەن و بە لیرەی تورکی مامەڵە بکەن، بەم شێوە دەیانەوێت ناسنامەی نیوعوسمانیزم بە باڵای ئەو شارە کوردییەدا داتاشن

هەموو تابلۆ و هێماکانی هاتووچۆی شارەکە کراوە بە تورکی و فێربوونی زمانی تورکی کراوە بە زۆرە ملێ، زانکۆ و پەیمانگاکانیش گرێدراوە بە زانکۆکانی تورکیاوە لە هەرێمی دیلۆک.

وێڕای ئەمانەش، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، ئیکۆسایدی ژینگە و سروشتی عەفرین دەکەن و ٣٦٧ هەزار داریان بڕیوەتەوە، هەروەها زیاتر لە ١٣هەزار و ٥٠٠دار و زیاتر لە ١٢هەزار هێکتار ڕەز و باخ و دارستانیان سووتاندووە.

یەک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی جینۆساید لە عەفرینی داگیرکراودا گۆڕینی دیمۆگرافیایە، پاش دەرپەڕاندنی زیاتر لە ٣٥٠ هەزار هاوڵاتی شارەکە، لەو پێنج ساڵەدا، بە پشتیوانی و ئابووری گرووپە ئیخوانییەکان، بە داگیرکاریی ٢٢ گەڕەکی زیادەڕۆیان دروستکردووە، لە ناو ئەو گەڕەکانە و ماڵی ئاوارەکان، زیاتر لە ٥٠٠هەزار کەسی تورکمان و عەرەبی فەلەستینیان هاوردە کردووە و نیشتەجێیان کردوون.

بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەموو ئەم کردەوە و سیاسەتانە بە تاوانی جینۆساید هەژماردەکرێن و یەک ئامانجیان لە پشتەوەیە، ئەویش تورکاندن و گۆڕینی ناسنامەی کوردی شارەکەیە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دایبڕن و بیخەنە سەر تورکیا.

ب.گ

Comments are closed.