دروستبوونی هێزی بەکرێگیراو و نایاسایی لە هەرێم بۆ چی و بۆ کێ کاردەکەن؟

مانگانە بودجەیەکی گەورەیان بۆ خەرج دەکرێت لە داهاتی هەرێم لەلایەن پەدەکەوە، کەچی بوونێکی بەکرێگیراویان هەیە و نامۆن بە سیستمی بەرگری عێراقی و پێکهاتەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە مێژووی دروستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ جگە لە خزمەتکردن بە ئەجێندای دەوڵەتی تورک هیچ ڕۆڵێکی دیکەیان نەبووە، هێزە بەکرێگیراوەکانی پەدەکە کێن؟

 بەدەر لە هێزەکانی ٨٠ی پەدەکە، لە ژێر ناوی هێزی پێشمەرگە و هێزی زێرەڤانی، پەدەکە لە دە ساڵی ڕابردوودا وێڕای بەهەدەردانی داهاتی سەرخان و ژێرخانی هەرێمی کوردستانی، گوژمەیەکی زەبەلاحی بۆ ئەجێندای شەڕی بەکرێگیراوێتی تەرخان کردووە، لەم چوارچێوەیەشدا چەندین هێزی بەکرێگیراو و نایاسایی دامەزراندووە.

ئەوەی تائیستا ئاشکرا بووە هەریەک لە هێزەکانی( ڕۆژ، گوڵان، بارزان، پاک، ئەرەز) نمونەی ئەو هێزانەن، کە لە ڕواڵەتدا خۆیان وەک پێشمەرگە و پارێزەری خاکی کوردستان دەناسێنن، بەڵام لەئەرزی واقعدا پارێزەری ئەجێندای تایبەتی کەسی و بنەماڵەیی و هەرێمایەتین.

ئەگەر پێکهاتەی هێزەکانی (ڕۆژ و پاک) وەربگرین، زۆرینەی چەکدارەکانی هاوڵاتی دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستانن، بوونێکی چەکداری بەکرێگیراویان هەیە، دوو هێزی جیاوازی نامۆن بە سیستمی بەرگری عێراقی و پێکهاتەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

ئەم دوو هێزە ناکۆکە لەگەڵ کۆی بنەما یاسایی و دەستورییەکانی پێکهاتەی سستمی سیاسی و سیستمی بەرگریی عێراق، چونکە پێکهێنەرانی ئەم هێزە بە  گوێرەی یاسا دروستکردنی هێزێکی وا تاوانە و هەر حزبێک لە پشت ئەم تاوانەوە بێت دەبێت بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵبگرێت.

پەدەکە بۆ ڕەوایەتیدان بەم هێزانە ناسنامە و ڕەگەزنامەی عێراقی بۆ ئەندامەکانی دەردەکات، لە ڕێگەی ئەو فەرمانگانەی تایبەتن بە پێدانی ناسنامە و ڕەگەزنامەی عێراقی لە شارەکانی دهۆک و هەولێر، لەلایەن دەسەڵاتدارانی پەدەکەوە ناسنامەی عێراقی بۆ نزیکەی نیو ملیۆن هاوڵاتی دەرەوەی هەرێم دەرکراوە.

یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کاری بەڕێکخستنکردنی چەتەکان دەکات، کۆمپانیای ساداتە (ڕاوێژکاری پاراستنی نێودەوڵەتیی)، کە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن ژەنەراڵێکی تورکەوە بەناوی ‘عەدنان تانریڤەردیەوە دامەزرا و سەربە ڕاوێژکاریی سەرۆک کۆماریی دەوڵەتی تورکە.

 ئەم کۆمپانیایە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ میت (دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک) هەیە، گولنور ئایبات ڕاوێژکاری ئەردۆغان، پەیوەندییەکانی نێوان ‘سادات’ و ‘میت’ ڕێکدەخات، هەروەها ئایبات وەک کەسێکی نزیکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەناسرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ‘لێکۆڵینی تورکی، کۆمپانیای سادات ساڵی ٢٠١٧ یەکەم بارەگای خۆی لە پارێزگای دهۆک دامەزراندووە و ناڕاستەوخۆ کارەکانی لە ڕێگای کۆمپانیاکانی (تیکا، هاکسیاد، ئۆرسام) بەڕێوەدەبات، ئەم کۆمپانیانە هاوکات کاری ئامادەکردنی سیخوڕ بۆ میتی تورکیش ئەنجامدەدەن.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاشکرابووە، هێزی (گوڵان و ڕۆژ)ی سەربە پەدەکە، ساڵی ٢٠١٨ لە ناوچەی ‘خەنز’ی دهۆک و لەلایەن گروپێکی پسپۆری سەربازیی ‘سادات’ـەوە پەروەردەکراون، بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە ئەمریکا پشتگیریی لە کارەکانی سادات بۆ ئەو خولانە دەکات.

 سادات لەسەروەختی پەروەردەکردنی هێزی گوڵان، چەند گروپێکی لەناو ئەو هێزەدا بردە سوریا و لەژێر ناوی سوپای ئازادی سوریا، لەدژی ڕژێمی ئەسەد بەڕێکخستنی کردن و وەک کەتیبەکانی “سەلاحەدین و فاروق”.

سەرەتای خۆڕێکخستنی هێزی ڕۆژ، لە ڕیزەکانی ئەلقاعیدە و ئیخوان موسلیمیندا بوو، کە بە خۆیان دەوت ئۆپۆزسیۆنی سوریا، دوای ئەوەی لە ڕۆژئاوا نەیانتوانی جێگیر ببن، هەڵهاتن بۆ باشوری کوردستان.

 ئەندامەکانیان لە کامپەکانی بنەسڵاوە، خنس و بەعشیقە لە لایەن سوپای تورک و دەزگای میتەوە، پەروەردە کران، لە ۱۲ی نیسانی ساڵی ۲۰۱۲بە بڕیاری مەسعود بارزانی لەسەر میلاکی هێزەکانی زێرەڤانی، وەکو هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ ناسێنران.

 خەرجیی مانگێکی هەریەک لەم هێزانە، نزیکەی ١٥ملیار دینارە و پەدەکە لە داهاتی حکومەتی هەرێم دابینی دەکات.

لەکاتێکدا ئەم هێزانە لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان، خەرجییەکی گەورەیان هەیە و لەسەر میرەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، چەک و جبەخانەیان بۆ دابینکراوە، بەڵام لە پاراستنی هەرێمی کوردستان ناویان ونە، تەنها لەو هەرێمانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشیان دەکاتە، سەر وەک هێزی پشتیوانی دەردەکەون و هەمیشە ڕووی چەکیان لە شەڕڤانانی کورد و گەریلاکانی ئازادیی بووە، دوێنێ لە  ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال، ئەمڕۆش لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.

 ئێستا یەکێک لە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا ئەو هێزە بەکرێگیراوانەن کە عێراق نیگەرانە لەوەى لە بودجەى عێراق پارە بۆ ئەو هێزە دەرەکی و بەکرێگیراوانە تەرخان دەکرێت.

پەرلەمانتارێکی عێراق بە ئاشکرا ئەوەى ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هێزی چەکداری سوری و ئێران لە داهاتی عێراق پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت و بە ڕوونیش ناوی هێزە چەتەکانى “رۆژ” و “پاکی” بەکارهێنا.

ئـ. م

 

 

Comments are closed.